بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی كرد لە دەیڤد هەنت، كونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و جەیمی هامیڵ ـ ی جێگری و لەبارەی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە ستافی نوێی كونسوڵخانەی بەریتانیا، داوای كرد كاربكەن لە پێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی حوكمڕانی لە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت.

هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو، جەختیشیان كردەوە دەبێت بەشێوازێكی تەندروست و پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

شاندە بەریتانییەكە ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕی بۆ ڕەوانەكردنی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی بەند و باوە یاسایی و دیموكراسییەكان.

قوباد تاڵەبانی، داوایكرد بەریتانیا گەرمتر لەجاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە، شاندەكەش پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوە بە درێژەدان بە هاوكارییەكان و پەیوەندییەكان و باشتركردنیان لە قۆناغی داهاتوودا بەتایبەت پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم ساڵ.

جێگری سەرۆك وەزیران داوای لە كونسوڵخانەی بەریتانیا كرد لەسەردان و چالاكییەكانیاندا سەرجەم دەڤەر و ناوچە جیاجیاكان كوردستان بەسەر بكەنەوە و چالاكییەكانیان تەنها لە سەنتەری شارە گەورەكاندا چڕ نەكەنەوە، شاندەكەش بە گرنگییەوە پێشنیارەكەیان وەرگرت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا