“سەلامەتی گیانی سزادراوانی بادینان لەپێش هەمو موزایەدەو خۆدەرخستنێكەوەیە”

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەرپرسە لە پاراستنی ژیان و دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانی سزادراوان بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی سەردانی چاكسازیەكان ئەكات و لەژیان و گوزەرانیان ئەكۆڵێتەوە، سەبارەت بە دۆخی سزدراوانی بادینانیش رونكردنەوە دەدات.

لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە : ئێمە جەخت دەكەینەوە، هەموو سزادراوان بە برا و كەسی خۆمان دەزانین و بۆ سەلامەتی گیانیان یەك ساڵ و شەش مانگە سەردانی كردن و مۆڵەتمان بەهۆی كۆرۆناوە راگرتوە، لەم دۆخە دژوار و هەستیارەی كۆرۆنادا سەلامەتی گیانی سزادراوانی بادینان لەپێش هەمو موزایەدەو خۆدەرخستنێكەوەیە.

رونكردنەوەیەك لە وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی یەوە :

بەداخەوە كەیسی سزادراوانی بادینانیش بو بە كەرەسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و بە نارەوا بە ناوی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كۆمەڵێك درۆو بوختانی هەڵبەستراو دور لە هەر بەهایەك و نەریتی رۆژنامەوانی بڵاوكراوەتەوە، ئێمە بەپێویستی دەزانین لێرەوە راستیەكان بخەینەڕو، كە بەم شێوەیەیە:

وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بەرپرسە لە هەموو سزادراوان لە پاراستنی ژیان و دابین كردنی هەموو پێداویستیەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی سەردانی چاكسازیەكان ئەكات و لەژیان و گوزەرانیان ئەكۆڵێتەوە. لەگەڵ گەیشتنی ئەو چوار سزادراوەی بادینان راستەوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسانی چاكسازی گەورانی هەولێرەوە كردوە و لە تەندروستیانی پرسیوە، لەگەڵ گەیشتینیان پشكنینی كۆڕۆنا و پشكنینی گشتیان بۆ كراوە و راستەخۆ چاودێریان دەكات.

وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رۆژی سێشەممەی رابردوش سەردانی چاكسازی گەورانی هەولێری كردوە و لە تەندروستیانی پرسیوە و بەشێك لە هۆڵەكانی بەسەر كردۆتەوە كە شڤان لە یەكێك لەو هۆڵانە بوە، تەنیا ئەیاز كەرەم مانی لە خواردن گرتووە لەگەڵ دوو سزادراوی ئێرانی، رۆژانە كارمەندی تەندروستی و توێژەرەكان سەردانی ئەیاز و دو سزادراوە ئێرانیەكە ئەكەن، تەنانەت رۆژی هەینی سەردانیان كردون و تەندروستیان باشە، هاوكات بۆ ئەم هەفتەیە سەردانكردنیان بۆ رێكدەخەین لەگەڵ كەسوكاریان كە بۆ سزادراوەكان بینینی كەسوكاریان ئارامیان پێدەبەخشێت.

بێگومان چاكسازییەكانی سەر بە وەزارەتی كار، یاساو رێسای تایبەتی خۆی هەیە كە بۆ هەمو سزادراوەكانە، هەربۆیە بەپێی پەیڕەو و ڕێنماییەكانی چاكسازیەكان، هیچ راگەیاندكار و ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی و لۆكاڵی و هیچ بەرپرسێك ڕێگا پێدراو نیە بەتەنیا سزادراو ببینێت، تەنیا لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان و وەزیر و دەستەی مافی مرۆڤ ئەتوانن هۆڵەكان بە گشتی بەسەر بكەنەوە.

ئێمە جەخت دەكەینەوە، هەموو سزادراوان بە برا و كەسی خۆمان دەزانین و بۆ سەلامەتی گیانیان یەك ساڵ و شەش مانگە سەردانی كردن و مۆڵەتمان بەهۆی كۆرۆناوە راگرتوە، لەم دۆخە دژوار و هەستیارەی كۆرۆنادا سەلامەتی گیانی سزادراوانی بادینان لەپێش هەمو موزایەدەو خۆدەرخستنێكەوەیە، هەر بۆیە ئێمە ئەو كارانەمان نەكردۆتە بابەتی راگەیاندن، ئەو جۆرە موزایەدەو كارانە لە خزمەت و دڵسۆزی و جێبەجێكردنی ئەركەكانمان ساردمان ناكاتەوە.

ئاریان ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا