یاری كۆتایی پلە یەكەكان بكەنە یاری ئاشتەوانی

پۆڵەتیك: سپۆڕت

لە سەروبەندی كێشمە كێشی نێوان سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و جێگرەكەی و ئەو دووبەرەكییەی كەوتۆتە نێو ماڵی وەرزشی كوردستانەوە بە هۆیەوە خولی نایاب بە چارەنووسێكی نادیار سپێردرا لەویش كێشەتر و نەهامەتی تر چارەنووسی یاری كۆتایی خولی پلە یەكەكانە لە نێوان هەردوو یانەكانی چەمچەماڵ و هەڵۆ كە دەبوو پێش كەرەنتینای گەورە ئەو یارییە بەڕێوە بچێت، بەڵام هەر دواخرا تا ئێستا لە تەم و مژ زیاتر هیچ زانیارییەكی تر نییە لە بارەیەوە.

دوێنێ‌ یەك شەممە دەبوو ڕێبوار خدر سەرۆكی یانەی چەمچەماڵ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەو بارەیەوە ساز بكات، بەڵام وەك خۆی دەڵێت: (بە داخەوە ڕاگەیاندنەكان نەهاتن بە دەنگمانەوە بۆیە ئێمەش كۆنگرەكەمان بە گەورەیی ئەنجام نەدا).

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ Politic Sport ناوبراو ڕایگەیاند: (دەبوو بەڕێزان ڕاگەیاندنەكان لێرە بوونایە كە بە سەرجەمیانم ڕاگەیاند بوو بە ئامادە نەبوونی ئەوانیش تەواوی پلانەكەی ئێمە بۆ كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە نشوستی هێنا).

سەرۆكی یانەی سەوزپۆشەكە وتیشی: (كوا هەواڵ سەبارەت بە یاری كۆتایی پلە یەكەكان ئەوەتا خولی نایاب بەو ئاقارە چووە ئیدی كێ‌ باسی یاری كۆتایی خولی پلە یەك دەكات بۆیە من بە تەما بووم باس لەوە بكەم كە ئەم دۆخە بە هەموان تێ‌ بپەڕێنین و كۆتایی پێ‌ بهێنین ئەو كات هەموومان پاڵەوان دەبین هەروەك بە تەما بووم پێشنیاری ئەوە بكەم هەموان لە چەمچەماڵ كۆببنەوە ئەم شارە بكەنە وێستگەی یەكتر بینینەوە و یاری كۆتایی خولی پلە یەكەكان بكەنە یاری ئاشتەوایی و كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنن و یارییەكەی ئێمەش بەڕێوە بچێت و هاندەرانیش چێژی خۆیان لە یارییەكان ببیننەوە).

لە بەشێكی تر لێدوانەكەیدا ئەو سەرۆكە وتی: (ئێمە یاریزانمان هەیە ئەگەر ئێمە بە ڕەسمی لە خولی نایابی وەرزی داهاتوو داین كە كەس نازانێت ئەنجام دەدرێت یاخود نا دەبێت پێكهاتە دروست بكەینەوە و یاریزان پەلكێش بكەین هیچ شتێكیش لە ئێستادا دیار نییە بۆیە من داهاتوو بە تەم و مژاوی دەبینم و پێویستمانە كە خۆمان واتا وەرزشكاران كێشەكانمان چارەسەر بكەین نەك بچینەوە بەردەرگای سیاسییەكان، چونكە پێشتر ئێمە خۆمان خۆمانمان بچووك كردۆتەوە لە بەردەم ئەواندا ئێستاش با خۆمان چارەسەری ئەوە بكەین كە تێكدرا بە دەستی چەند كەسێك كە ئێستا خۆشیان نازانن چۆن ڕێكی بكەنەوە).

جێی ئاماژە بۆ كردنە پاش تەواو بوونی یارییەكانی خولی پلە یەك هەر یەك لە یانەكانی چەمچەماڵ و هەڵۆ سەركەوتنیان مسۆگەر كرد بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان و دەبوو یاری دەست نیشان كردنی پلەكانی پاڵەوان و دووەم ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو یارییە تا ئێستاش ئەنجام نەدراوە و سەرۆكی یانەی چەمچەماڵیش هەر چاوەڕێیە یارییەكە ئەگەر بۆ چێژ بەخشینیش بێت ئەنجام بدرێت.

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا