پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق رایگەیاند، تیمێک لە دادوەرانی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بەمەبەستی چاودێریکردن و رێگری لە هەوڵەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق ئاماژەی بەوەکرد، “بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکاری، تیمێک پێکهێنراوە کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک دادوەری لێکۆڵینەوە و لێکۆڵەرانی یاسایی، بەمەبەستی رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ساختەکاری هەڵبژاردنەکان و یاریکردن بە ئیرادەی دەنگدەران و کڕینی کارتی دەنگدان”.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکە دەستی بە کارەکانی کردووە و ژمارەیەک تۆمەتباریش راگیراون و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هاوکات ئەنجومەنی دادگای باڵا هۆشداری ئەوەیدا، “هەر کەس لە هەڵبژاردنی داهاتوو پێشێلکاری یاسا بکات، قورسترین رێکاری یاسایی دژی دەگرینەبەر”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.