وەرزش بە نیشتمانی بكەن با رزگارتان بێت

لە وڵاتانی پێشكەوتوو، هەمیشە وەرزش وەك كایەیەكی گرنگ‌ و كاریگەر سەیر دەكرێت ‌و بۆتە هۆكارێك بۆ خۆشگوزەرانی ‌و ئاشتەوایی لە نێوان چین ‌و توێژەكان‌ تەنانەت لە دۆسیە سیاسیەكانیش بابەتی گەرمی سەرمێزی گفتوگۆ دەبێت ‌و وەك چەكێكی بێ زیان ناو دەبرێت، چەندین گرەوی نێو دەوڵەتی پێ براوەتەوە، بەڵام لە كوردستان، وەرزش نەك نەبۆتە یەكێك لە هۆكارەكانی خۆشیی ژیان، بەڵكو بۆتە مایەی نەگبەتی‌ و دووبەرەكی لە نێوان چین‌ و توێژەكان‌ و تەنانەت خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی ئەم هەرێمە زۆر خاوەنە بێ خاوەنە.

قۆرخكاری بەڕێوە بردن
ئەوەی بۆتە شێرپەنجەی وەرزش لە كوردستان، قۆرخكاری بەڕێوە بردن ‌و دەستی راستەوخۆی حزبە لە ناو سێكتەرەكانی وەرزش، بەرپرسێكی حزبی كە ئەلف‌ و بێی وەرزش نازانێت، چارەنووسی ئەو وەرزشكارە دیاری دەكات كە شەونخونی بۆ وەرزش كردووە، ئەو بەرپرسە حزبیە پۆستە وەرزشیەكان پڕ دەكاتەوە نەك وەرزشكاران خاوەنی بڕیاری خۆیان بن (لێرەدا خاڵە لاوازەكە وەرزشكارەكەیە كە ژێر دەستەیی قبوڵ دەكات‌و لە پێناو پۆست و كورسیەك، هەموو مێژووەكەی دەكات بەقوربانیی بۆ زەردەخەنەیەكی بەرپرسە حزبیەكە‌و پێدانی بەیعەت).

لیژنەی ئۆڵمپی
نەخۆشیەكی تری وەرزشی ئەم هەرێمە، لاوازی لیژنەی ئۆڵمپیيە، كە لە رووی بڕیاردانەوە هێزی تیپە میللیيەكانی سلێمانی ‌و شارەزوور‌ و گەرمیان ‌و هەڵەبجە‌ و راپەڕینی نیيە، ناكرێت ‌و نەبوە ‌و ناشبیت لە هیچ شوێنێكی دنیا، یەكێتیيەكی وەرزشی دەسەڵات ‌و هێزی لە لیژنەی ئۆڵمپی زیاتر بێت، ئەمەش دیسان حزب بۆتە هۆكاری بچوككردنەوەی گەورەترین دامەزراوە، كە كێشمە كێشە حزبیەكان رەنگدانەوەی تەواوی هەبووە بەوەی نیوەی كورسیەكان زەردن ‌و نیوەكەی تریش سەوزن، كاتێكیش كێشە دەكەوێتە نێوان ئەو دوو كوتلەیەی دامەزراوەكان، لە نەبوونی كەسانی تر، كێشەكان بە هەڵواسراویی دەمێننەوە، چونكە نیوەیان دەنگێكن ‌و نیوەكەی تریش دەنگێكن، هیچ كەسێك نیە لە دەرەوەی ئەو دوو حزبە كێشەكان یەكلا بكاتەوە‌ و زۆرینەی دەنگ بە دەست بهێنن.

لە نیوا و نیوی بەڕێوە بردنی وەرزش لەم هەرێمە، كارەساتی گەورەتر بەڕێوە دەبێت ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەكرێت، كە ئەو چارەسەرەش بە نیشتمانی كردنی وەرزش دەبێت، وەرزش واي لێ بكرێت هەموو تیپەكان بە تیپی كوردستان ناو ببرێن، خۆشەویستی ئاڵای كوردستان لە پێش خۆشەویستی ئاڵای حزبەوە بێت، دامەزراوەكان ‌و پڕكردنەوەی پۆستەكان لە سەر بنەمای توانا‌ و لێهاتوویی بێت، نەك ئەوەی ئێستا دەیبینین كە فلتەری حزبایەتی پێش هەموو فلتەرەكانی ترە.

پێویستە هەموو چین‌ و توێژەكان بەشدار بن لە بەڕێوە بردنی سیستمی وەرزش، دەبێت پێش هەموو شتێك وەرزش بوون بكرێتە پێوەر، جا ئەگەر لە هەر حزب ‌و رەنگێك بێت، راو سەرنج لە وەرزشكارانەوە وەربگیرێت نەك لە دامەزراوە حزبیەكان.

لاوازی پەرلەمان‌ و لیژنەكانی وەرزش
لاوازی پەرلەمان‌ و لیژنەكانی وەرزش یەكێكی ترە لەو هۆكارانەی وەرزشی كوردستان بەم ئاقارە گەیاندوە، بەو پێیەی تا ئێستا یاساییەكی روونی بۆ وەرزش دانەناوە ‌و لەو نێوەندەشدا قۆرخكاریی دروست بووە، بۆچی لە ئەمریكاوە پارە دێت بۆ كوردستان‌ و هێزی پێشمەرگە ‌و چەندین بواری تر بە رەسمی لە نێو وڵاتان حسابی بۆ دەكرێت، بەڵام نەتوانین لە ناو خۆدا یاساییەك دەربكرێت كە وەرزش لەم پەرتەوازەییە‌ و پاوانخوازییە رزگار بكەین‌ و هەڵبژاردنی راستی بكرێتە پێوەر بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە وەرزشیەكان ‌و تەنانەت یانەكانیش، كە ئەمەی دووەمیان سوودیان لە نەبوونی یاسا وەرگرتوە بۆ ئەوەی كەمترین گۆڕانكاری لە دەستەی كارگێڕی یانەكاندا بكرێت، ئەوەش تەنها بەوە چارەسەر دەبێت كە سەقفێكی زەمەنی بۆ بەڕێوەبردنی یانەكان دابنرێت‌ و دوای ئەوە هیچ كەس مافی خۆ كاندیدكردنی نەبێت.

پاوانخوازییەی وەرزش
حكومەتیش پشكی شێری ئەم پاوانخوازییەی وەرزشی بەردەكەوێت كە هەمیشە بە چاوێكی كەم سەیری وەرزشی كردوە‌و نەیخستۆتە پێشینەی كارەكانی، وەك چۆن نەیتوانیوە لە رووی بەڕێوەبردنەوە وڵاتێكی سەقامگیر دروست بكات، وەرزشیش بووە بە ژێر پێوە‌ و هیچ كات وەك هۆكارێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی سیاسی سەیر نەكراوە ‌و نەیكردووە بە پردێك بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان بە تایبەتی دراوسێكانمان، ناوی وەزارەتەكەی حكومەتیش شاهێدی ئەوە دەدات كە وەرزش هیچ بەهایەكی راستەقینەی نیيە، كە ناوی وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوانە بە بێ ناوی وەرزش.

دادگای وەرزشـــــی
دادگای وەرزشی یەكێكیترە لە چارەسەرەكانی وەرزش لە كوردستان، رۆژانە زوڵم ‌و ستەم دەبینین لە یاریزان ‌و كادرانی وەرزش دەكرێت، بەڵام كەسێك نیيە لێپرسینەوە بكات، بەڵام ئەوەش بوێری بەرپرسانی دەوێت لە بڕیاردان‌ و هاتنە دەرەوەی وەرزشكاران لە ژێر چەترى حزب، حزبایەتی ‌و شارچێتی لە بارەگا حزبیەكەی خۆت ‌و شارچێتیش لە شارەكەی خۆت بكە، بەڵام لە سەر دۆسیيە هەستیارەكان ‌و چارەنووسی ئەم نیشتمانە، نیشتمانیبوون بكەنە دروشم‌ و واز لە بەرژەوەندی تاك بهێنن بۆ بەرژەوەندی گشتی، چونكە مێژوو رەحم بە كەس ناكات‌ ئەوەی ناوی بە خراپ بڕوات دڵنیا بن لە لاپەڕە رەشەكانی مێژوو تۆمار دەكرێت ‌و لاپەڕە سپیەكانیش بۆ ئەو كەسانەیە كە خەمی خاك ‌و نیشتمانەكەیانە‌ و وەرزشیان كردۆتە سەنگەرێك لە سەنگەرەكانی خەبات.

 

بە پێنووسی باشكاتب/ بەهمەن غەریب

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا