پۆڵەتیك پرێس – كەنار ئازاد
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، تا پێش هاتنی كۆرۆنا 270 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبان بۆ ماڵان داناوە، بەڵام پێشتر بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كارەكانی دانانی پێوەری زیرەك راوەستاوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی كارەبای هەرێم بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ماوەی ساڵ و نیوێكە دەستیان بەدانانی پێوەری زیرەك كردووە، لەو ماوەیەشدا 270 هەزار پێوەریان داناوە، لەئێستاشدا دەستیان بەكاركردن لەو پرۆژەیەدا كردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەمانگی ئازاری ئەمساڵەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كاركردن بۆ دانانی پێوەری زیرەك راوەستاوە، بەوتەی ئەو ، پێوەری زیرەك كۆنترۆڵی خزماتگوزاریەكان بەرز دەكاتەوەو داهاتی كارەبا ڕێك دەخاتەوە.
باس لەوەشدەكات، پێوەری زیرەك دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەك وزە بگەرێتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە هۆكارە بۆ ئەوەی تۆڕی كارەباكە توشی گرفتی تەكنیكی نەبێتەوە.
بەهۆی نەبوونی پێوەری زیرەك و گرفتەكانی كەرتی كارەباوە، ساڵانە بەشێكی زۆر لەو كارەبایەی بەرهەمدەهێنرێت بەفیڕۆدەچێت و هاوڵاتیان ناتوانن سوودی لێوەربگرن، ئەوەش وایكردووە تائێستا نەتوانرێت كێشەی كارەبا لە هەرێم چارەسەر بكرێت.