توركیا بەسەردانی شاندەكەی رۆژئاوای كوردستان بۆ روسیا نیگەرانە

پۆڵەتیك پرێس:
وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوای لە روسیا كردووە، لە هەر هەنگاوێك دووربكەوێتەوە، كە خزمەتی پەیڕەوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە سوریا بكات‌و لەنێویشیاندا یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەكاردانەوەی سەردانی شاندی ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات بۆ مۆسكۆی پایتەختی روسیا رایگەیاند، هەست بەدڵەراوكێ دەكەین، بەتایبەت لەدوای ئەو پێشوازییە گەرمەی روسیا بۆ سەردانی شاندەكە كراوە.

وەزارەتەكە هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەلن‌و هەڕەشە لەیەكێتی سوریا و ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەر دەكەن بەتایبەت توركیا دەكەن.

ئەوەشی راگەیاندووە، هیواخوازین روسیا رێگری لەهەموو ئەو هەنگاوانە بكات، كە خزمەت بە بنەما و پەیڕەوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل دەكەن.

ئەمە لەكاتێدایە، ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات و پارتی ئیرادەی گەلی سوریا لەشاری مۆسكۆ یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژووكرد، كە هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون.

گرنگترین ئەو خاڵانەی لەسەری رێككەوتوون بریتبوون لەسوریای نوێ، سوریایەكی یەكگرتوو دیموكراتەو سەرجەم پێكهاتەكانی بەبێ جیاوازی تێیدا بژین، چارەسەری سیاسی تاكە دەرچەیە بۆ دۆخی ئێستای سوریاو لەدەستووری سوریادا مافی گەلی كورد زامن بكرێت، وەك پێكهاتەیەكی گرنگی سوریاو ئیدارەی خۆسەر پێویستییەكی بابەتییە بۆ ئێستای سوریاو سوپای سوریا تاكە دامەزراوەی فەرمییە، كە چەكی لەدەستدابێت و نابێت سوپا بە سیاسی بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا