پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ شەممە، 28 ی ئاب، كۆنگرەی لوتكەی هەرێمایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت.
بە بەشداری نۆ وڵاتی دراوسێ و هەرێمایەتی و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، ئەمڕۆ شەممە، 28/8/2021 كۆنگرەی لوتكەی هەرێمایەتی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەڕێوەدەچێت.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوكاری و هاوبەشی، كە بە بەشداری فراوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، رەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەرێنیی عێراقە كە دەرگاكانی خۆی بۆ پێكەوەكاركردن لەگەڵ هەموو هاوڕێیەكانی كردووەتەوە، هەروەها ئامادەیی عێراق بۆ گەڕانەوەی رۆڵەكەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێشاندەدات.
سەرۆككۆماری میسر و شای ئوردن رایانگەیاندووە كە بەشداری لە لووتكەكەدا دەكەن. بانگهێشتنامە بۆ سەرۆككۆماری ئێران و توركیاش نێردرابوو، بەڵام بەشداری ناكەن، سەرۆكوەزیرانی كوێت و وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ئێران و توركیا و سعودیە بەشداری لوتكەكەدەكەن.
سەرۆكی فەرەنساش وەكو تاكە سەركردەی باڵای دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنگرەكەدا بەشدار دەبێت.
تەوەری سەرەكیی كۆنگرەكە پێكەوەكاركردنە لە پێناو سەقامگیریی ناوچەكە، بانگهێشتنامە بۆ نوێنەرانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپیش نێردراوە بۆئەوەی لەگەڵ ئێران لە یەك هۆڵدا باس لەو تەوەرە بكەن.