مەرجەکانی سەدر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان چین؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سیناریۆی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی رەخنەگرانە لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، پرسیارێک دەهێنێتە ئاراوە: سەدر چی دەوێت؟

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی بە هەڵبژاردنێکی “بێ سوود” وەسف کرد و رایگەیاند، “ئەنجامەکانی زانراوە”، لەلایەکی دیکە وتی: بنەما جەماوەرییەکانی رەوتی سەدر داوای خۆپیشاندانی یەک ملیۆن کەسی دەکات.

لایخۆیەوە ریاز مەسعودی، ئەندامی کوتلەی سائیرون رایگەیاند، رەوتی سەدر هەرگیز داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە، بەپێچەوانەوە هاوبەشی سەرەکی بووە لە خێرا پێکهێنانەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسا نوێیەکانی، بەمەبەستی شەرعییەتدان بە هەڵبژاردنی پێشوەختە.

وتیشی: “هەمووان دەزانن چۆن بابەتەکان بەرەو سوتاندنی عێراق و قوڵکردنەوەی گەندەڵییەکان چوون، دۆخەکە لەلای رەوتی سەدر ئاشکرایە و هەڵبژاردنی تشرین سودی نابێت”.

بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی 2021 بێ سودە

باسی لەوەش کرد، “بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی 2021 بێ سودە، ئەنجامەکان یەکلاکراونەتەوە و هێزە سیاسییەکان و رێژەی بەشداریکردن لە ئێستاوە زانراون”، وتیشی: پێکهاتەکانی دیکەی وەک کورد و سوننە و تورکمانەکان، هیچیان گرنگی بە بڕیاری هێزە سیاسییە شیعەکان نادەن و خۆیان بڕیاری دیکەیان هەیە.

بەپێی قسەی ریاز مەسعودی، “ملیۆنان کارتی بایۆمەتری نوێکراوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە گێڕدراونەتەوە و زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نییە، بۆیە بەشداریکردنی دادپەروەرانە و بەرفراوان لەم هەڵبژاردنەدا بەدینایەت و هەمان هێزە تەقلیدییەکان دەمێننەوە، ئەمەش واتە، جارێکی دیکە شەقام دێتەوەدەنگ”.

وتیشی: رەوتی سەدر پەیامێکی روونی بڵاوکردەوە لەپێناو چاکسازی سیاسی و ئابووری و ئەمنی راستەقینە، بەمەبەستی ئەوەی هەڵبژاردنێکی متمانەپێکراو بێتەئاراوە، راشیگەیاند، ‘ئەوەی لەبارەی دۆسیەی گەندەڵی وەزیر و ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتی و سیاسییەکان دەیبیستین دڵتەزێنە، ئێمە دەمانەوێت نوێنەری گەل بین و بەمانە رازی نابین”.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی تیایدا ئاماژە بە نیازی رەوتی سەدر کراوە لەبارەی رێکخستنی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ریاز مەسعودی وتی: بنەما جەماوەرییەکانە خۆبەخشانە و دڵسۆزانە داوای رێکخستنی خۆپیشاندانی یەک ملیۆن کەسی دەکات.

دڵسۆزبوون بۆ عێراق بەلای سەدرەوە گرنگترە وەک لە دڵسۆزبوون بۆ حزب و پارە و دەسەڵات

باسی لەوەشکرد، ئامانجی رەوتی سەدر دڵسۆزییە بۆ خوا و پێغەمبەر و عێراق و دڵسۆزبوون بۆ عێراق بەلایەوە گرنگترە وەک لە دڵسۆزبوون بۆ حزب و پارە و دەسەڵات، وتیشی: پشتیوانی لە بڕیارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی موقتەدا سەدر دەکەین کە جەخت لە چاکسازی کۆمەڵگا دەکەنەوە.

ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردوو موقتەدا سەدر لە وتارێکدا رایگەیاند، بایکۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، چەند رۆژێک دوای ئەو بڕیارە، چەند هێزێکی دیکەی سیاسی دوای بڕیارەکەی سەدر کەوتن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا رووبەڕووی بەربەست و رەخنەی سیاسی دەبێتەوە و بەشێوەی نهێنی و ئاشکرا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەکرێت، هۆکاری ئەم داواکارییەش ئەوەیە، گوایە زەمینەی سیاسی و ئەمنی و لۆجستی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەئارادا نییە.

رۆژی 24ی ئەم مانگە ستەم کامیل، بەرپرسی ژووری توێژینەوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، دەنگۆیەك هەیە لەبارەی ئەوەی پێشنیاركراوە هەڵبژاردن دوابخرێت، هۆكاری سەرەكی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە موقتەدا سەدر بهێنرێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی و رازی بكرێت بەشداری لە هەڵبژاردن بكات لەو وادەیەی پێشنیار دەكرێت كە بخرێتە ساڵی داهاتوو.

بەپێی قسەی ستەم کامیل، “موقتەدا سەدر دوو مەرجی داناوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن كە بریتین لە دواخستنی هەڵبژاردن و سنورداركردنی میلیشیا چەكدارەكان”.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە رەحیم عەبودی، سەرکردەی رەوتی حیکمە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو سێ سەرۆکایەتییەکە و هێزە سیاسییەکان کۆدەبنەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر و بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی عێراق لە وادەی خۆیدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا