پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە سەرجەم کۆمپانیا و خاوەن ماتۆڕسکیلەکان دەکات کە تا ئێستا ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمار نەکردووە، لە ئێستادا دەکرێت ماتۆڕسکیلەکانیان تۆماربکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە زاری باقی صابر، لێپرسراوی هۆبەی وردبینی تۆمار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەوانەی ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمار نەکردووە لە ئێستادا دەکرێت تۆماریان بکەن.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “خاوەنی سەرجەم ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە مۆدێلەکانیان لەنێوان 2019-2020-2021دایە، ئەوانەی کە مەنەفێستیان هەیە یاخود ئەو ماتۆڕسکیلانەی بە پارچە داغڵ بوون بە مەرجێک ماتۆڕی دوو تایەیی بێت، یان ئەوانەی هاوردە کراون لەلایەن کۆمپانیاکان یان لەلایەن کەسەکان خۆیانەوە، دەبێت لەماوەی یەک ساڵدا سەردانی گومرگی پارێزگاکان بکەن”.
ئەوەش هاتووە، “ئەوانەش کە مەنەفێستیان بۆ نەکراوە لە خاڵە سنورییەکانی حکومەتی هەرێم یاخود لە سنورەکانی دەرەوی هەرێم داغڵ بوون، دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا واتە لە بەرواری 1/9/2021 تاکو بەرواری 1/9/2022 سەردانی گومرگی پارێزگاکان بکەن و مەنەفێستیان بۆ دروست بکرێت، دواتر سەردانی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ بکەن بەمەبەستی تۆمارکردن”.
باقی سابڕ جەختی لەوەش کردەوە، ئەو ماتۆڕسکیلانەی تۆمار دەکرێن، دەبەخشرێن لە هەموو جۆرە رسوماتێک و ئەم ئاگادارییە ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە قەبارەی بزوێنەرەکانیان لە (C.C125) کەمتر نەبێت.