پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو دەست دەکرێت بە یەکەم کاروانی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق.
بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دەست دەکەن بە یەکەم کاروانی کشانەوە لە عێراق و بڕیارە پڕۆسەی کشانەوەکە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.
وتیشی: لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا کراوە، هیچ سەربازێکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بوونیان نامێنێت.
ئاشکراشی کرد، هێزەکانی ئەمریکا سەربازانیان و چەک و کەرەستە سەربازییەکانیان و فڕۆکە جەنگییەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە، بەڵام ستراتیژێکی وا لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە، کە لەکاتی پێویستی ئەمنیدا عێراق دەتوانێت داوای یارمەتی لەو وڵاتە بکات.
مانگی تەمموزی رابردوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی تا 31ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەموو هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە و لایخۆیەوە بایدن وتی: رۆڵی ئەمریکا لە عێراق تەنیا راهێنانپێکردن دەبێت.