پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تەقە لە كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی عەزم لە بەغدا كرا، كە بۆ ناساندنی یەكێك لە كاندیدەكانی رێكخیان خستبوو.
لە راگەیەندراوێكدا هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند: رۆژی یەكشەممە لە ناوەڕاستی بەغدا لەكاتی بانگەشەی مەحموود قەیسی كاندیدی هاوپەیمانییەتەكە لە بازنەی قەزای ئەبوغرێب لەلایەن چەند كەسێكەوە تەقەی هەواییان بەسەردا كراوە، دواتر تەقەكەرەكان هەڵاتوون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: هاوپەیمانیی عەزم بە تووندی ئیدانەی ئەو كارە ترسنۆكانە دەكات و داوا لەلایەنە ئەمنییەكانی بەغدا دەكات دەستبەجێ ئاژاوەگێڕەكان دەستگیربكات و بیانداتە دادگا لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە پشت ئەو كارە قێزەونەن.
هاوپەیمانیی عەزم، لە ژمارەیەك پارت و كەسایەتیی سوننە پێكدێت، یەكێكە لە هاوپەیمانە بەهێزەكانی سوننە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.