پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پەرلەمانتارێك داوا لە هاووڵاتیان دەكات سزای نەبەستنی پێوەری ئاو نەدەن، چونكە سزاكە پاڵپشت نیە بە یاسا، بێجگە لەو تێبینی و كەم و كورتیانەی لە پرۆسەكەدا هەیە، تا ئەو كاتەی حكومەت یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2021) جێبەجێ دەكات كە یاسایەكە تازە دەرچووە و پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕێنمایی نوێی بۆ دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی.
لەوبارەوە عومەر عوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سزای نەبەستنی پێوەری ئاو، پاڵپشتە بە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2018)، ئەویش پشتی بە ماددەیەكی یاسایی بەستووە كە بریتیە لە بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (حەوتەم)ی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2010)ی تایبەت بە هەیكەلی وەزارەتی شارەوانی، كە یاسایەكی گشتیە و بەهیچ جۆرێك ناچێتە بواری بابەتی سەرپێچییەكان.
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی روونكردنەوەكەیدا نووسیویەتی: لە بەرامبەردا پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە (4)ی ساڵی (2021)، یاسای پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستانی دەركردووە كە یاسایەكی تایبەتمەندە بە سەرپێچییەكان و هەموو كەلێنەكانی ئەو بوارەی پڕكردووتەوە، هەروەها لەكاتی گفتوگۆی یاساكەدا، سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان هاوڕابوون لەسەر لابردنی ماددەی پەیوەست بە پێوەری ئاو و سزایەكانی، ئەوەش بەهۆی خراپی پرۆسەكە و كەم و كورتییەكانی و نەگونجانی لەگەڵ دۆخی خراپی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان لە ژمارەیەك شارو شارۆچكە.
عومەر گوڵپی، داوا لە هاووڵاتیان دەكات سزای نەبەستنی پێوەری ئاو نەدەن، چونكە سزاكە پاڵپشت نیە بە یاسا، بێجگە لەو تێبینی و كەم و كورتیانەی لە پرۆسەكەدا هەیە، تا ئەو كاتەی حكومەت یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2021) جێبەجێ دەكات كە یاسایەكە تازە دەرچووە و پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕێنمایی نوێی بۆ دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی، هەروەها لە كاتی دەركردنی ڕێنماییشدا پێویستە ڕەچاوی تێبینی و كەم و كورتیەكانی پێوەرەكە و سكاڵای هاووڵاتیان بكرێت، هەروەها ڕەچاوی دۆخی خراپی ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەك شارو شارۆچكە بكرێت.