قوباد تاڵەبانی بۆ بەرپرسانی حكومی:خزمەتی هاوڵاتیان بكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، داوا لە بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان دەكات؛ پێكەوە كار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان بكەن لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەكانی گەلی كوردستان و خزمە‌تی هاوڵاتییان.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ 28ی ئابی 2021 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ئاسۆ رەحیم و دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر و كاندیدەكانی سلێمانی هاوپەیمانی كوردستان، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كرد و ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنی بانگەشە و ئەركی بەرپرسانی حكومی خستەڕوو.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی خزمەتكردنی هاوڵاتیان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دا و جەختی كردەوە خواستەكانی هاوڵاتیان بە ئێمەی یەكێتی و گۆڕان دێنەدی، بۆیە دەبێت پێكەوە كار بكەین بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان و كاندیدەكانی.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا داوای لە بەرپرسانی حكومی كرد، سەرەڕای ئەركەكانیان لە كاری حكومی كە خزمەتكردنی هاوڵاتییانە، هاوكار بن لەگەڵ ئێمە و كاندیدەكان و كاربكەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی هاوپەیمانی كوردستان.

وتیشی: بەشێكی زۆری گرفت و كەموكوڕییەكانی هەرێمی كوردستان، چارەسەر كردنیان لە بەغدایە، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، ئێمە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگداین و ئەم هاوپەیمانێتیەش دواین خەون و روئیای خوالێخۆشبووان مام جەلال و كاك نەوشیروانە، بۆیە دەبێت هەمووان هەوڵی سەرخستنی بدەین و ئەو خەونە گەورەیەش بەدی بهێنین.

لەكۆتایی قسەكانیشیدا، جەختی كردەوە كە دەبێت كار بكەین لەسەر بەشداریكردنی زۆرترین دەنگدەر لەو هەڵبژاردنەدا، یەكگرتوویی یەكێتی و گۆڕان لێرە و لە بەغدا كاریگەری دەبێت لەسەر باشتر خزمەتكردن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا