د. عەبدول لەتیف ئەحمەد: ئەو بانگخوازانەی لە دەرەوەی هانی خەڵك ئەدەن بۆ خۆپیشاندان بۆ خۆیان نایەنەوە ئەنجامی بدەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

د. عەبدول لەتیف ئەحمەد مامۆستا و كەسایەتی ئایینی و یەكێك لە رابەردیارەكانی رەوتی سەلەفییەت لە هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێسدا وەڵامی چەند پرسێكی گرنگی داوەتەوە و سەرەنج و تێڕوانینەكانی خۆی خستووەتەڕوو.

_ پۆڵەتیك پرێس : یەكێك لە پرسە گەرمەكان ئەو كەمپینەیە كە منداڵ بەناوی دایكیەوە ناو بنرێت بانگ بكرێت، شەرع چی دەڵێت لەسەر ئەم بابەتە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : ئەم بابەتە لە روانگەی شەرعەوە بە تێر و تەسەلی باسكراوە، خوای گەورە دەفەرموێت منداڵ بانگ بكەن بەناوی باوكی خۆیەوە ئەوە دادپەروەرییە لای خوای پەروەردگار، وە ئەوەش بەرژەوەندی و سەربەرزی منداڵەكەی تیایە، ئەی ئەگەر باوكیانتان نەناسی؟ ئەوە دەڵێی براكەم یان كوڕە مام ئامۆزا بەو جۆرە، بەپێی ئایەتی قورئانی پیرۆز منداڵ دەبێت بەناوی باوكییەوە بانگ بكرێت، لە چ كاتێكدا دروستە منداڵ بەناوی دایكیەوە بێت؟ لە حاڵەتێكدا بۆنمونە ئافرەتێك بەرێگای شەرعی شووی نەكردووە، كەچی سكی بووە و منداڵی لێكەوتووەتەوە، ئەو منداڵە باوكی دیارنییە، بە ناوی دایكییەوە بانگ دەكرێت، بەڵام ئافرەتێك شووی كردبێت و زینابكات و منداڵێكی ببێت لە پیاوێكی تر نەك مێردەكەی خۆی، منداڵ هەر بۆئەو پیاوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ژنە ژنی ئەوە، تا لەتوانادا هەبێت دەبێت منداڵ بەناوی باوكییەوە بانگ بكرێت، ئەو كەسانەی دێن كەمپین بۆئەوە دەكەن منداڵ بەناوی دایكیەوە بانگ بكرێت بەشتێكی هەڵەی دەزانم.

_ پۆڵەتیك پرێس : هەڵەیە یان ناشەرعییە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : زۆر ناشەرعییە وە گەورەترین سوكایەتییە بەو منداڵانە دەكرێت، وە بە دایكیشیان دەكرێت، كە بڵێیت ئەوانە منداڵی داعشەكانن، ئێ‌ ئەگەر منداڵی داعشیش بێت بەناوی باوكییەوە بانگی بكەن، تاوانی منداڵ چییە كە باوكی داعش بووە، باوك ئەگەر تاوانباربێت یان داعش بێت یان زیناكاربێت هیچ تاوان نیە و عەیبە نیە بۆ كوڕەكە.

_ پۆڵەتیك پرێس : ئەوانەی ئەم كەمپینەیان راگەیاندووە ئەڵێن ئەگەر ئەمە قبوڵنەكرێت بە كەم دانانی بەهای دایكە، دایك یان باوك چ جیاوازییەكی هەیە بەناوی باوكەوە بانگ نەكرێت و بەناوی دایكییەوە بانگ بكرێت؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : خیلقەتی ئافرەت و پیاو جیایە لە یەكتری، پیاو بە هەزار ملیۆن ساڵ بژی منداڵێكی نابێت، بەڵام ئافرەت منداڵی دەبێت، ئەگەر پیاوێك دوو یان سێ‌ یان چوار ژنی هەبێت، بە حەڵاڵی، یان بچێتە لای سەد ژن بە حەرامی، منداڵی هەر سەد ژنەكە دەزانین كە هی پیاوێكە، بەڵام ئەگەر ئافرەتێك دووپیاو سێ‌ پیاو یان زیاتر بچێتە لای ئەو منداڵەی دەبێت هی كامیانە، بۆیە كاتێك منداڵ نیسبەتی درا بۆلای باوكی ئەو پەڕی رێزلێنانە لە دایكی، بەواتای ئەوە دێت ئەو دایكە خیانەتی نەكردووە كە ئەو منداڵەی لە مێردی خۆی بووە، بەڵام كەمنداڵ نیسبەتی درا بۆلای دایكی ئەوە تۆمەتباركردنی دایكەكەیە، بەوەی دەبێت ئەو منداڵەی لە كێ‌ هێنابێت.

_ پۆڵەتیك پرێس :لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وێنەیەكی تۆ بڵاوبوەوە كە لەگەڵ چەند كەسایەتییەك كۆبویتەتەوە، كە نزیك یان سەر بەحزبێكی ئیسلامی ناسراون، ئەمەش كاردانەوەی لێكەوتەوە، هۆكاری كۆبوونەوەكەتان چی بوو؟ بۆچی بەوشێوە كاردانەوە لێكەوتەوە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : ئەو بەڕێزانەی كەمن لەگەڵیان دانیشتووم كەسانێكی دەمارگیرنین بۆ حزبەكەیان بگرە سەركردەی حزبەكەیان لە چەند بابەتێكدا پێچەوانەی قورئان و سوننەت و سەلەفی كردووە ئەوان رەدیان داوەتەوە، ئەمەش جێگای دەستخۆشی و پشتیوانی كردنییانە لە چاكەدا، سوپاس بۆ خوای گەورە لە زۆرێك لە بابەتەكانی عەقیدەدا، هاوڕا و هاوبیرن و عەقیدەیان عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەیە، لەچەند بابەتێك لەوانەیە رای جیاواز هەبێت.

_ پۆڵەتیك پرێس : كەواتە مەبەستەكەتان چی بوو كە لەگەڵیان كۆبوونەوە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : بۆ كەسەكان ئەوە وتم كێن، مەبەستەكە روون و ئاشكرایە لەسەر وێنەكە دانراوە، (وتاعونوا علی البروالتقوی) لەسەر بنەمانی مەنهەجی سەلەفی ساڵح، بۆ بانگەواز بۆ قورئان و سوننەت و رەدكردنەوەی هەموو كوفر و بیدعە و بێدینی و خورافەتێك، كەواتە مەبەستەكە مەبەستێكی شەرعییە، پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەربێت) لەگەڵ كافرەكانی مەككەدا حیلفی فزولی كرد لەسەر شتێك كە هەق بێت.

_ پۆڵەتیك پرێس : زۆرجار تۆمەتباردەكرێت بەوەی لە بەرپرسانەوە نزیكیت و دیدارت هەیە لەگەڵیاندا، دەمەوێت بپرسم لە روانگەی شەرعەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرس و بینینی كاربەدەستان، كارێكی ناشەرعییە، ئەگەر ناشەرعییە بۆچی جەنابت، ئەم كارانەی دەكەیت، وە ئەگەر ناشەرعی نییە بۆچی كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : خوای گەورە موسا و هاروون كە پێغەمبەربوون ناردنی بۆلای كافرترین كەسی سەر رووی زەوی، كە فیرعەون بوو ، كە واتە كەسێكی بانگخواز، بچێت بۆلای فیرعەون ئاسایی بێت، ئی كەسێك بۆلای یەكێك بچێت خۆی بڵێت من موسڵمانم، ئایا دروست نییە لە شەرعدا؟ دروستە، پێغەمبەری خوا شاندی نارد بۆلای مەجوسییەكان یان بۆلای فارسەكان و قیبتییەكان و نەسرانییەكان گفتوگۆی موسڵمان لەگەڵ غەیری موسڵمان جائیزە، چ جای لەگەڵ موسڵمان بۆ جائیزنییە؟ بۆیە ئەو كەسانەی رەخنە لە من ئەگرن دووپۆلن، كەسانێك هەن كە من لەگەڵ بەرپرسێكی سەوز دانیشتم لەوانەیە زەرد پێی ناخۆش بێت، لەگەڵ زەرد دانیشم سەوز پێی ناخۆشە، لەوانەیە لەگەڵ كۆمەڵ دانیشم یەكگرتوو پێی ناخۆش بێت، لەگەڵ یەكگرتوو دانیشم گۆڕان پێی ناخۆش بێت، كەواتە دافعێكی حزبییە وادەكات پێیان خۆش نییە، بەڵام ئەوە لای ئێمە هیچ بەهایەكی نییە، كەسانی دووەم كەسانی دیندارن و دێن رەخنە دەگرن.

_ پۆڵەتیك پرێس : دانیشتنی تۆ لەگەڵ بەرپرسان بۆ بەرژەوەندی كەسییە یان شتی تر؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : نەچووم لەگەڵ بەرپرسێك دابنیشم بڵێم هاتووم زەویم بدەنێ‌، هاتووم مووچەیەكم بۆ ببڕنەوە یان پۆستێكم بدەنێ‌، ئیشم بەوشتانە نییە، كەچووبم لەگەڵ هەر لایەك دانیشتبم، ئەوەی بۆم كرابێت ئامۆژگارییەكی خەیرم كردووە،

_ پۆڵەتیك پرێس : بۆچی لە مەنهەجی سەلەفی لاتداوە و بەڵگەش دەهێننەوە كە تۆ پێچەوانەی فتواكانی شێخ رەبیع مەدخەلیتكردووە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : مەنهەجی سەلەفی مەنهەجێكی حزبی نییە، ئەگەر لە سەلەفییەت لامدابێت خۆم بە گومڕا و لادەر ئەزانم، بەڵام سەلەفییەت من بە دینی خوای ئەزانم، چۆن بە رەوای ئەزانم لێی لادەم، بەڵام ئەگەر لە كۆمەڵێك فتوای شێخ رەبیع مەدخەلی لامدابێت بە واتای ئەوە نایەت لامدابێت لە ئیسلام یان سەلەفییەت، ئەو فتوایانەی ئەوم بەلاوە توندە.

_ پۆڵەتیك پرێس : زۆرجار دەوترێت تۆپشتگیری وەلی ئەمر ئەكەیت، باشە دەسەڵات ئەگەر چاك بكات یان خراپ تۆ هەرپشتگیری ئەكەیت؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : لەوانەیە چوار هەزار كاتژمێر وتاری هەینی و وانە وتنەوە و كۆڕم هەبێت، وەرن تەماشای بكەن لە كوێدا من وتوومە پشتیوانی دەسەڵات بكەن لە زوڵم و گەندەڵی ناهەقیدا، بەردەوام قسەی من فەرموودەی پێغەمبەربووە (دروودی خوای لەسەربێت) كە نابێت گوێڕایەڵی هیچ سەركردەیەك بكەیت، لە تاوان و خراپەدا، ئەی لە چاكەدا هەر ئەبێت بڵێی من گوێڕایەڵییان ناكەم، بۆچی دژی خۆپیشاندانەكانم هۆكارەكەی ئەوەیە مرۆڤی ژیر لە كونێكدا دووجار ناگەزرێت، بەرهەمی خۆپیشاندان نەك جارێك دە جار بینیمان، چەند جار خۆپیشاندانكرا بەرپرس كوژرا یان كوڕی هەژار و فەقیر كوژرا، من دەڵێم حەزناكەم خۆتا بەكوشت بدەن بە بەلاش.

_ پۆڵەتیك پرێس : رەوتێك هەیە لە بانگخوازان پێیان وایە تۆ ئەگەر هێرش نەكەیت و تەشهیرنەكەیت و قسە بە دەسەڵات نەڵێی ئەوە لەگەڵ دەسەڵاتیت، قسەی تۆ لەمبارەوە چییە؟

+ د. عەبدول لەتیف ئەحمەد : دوو جۆر بانگخواز هەیە بانگخوازی شەرع و بانگخوازی شارع، زۆرجار شەقام واتە شارع بە شەرع رازی نییە ئایا دەكرێت واز لە شەرع بێنین بۆ شارع ؟ ناكرێت ، كۆمەڵێك بانگخوازمان هەیە كە هی شەقامن تەماشا دەكات بزانێت شەقام چی دەوێت، دەچێت ئەوە دەكات، هەقی نییە پێچەوانەی شەرعە یان نا، من بە هەموو بانگخوازان دەڵێم لە خوا بترسن ئەو هەموو وتارە حەماسی جێوانە دەیدەن خزمەت بە میللەت ناكات، یەكێكیان لە ئەورپا دانیشتووە هانی خەڵك دەدات خۆپیشاندان بكەن بۆ خۆت نایەیتەوە بیكەیت، بۆ كوڕی خەڵك بە كوشت دەدەی یەكێكی تریان لە هەولێر یان سلێمانی دادەنیشێت منداڵەكانی ناردووە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن لێرەش هانی خەڵك ئەدات قوتابخانە نەمێنێت و ژیان نەمێنێت و كاول ببێت، ئەم دوفاقییە كە لەگەڵ گورگ گۆشتی مەڕ دەخۆن، وە لەگەڵ شوانیش فرمێسك دەڕێژن، ئێمە ئەو دوو رووییە ناكەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا