وەزارەتی پێشمەرگە ڤاکسینى كۆرۆنا بۆ هەموو هێزەكانی دابین دەکات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەهەولێر دەكاتە بنكەی پێدانی ڤاكسین بەپێشمەرگەو بەشە ڤاکسینی تەواویش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەكات.

لەراگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، لەئەنجامی ئەو هەوڵ و کۆششانەی، کە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری تەندروستی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامی داون توانرا نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر ببێتە بنکەیەکی پێدانی ڤاکسین و بەشە ڤاکسینی تەواو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت.

ئەمرۆ 30ی ئابی 2021، د. رزگار علی بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەنتەری میدیایوەزارەتەكەی ڕاگەیاندووە، پاش ئەوەی، کە بەرێوەبەرایەتیەکەمان هەماهەنگی کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر توانیمان نەخۆشخانەی پێشمەرگە بکەین بە بنکەیەکی پێکوتەی ڤاکسینی کۆڕۆنا بۆ پێشمەرگە.

باسی لەوەشكردووە لە ئەمڕۆ بەدواوە، دەتوانن ڕۆژانە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا دابین بکەن بۆ پێشمەرگە، لە هەر سێ جۆری ڤاکسینەکان، کە لە سەر ئاستی دونیا بەکاردێت.

بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە داوامان کردووە هەر بەڕێوەبەراتیەک لیستی خۆیان ئامادە بکەن و بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی تا رۆژ و کاتیان بۆ دیاری بکرێت هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا لیستی ئەو کەسانەشمان بۆ بنێرن ئەوانەی ڤاکسینیان لەخۆیان داوە و چ جۆر ڤاکسینیان لە خۆیان داوە،

راشیگەیاندووە: لەداهاتوویەکی نزیکدا ئاگاداری یەکە سەربازیەکانی دیکە دەکەینەوە، هەموو پێشمەرگەیەک سەر بە هەر یەکەیەکی سەربازی بێت دەتوانێ سەردانمان بکات، بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، بەمەرجێ هەڵگری ناسنامەی سەربازی و یەکێک لەم پێناسانە بێت، پاسپۆرت یان ناسنامەی مەدەنی یاخود کارتی نیشتمانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا