یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتدەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی سەردانی جۆزێپ بورێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێزگرتن لە بەها هاوبەشەكان و ئازادی رادەربڕین و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئاینیی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەریشدا جۆزێپ بورێل رایگەیاند، هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پشتیوانی یەكێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی كوردستان دەرببڕێت و بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، بنكەیەكی دیكەی راوێژكاری یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر دەكرێتەوە.

دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نێچیرڤان بارزانی و جۆزێپ بورێڵ تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانیان خستەڕوو.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەم سەردانە زۆر بەڕێز دەنرخێنین، كە لە كاتێكی گرنگدا ئەنجام دەدرێت و نیشانەی پابەندی یەكێتی ئەوروپایە بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان.

وتیشی: لەسەر كۆمەڵێك پرس گفتوگۆمان كرد، لەوانە: ئاسایش و سەقامگیری پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا و عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، شەڕی داعش و هەڕەشەكانی، هەڵبژاردنی گشتیی عێراق، دۆخی ناوچەكە و پرسی كۆچ و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخ.

لە وتەكانیدا نێچیرڤان بارزانی وتی: بەڕێز بۆرێل دەمەوێت جارێكی دیكە پابەندی خۆمان لە پەرەپێدان و بەها هاوبەشەكانمان (دیموكراسی، ئازادی رادەربڕین، رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و ئازادی ئاینی و پێكهاتەكان) دووپات بكەمەوە.

لای خۆیەوە جۆزێپ بورێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا رایگەیاند: گفتوگۆیەكی بەرهەمدارمان هەبوو لە بارەی پرسە هاوبەشەكانەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەندێك لەو پرسانەی باسكرد، زۆر سووپاسی دەكەم بۆ ئەو بەرچاو روونییە.

وتیشی: من لێرەم بۆ ئەوەی پشتیوانی یەكێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتبكەمەوە، ئێمە دەمانەوێت وەكو هاوپەیمانێكی گرنگ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بمێنینەوە.

باسی لەوەشكرد، لەم كاتە سەختەدا، كە لە ناوچەكە هەیە، هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە هێوركردنەوەی دۆخەكە لە عێراق و ناوچەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا