زۆرینەی لایەنەكانی عێراق لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نین

پۆڵەتیك پرێس:
هەرچەندە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان دیاریكردووە، بەڵام زۆرینەی لایەنەكانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئامادەنین.

ساڵی رابردوو زنجیرەیەك خۆپیشاندان لەعێراق ئەنجامدراوە، كە ناوە ناوە خۆپیشاندانەكان تائێستاش بەردەوامی هەیەو هەر ئەو خۆپیشاندانەش بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێی كاتی بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی.

خۆپیشاندان لەگەڵ بەرزكردنەوەی دروشمی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەكرد، كە حكومەتی مستەفا كازمیش هەر لەسەر بنەمای ئەوە پێكهێنرا، بۆ ئەوەی لەماوەی ساڵێك ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكات.

حكومەتی ئێستای عێراق حكومەتێكی كاتییەو لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی عێراق ‌و بەردەوامی ناڕەزایەتییەكانەوە دروست بووە، دەبێت پابەندبێت بەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە، ئەویش ئەوەیە لەماوەی ساڵێكی دەستبەكاربوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدات.

بۆیە رۆژی 31/7/2020 مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی 6/6/2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكرد، بەڵام بڕیارەكە كاردانەوەی لەسەر ئاستی باڵای حیزبە سیاسییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش دروست كرد.

كاردانەوەكان بەشێوەیەكە، كە لایەنەكان نایانەوێـت پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادیەی سەرۆك وەزیران دیاریكردووە، چونكە زۆربەی لایەنەكان پێیانوایە، لەو وادەیە ناتوانرێت هەڵبژاردن بەرێوەبچێت.

 

لایەنەكان نایانەوێـت پابەندبن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادیەی سەرۆك وەزیران دیاریكردووە، چونكە زۆربەی لایەنەكان پێیانوایە، لەو وادەیە ناتوانرێت هەڵبژاردن بەرێوەبچێت

 

لەو بارەوە فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پێوایە، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نین لەعێراق‌و دەشڵێـت: گەر هەڵبژاردنیش بكرێت، سوننەكان لەبەرژەوەندی خۆیان دەیبینن‌و گۆڕانكاریش بەئاڕاستەی دەنگە جیاوازەكانی ماڵی شیعەكان دەبێت.

فەرید ئەسەسەرد، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتیشی: وەك یەكێتی دەمانەوێت یەك هەڵوێستی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كورستان دروستبكەن، پێشمان باشە هەر پارێزگایەك و یەك بازنەی سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەبێت.

یەكێك لەكێشەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت یاسای هەڵبژاردنەكانەو لایەنەكان تائێستا نەگەیشتوون بە رێككەوتنی كۆتایی لەو بارەوەو سەرچاوەی كێشەكەش ئەوەیە، كە ئایا هەڵبژاردن بە یەكبازنەیی بەرێوەبچێت، یان بە فرەبازنەیی.

فەرید ئەسەسەرد لەبارەی ئەو كێشانەوە نموونەی پارێزگای سلێمانی باسكردو وتی: ئەگەر سلێمانی 20 كورسی هەبێت هەر ئەو ژمارەیە دەهێنێتەوەو رەنگە تەنیا دەموچاوەكان بگۆڕدرێن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بۆ هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەوتۆی نابێت، بەڵام كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ هەموو هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان لەعێراق دەنگی كورد كەمیكردووە.

لە كۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممە، (11ی ئابی 2020)، پارتی‌و یەكێتی كۆكبوون لەسەر ئەوەی، دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی بە هاوبەشی و بە راوێژ لەگەڵ تیمی هەردوولا لەحكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیراسەی بابەتەكە بكەن‌و پێشنیاری گونجاو بدەنە هەردوو مەكتەبی سیاسی.

یەكێكی تر لەكێشەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق، وادەی كۆتایی پەرلەمانی عێراق، كە لەدەستووردا بەڕوونی باس لەوە كراوە چوار ساڵ جارێك دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هێشتا چوار ساڵەكەی نەكردووە.

 

یەكێكی تر لەكێشەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق، وادەی كۆتایی پەرلەمانی عێراقە

 

لەمادەی 64ی دەستووری عێراق هاتووە، پەرلەمان لەسەرداوایەكی هاوبەشی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی كۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یاخود لەرێگەی پێشكەشكردنی داوایەك لەلایەن یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگی ڕەهای پەرلەمانتاران خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، دوای ئەوە سەرۆكی كۆمار هەڵدەستێت بەدیاریكردنی بەروارێك بۆهەڵبژاردنی پێش وەختە.

بەپێی ئەم دەقە دەستوورییە، بڕیارەكەی مستەفا كازمی بۆ دیاریكردنی بەرورای هەڵبژاردن، لە 6ی حوزەیرانی 2021 دا پێچەوانەی یەكترن، چونكە دەسەڵاتی ئەو نییە بەروار بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە دیاری بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندین جار جەختی كردووەتەوە، كە پابەندە بەو وادەیەی دیاریكردووەو لە كۆتا كۆبوونەوەشیدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جەختی لەسەر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە.

 

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندین جار جەختی كردووەتەوە، كە پابەندە بەو وادەیەی دیاریكردووە

 

جگە لەنائامادەیی لایەنەكان‌و یاسای هەڵبژاردنیش، لایەنی تەكنیكی، كە جێبەجێكردنی لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێت، رێگرێكی ترە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كە لەو بارەوە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت: لە عێراق 24 ملیۆن دەنگدەر هەیە، بۆیە كۆمسیۆن دەبێت بەلانی كەم 24 ملیۆن وەرەقەی دەنگدان ئامادە بكات، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختیش پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی لایەنی دارایی بوارە تەكنیكییەكان دابینبكات.

لە وەڵامی ئەوەی، كە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری هەڵبژاردنی پێش وەختە بدات، ئەو ماوەیە چەندە، كە كۆمسیۆن بتوانێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكە بكات؟ ڕزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت: هەموو هەڵبژاردنێك بەنزیكەیی پێویستی بە 200ی ڕۆژی تەقویمی هەیە (واتە بەبێ دەركردنی ڕۆژانی هەینی و پشووەكانیش)، كە ئامادەكاری تەواو بكرێت، بۆیە هەر لەتۆماركردنی ناوی قەوارەو لایەنەكانی بەشدار لەهەڵبژاردنەكان.

پاش دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، لە زاری ناوەندە میدیایی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش وابڵاوكرایەوە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لیستی هاوبەشیان دەبێت.

 

بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش وابڵاوكرایەوە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لیستی هاوبەشیان دەبێت

 

بەڵام، بەپێی زانیارییەكانی “پۆڵەتیك پرێس”، كە لەسەرچاوەی عێراقییەوە وەریگرتووە، تائێستا دروستكردنی لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پیشوەختەی عیراق تەنیا دەنگۆیە و كازمی جدییە لەسەر بەشداری هەڵبژاردن، بەڵام تائێستا بۆ دروستكردنی لیست هیچ بڕیارێكی نەداوە.

هەروەها، بەرهەم ساڵح، كە ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی-یە و لەسەر پشكی ئەو حیزبە پۆستی سەرۆككۆماری عێراقی وەرگرتووە و پاش گەرانەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری، ئەستەمە كار ئاسانی بۆ بكرێت لەناو پرۆژەكەی مستەفا كازمیدا بێت.