ئەرێ سەرۆكی حكومەت راوێژكاری وەرزشی هەیە؟

لەو رۆژەوەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان پەیوەندی بە دیار رەحمانی یاریزانی یانەی هەولێر كرد مانگی ئایاری رابردوو لە تەندروستی پرسی و لە رێگەی پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاوە بە سەری كردەوە، لەو كاتەوە دەزانم كەسێك نییە بارودۆخی وەرزشی كوردستان و كێشە و ئارێشەكانی، بە سەرۆكی حكومەت بگەیەنێت، چونكە وەك بڵاو كرایەوە، سەرۆكی حكومەت پەیامی بۆ دیۆ ناردووە و پێی راگەیاندووە “نەیزانیوە باری تەندروستی بەو جۆرەیە”.

لە رۆژانی رابردووشدا وێنەی نەجات عەبدول واحیدی یاریزانی دێرینی شاری هەولێر و وەك دەڵێن باشترین یاریزانی مێژووی كوردستان و هەولێر سۆشیال میدیای تەنییەوە، كە لە نێو بازاڕی هەولێر، خەریكی ئاو فرۆشتنە، نەجاتێك 20 ساڵ ئەستێرەی درەوشاوەی تۆپی پێی هەولێر و كوردستان بوو.

هەر لەو رۆژانەدا كێشەیەكی دیكە هاتووەتە پێشەوە، كە بابەتی دیاریكردنی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان و كەرتبوونی یەكێتیی تۆپی پێ بەسەر دووبەرە و بەسیاسی و حیزبیكردنی بابەتەكەیە، كە خەریكە وەرزشی كوردستان بەرەو ئاراستەیەكی زۆر خراپ دەبات، پێشم وایە لەوەشیاندا سەرۆكی حكومەت زانیاری ئەو تۆی پێنەدراوە، ئەگەر ئاگاداریشی بێت، چونكە كێشەكانی دیكەی ئەم هەرێمە، لە دیدی حكومەت و خەڵكیشەوە، لە وەرزش گەورەترن.

هەر بۆیە پێموایە سەرۆكی حكومەت زانیاری پێویستی لە بارەی كێشەكانی وەرزشەوە پێنەگەیشتووە، چونكە ئێستا بارودۆخی كوردستان بە هۆی قەیرانی دارایی، هێرشی پەتای كۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و كۆمەڵێك هۆكاری دیكەی سیاسییەوە، بە جۆرێكە، كە باس كردن لە بواری وەرزش و كێشە و گرفتەكانی، رەنگە لای هەندێك ببێتە مایەی گاڵتە پێ كردن، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت، بواری وەرزشیش گرنگی خۆی هەیە و چین و تویژی وەرزشوانان فراوانن و پانتاییەكی گەورە لە كوردستان پێك دەهێنن.

ساڵانی پێشوو سەرۆكی پێشووی حكومەت بەرێزنێچیرڤان بارزانی كەسێك لە تیمەكەیدا هەبوو، كە وەك راوێژكارێكی وەرزشی پرس و ڕای پێدەكرا، ئەگەر ئەو كەسە بە فەرمییش راوێژكاری وەرزشی نەبوو بێت، بەڵام شارەزا بوو، راوێژی كاروباری وەرزشی پێ دەكرا و یارمەتیدەر بوو بۆ هاوكاری و چارە كردنی كێشەكان.

پێموایە ئێستاش كاتی ئەوەیە سەرۆكی حكومەت بەڕێز مەسروور بارزانی بە فەرمی راوێژكارێكی “گونجاو، شارەزا و شیاو“ی وەرزشی لە تیمەكەی دابمەزرێنێت، زۆر گرنگیشە ئەو كەسە لە بەرپرسانی ئێستای نێوەندی وەرزشیی كوردستان نەبێت، ئەوانەی كە تاقیكراونەتەوە و ئەزموونێكی شكست خواردوویان تێپەڕاندووە، ئەمەش بۆ ئەوەی حكومەت بە شێوەیەكی كارا لە چارەسەر كردنی كێشەكانی نێو وەرزشی كوردستان بەشدار بێت و قسەی خۆی هەبێت، چونكە بە ڕاستی شەرمەزارییە لە ماوەی یەك هەفتەدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دوو بڕیاری جیاواز لە بارەی پرسێكی وەرزشی دەربكات و بە شێوەیەكی ئاسان لە لایەن كادیرە حیزبییەكانەوە یاری بە بڕیارەكان بكرێت.
ئەگەر رۆڵی حكومەتەكان لە سەر ئاستی دنیا لە بارەی وەرزشەوە سەرنج بدەین، دەبینین ئەگەر بە شێوەیەكی راستەوخۆش ناتوانن دەست لە كاروباری وەرزش وەر بدەن بەهۆی سەربەخۆیی تەواوی كەرتی وەرزشەوە، بە تایبەتی لە ئەوروپا، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان بەشداری بڕیارەكانیش دەبن، ئەوەتا دەبینین بۆ ئاسایی كردنەوەی ژیان و كار و بازرگانی، وەرزشیش خەریكە لە دوای هێرشی پەتای كۆرۆناوە ئاسایی دەبێتەوە، چەندین یاری و خول لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەچوون، تەنانەت لە هەندێك وڵات، وەرزی نوێی خولەكانیش دەستیان پێكردووەتەوە، لە هەندێك شوێنیش بەشێكی جەماوەر گەڕاونەتەوە یاریگەكان.

بۆ ئەم كارەش حكومەتی ئەو وڵاتانە رۆڵی بەرچاویان هەبووە بۆ هاوكاریكردنی یەكێتی تۆپی پێ و یەكێتییە وەرزشییەكانی دیكە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و خودی سەرۆكی حكومەت بە پشت بەستن بە راوێژكار و كەسانی شارەزای وەرزشییەوە، بێنە پێشەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە لە بارەی پرس و كێشە وەرزشییەكانەوە بدەن و رێگە نەدەن وەرزشی كوردستان بەرەو ئاقاری دوو ئیدارەیی و رق و كینە و دووبەرەكی بڕوات.

 

باشكاتب/ ئەرسەلان عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا