پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “چوار هەفتەی سەرەتای دەستپێکردنەوەی دەواممان داناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنی ساڵی رابردوو” وتیشی: دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە 14ی ئەم مانگەوە دەکرێنەوە”.
سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، “پێشبینی دەکەم لە هەموو شارەکاندا ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ مامۆستایان بکرێتەوە و هەتا ئێستا نزیکەی 25 هەزار مامۆستا پێکوتەیان وەرگرتووە”.
باسی لەوەش کرد، “وەرگرتنی ڤاکسین تا ئێستا نەکراوە بە مەرج، بەڵام داوامان کردووە هەموو مامۆستایان پێکوتە وەربگرن”، لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ قوتابیان و خوێندکاران بریکاری وەزارەتی پەروەردە وتی: تا ئێستا لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڕیارێکی وا نەدراوە کە قوتابیان پێکوتە وەربگرن و ببێتە ئیجباری.
وتیشی: دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە 14ی ئەم مانگەوە دەکرێتەوە و ئەو بڕیارە وەک خۆی ماوەتەوە و هەتا ئەمڕۆش بەرکارە، ئێمە لە 14ی مانگ دەستدەکەین بە دەوام و هەتا ئێستا پلانمان ئەوەیە کە هەموو رۆژێک دەوام ببێت.
لە ماوەی رابردوودا سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر هیچ پێشهاتێك نەیەتە پێشیان و پەتای كۆرۆنا رێگر نەبێت رۆژی 14/9/2021، یەكەم رۆژی دەستپێكی خوێندن دەبێت و خوێندكاران دەچنەوە ناوپۆل.