هەنگاوە مەترسیدارەکەی تورکیا دژی ئۆجەلان

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە هەنگاوێکدا کە دوور نییە لە هەڵوێستی هەمیشەیی حکومەتی تورکیا دژی کوردەکان، دەستکرا بە دادگاییکردنی ژمارەیەک لە پارێزەرانی عەبدوڵـڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان کە چەندین ساڵی لە تورکیا زیندانیکراوە.

لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی DHA بڵاویکردەوە، هەشت پارێزەر تۆمەتبارن بەوەی هاوسۆزییان بۆ رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە.

بەپێی ئەو تۆمەتانەی دراوەتەپاڵ ئەو پارێزەرانە، گوایە پێگەی خۆیان وەک پارێزەر بەکارهێناوە و رێنمایی و پەیامی ئۆجەلانیان گواستووەتەوە بۆ ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

داواش دەکرێت ئەو چەند پارێزەرە بۆماوەی 15 ساڵ زیندان بکرێن، بەڵام ئەوان تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن: ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستییەوە.

ساڵی 1999 ئۆجەلان لە بەندیخانەی دورگەی ئیمرالی لە تورکیا زیندانیکرا و تۆمەتی ناپاکی و شەڕ و پێکهێنانی رێکخراوی تیرۆرستی درایەپاڵی.

داوا دەکرێت ئەو چەند پارێزەرە بۆماوەی 15 ساڵ زیندان بکرێن

لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئۆجەلان زۆربەی کاتەکانی لە زیندانی تاکەکەسی بەسەربردووە.

ساڵی رابردوو پارێزەرانی ئۆجەلان سکاڵایان گەیاندە دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆکاری ئەوەی رێگریان لێکراوە پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە بکەن.

لە ساڵی 1984ەوە پارتی کرێکارانی کوردستان لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و دەسەڵاتی خۆسەری لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا دەجەنگێن.

پێشتریش چەندین هەواڵ لەبارەی تێكچوونی باری تەندروستیی یاخود کوژرانی ئۆجەلان بڵاوکرانەوە، بەڵام نوسینگەی داواکاری گشتی لە بۆرسە جەختی لەوەکردەوە، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵـڵا ئۆجەلان دەڵێت: خێزان و پارێزەرانی پێویستیان بەوەیە ئۆجەلان ببینن، ئەو بینینەش دەبێت رووبەڕوو بێت نەک لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنی.

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هیچ هەواڵێک لەبارەی ئۆجەلانەوە نییە، ئەمەش دڵەڕاوکێی دروستکردووە لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە لەلای هاوسۆزانی پەکەکە و خێزان و کەسە نزیکەکانی.

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هیچ هەواڵێک لەبارەی ئۆجەلانەوە نییە

مانگی ئاداری 2020 دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگەیاندا بە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیندانی ئیمرالییەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەدی برای بکات، بەڵام لەناکاو هێڵەکە پچڕا و ئەمەش گومانی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا.

لەوکاتەدا پارێزەرانی وتیان، لەساڵی 2019ەوە ئەمە یەکەمجارە ئۆجەلان لەگەڵ کەسێک قسە بکات لە دەرەوەی ئەو زیندانەی کە لە ساڵی 1999وە تیایدا دەژی.

لایخۆیەوە پارێزەر ریزان ساریکا وتی: دوو جار داوامان لە لیژنەی ئەنجومەنی ئەوروپا کردووە رێگری بکات لە ئەشکەنجەدانی ئۆجەلان.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی نێوان ئۆجەلان و براکەی، ئۆجەلان وتبووی: ئەمە کارێکی یاسایی و راست نییە، دەمەوێت پارێزەرەکانم بێن بۆلام و چاوم پێیان بکەوێت.

ئۆجەلان وتوشیەتی: گەر چاوپێکەوتنێک بوونی هەبێت، دەبێت لەگەڵ پارێزەرەکانم بێت، چونکە ئەم دۆخە سیاسی و یاساییە.

محەمەد ئۆجەلان رایگەیاند، رێگریکردن لە خێزان و پارێزەرانی ئۆجەلان تەنانەت بەپێی یاسای تورکیاش پەسەندکراو نییە.

هەتا ئێستاش رێگەنادرێت هیچ کام لە ئەندامانی خێزان و پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چاویان بە سەرۆکەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بکەوێت و هەر کەس داوای بینینی بکات داواکەی رەتدەکرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا