پەرلەمانتارێك داگیركارییەكی زۆری زەوی و زاری دهۆك ئاشكرا دەكات

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی ئەو بەدواداچونانەی كە ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامیداون، ئاشكرای دەكات لەلایەن كەسانی دەستڕۆشتوو بە پاڵپشتی بەرپرسانی حزبی داگیركارییەكی زۆری زەوی و زار لە سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدراوە.

شنۆ شەهید ئەشقی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، یاداشتێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووەو تێیدا بە چەند خاڵێك بابەتی داگیركاری زەوی و زاری سنوری ئەو پارێزگایەی خستوەتەڕوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە یاداشتەكەدا ئاشكرایكردووە لە ناحیەی شیلادزێ سنورێكی بەرفراوانی زەوی تەرخانكراوە بۆ بینای حكومی كە بەشێكیان موڵكی هاوڵاتی ئەو دەڤەرەبوون، بەڵام دواجار بینای پرۆژەی كەرتی تایبەت و بازرگانی كراوەتەوە وە بۆ هەر (1000م) هەزار مەترێك تەنها (200م) دوو سەد مەتر دەگەرێتەوە بۆ خاوەنی زەوی یەكە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر رازی نەبن زەوی یەكانیان رادەست بكەن ئەوا لەلایەن چەند كەسێكی دەسترۆیشتووی ئەو دەڤەرەوە بەكارهێنایان قەدەغە دەكرێت.

دەشڵێت، “ژمارەیەك بەرپرسی حیزبی بە هاوكاری چەند كەسێكی دەسترۆیشتوو گەورەترین گۆرەپان لە ناحیەی شیلادزێ داگیر دەكەن كە ناسراوە بە گۆرەپانی سالم (ساحەی مەزن)، دەكەوێتە سەر شەقامی گشتی بە نزیكەیی (50) پارچە زەویە داهاتەكەی بۆ بەرپرسی حیزبیە لە كاتێكدا لە سەردەمی بەعس دروستكراوە و موڵكی گشتیە”.

ئاشكراشی دەكات، شەقامێكی دووساید لە نێوان ناحیەی شیلادزێ و كۆمەڵگەی سیریێ هەیە بەدرێژایی دوو كیلۆمەتر بە هەزاران پارچە زەوی موڵكی هاوڵاتی ئەو دەڤەرەیە لەلایەن چەند كەسێكی دەسترۆیشتوو دەستی بەسەر داگیراوە، لە هەر لایەكی شەقامەكە بە قوڵایی (100م) داگیركراوە، هەندێكیان بە بیانووی دروستكردنی بینای حكومی، لە هەرلایەكی شەقامەكە بە پانی (200م) وە بە درێژی (2000م) (200×2000) دەكاتە (400000م) چوار گۆشە كە لەو بڕە تەنها (10000م) بینای حكومی لێ دروستكراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشێكیان كراون بە پرۆژە و بەشێكیشیان بە نایاسایی كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە.

هەر لە یاداشتەكەیدا شنۆ شەهید ئەشقی باسی لەوەكردووە، بەر لەوەی شیلادزێ ببێتە ناحیە دوو شارەوانی هەبوون بە ناوەكانی شارەوانی (شیلادزێ و شارەوانی كۆمەڵگەی سیریێ) دوای ئەوەی شیلادزێ بو بە ناحییە، هەردوو شارەوانی كران بە یەك، ئێستا بینای شارەوانی كۆمەڵگەی سیریێ كراوە بە بارەگای حیزبی و بینای شارەوانی شیلادزێ دراوە بە كەسێك (دەوترێ بەرپرسێكی حیزبیە) بە نایاسایی.

وتیشی، “لە قەزای بەردەڕەش زەوییەك رووبەرەكەی (1167)مەتر دوجایە، كراوە بە پێنج پارچە زەوی نیشتەجێبون لە سەر زەوی خزمەتگوزاری شارەوانی و لەسەر شەقامی گشتی (تیجارییە) بە بەهای ( 230 هەزار دۆلار) فرۆشراوە، زەوییەكی دیكەی روكنی تیجاری بە بەهای (570 هەزار دۆلار) فرۆشراوە و ئێستا كراوە بە بەنزین خانە و بە ناوی (هیوا ئۆیل)”.

ئەوەشی ئاشكراكردووە، هەر لە بەردەڕەش بە نیازن بنكەی پۆلیسی كۆن بفرۆشن كە رووبەرەكەی (2500) مەتر دووجایە لە ناو سەنتەری قەزای بەردەرەش داوای (1300هەزار) دۆلار دەكرێت و زەوییەكی دیكەی روكن هەیە كە (1160) مەتر دووجا لە ناو سەنتەری قەزای بەردەرەشە دراوە بە كەسێك كە زەوییەكە نەخشەی بازاڕی هەیە داوای (10هەزار) دۆلاری لێدەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەكات، زەوییەك كە رووبەرەكەی (300) مەتر دووجایە تیجارییە نزیك شەقامی جوت سایدی قایمقامیەتی بەردەرەشە داوای (150)هەزار دۆلاری لێدەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا