پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەریەكە لە راكان جبوری و سهمی جبوری برای لە بازنەی سێی كەركوك لە نێو یەك لیستی هەڵبژاردندان بۆ بەدەستهێنانی كورسیەكی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك دەڵێت، ئەوان بۆ هەر مەبەستێك ئەو كارەیان كردبێت زیان لە خۆیان دەدەن، رەنگە لە كاتی نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكەش سهم جبوری پاشەكشە بكات و داوا لە دەنگدەرەكانی بكات دەنگ بە راكان جبوری بدەن.
عەلی قەڵایی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بازنەی یەك كە لە پێنج كورسی پێكهاتووە، 460 هەزار دەنگدەری تێدایە، 85% ی دەنگدەرەكانی ئەم بازنەیە كوردن، نزیكەی 11% ی عەرەبە، 6% ی توركمانە، لەم بازنەیە ململانێ لەسەر ئاستی نەتەوەییە، بەپلەی یەكەم و بەپلەی دووەم ململانێی حزبەكانە و بەپلەی سێیەم ململانێی كاندیدەكانە.
عەلی قەڵایی وتی: بازنەی دوو لە چوار كورسی پێكهاتووە بازنە پڕ لە كێشمەكێشەكەیە، ئەم بازنەیە 398 هەزار دەنگدەری تێدایە، رێژەی توركمان 40% زیاترە، رێژەی كورد 35% ە، دەنگدەری عەرەبیش لە دەوروبەری 27% دایە، لەم بازنەیەدا ململانێكە نەتەوەییە دواتر ململانێی حزبەكانە، دواتر ململانێی كاندیدەكانە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك وتیشی: بازنەی سێ لە سێ كورسی پێكهاتووە نزیكەی 219 هەزار دەنگدەری تێدایە، یەكلابووەتەوە بۆ پێكهاتەی عەرەب، لەو بازنەیە ملمڵانێی حزبەكانە بەپلەی یەكەم و بەپلەی دووەم ململانێی عەشرەتەكانە و بەپلەی سێیەمیش ململانێی كاندیدەكانە.
روونیشیكردەوە، لەو بازنەیە، راكان جبوری لە بەرامبەر محەمەد تەمیم و وەسفی عاسی ركابەرایەتی دەكەن، ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كە وەكو نزیك لە كوتلەی عەزمی سەربە خەمیس خەنجەر لێیدەڕوانرێت، ركابەرەكەی محەمەد تەمیمی كەسایەتی دیاری عەرەبی سونەیە، كە سەر بە كوتلەی هاوپەیمانێتیەكەی محەمەد حەلبوسییە.
باسی لەوەشكرد، محەمەد حەلبوسی بە چڕی كار بۆ محەمەد تەمیمی دەكات بۆیە چانسی سەركەوتنی زیاترە، هەروەها راكان جبوریش رەنگە دەربچێت لە نێو ژنەكانیشدا پێدەچێت تەحریر عوبەیدی سەربكەوێت.
بازنەی حەویجەی ڕۆژاوای كەركوك سێ كورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە، دوو كورسی بۆ كاندیدە پیاوەكان و كورسیەكەی تر بۆ كاندیدە ژنەكان، لە كاتێكدا سێ كەسایەتی پیاوی عەرەبی بەهێز بۆ ئەو دوو كورسیە ڕكابەری یەكتر دەكەن و دوو ژنە كاندیدی بەهێزیش، ململانێ دەكەن بۆ كورسی كۆتا.