ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز : ئەگەری هەیە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە ببێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە  https://t.me/Politicpress

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، سەركردەی بزوتنەوەی ئیسلامی لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس وتی: تالیبان لە بنەما شەرعییەكان لاینەداوە بەڵام وەختی خۆی رەنگە كۆمەڵێكی تێدابووبێت زۆر توندڕەو بووبن، شەریعەتیان وەكو خۆی پیادە نەكردبێت، بەڵام ئێستا زۆر باشترن و دەستە شەرعییەكانیان زۆر چاكترن، ئەزمونی سیاسی و دیبلۆماسی زیاتریان بینیوە، ئێستا هەڵسوكەوتێكی عاقڵانە و ئیسلامیانەی جوانتر دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر نزیكە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە، چونكە هەمان ئەو خاڵانەی لە ئەفغانستان هەبوون وەكو گەندەڵی و بوونی زوڵم و دروست بوونی بۆشایی لە نێوان دەسەڵاتداران و هاووڵاتیاندا، لە ئەفغنستان لە عێراقیش هەیە، بۆیە خەڵك زۆر لە دەسەڵاتداران لە بەغدا و كوردستانیش توڕەن و خوا خوایانە فریاد رەسێك بێت بە دەنگیانەوە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

_ پۆڵەتیك پرێس: دوای پەیامەكەت بۆ بزوتنەوەی تاڵیبان خەڵكی هەرێم وەك دڵخۆشبوونی تۆ بەسەركەوتنی تاڵیبان لێكیان دایەوە، بۆچی خۆشحاڵیت بە سەركەوتنی تالیبان؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە وەكو موسڵمان و خەڵكی ئەفغانستانیش وەكو خەڵكێكی موسڵمان و مەزڵوم، كە زۆر شتمان لە یەكدەچێت لە مەزڵومیەتدا، هەردوولامان یەكتریش ئەناسین، واجبە لەسەر شانی هەموو موسڵمانێك كە بەدڵخشی برا موسڵمانەكەی دڵخۆش بێت، وە بە ناڕەحەتییەكانی ناڕەحەت ببێت، بۆیە ئێمە سەركەوتنی ئەوان بە سەركەوتنی خۆمان دەزانین، هەموو ناڕەحەتییەكی موسڵمانانیش لە هەرجێگایەكدا بن بە ناڕەحەتی خۆمانی ئەزانین.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا مۆدیلێكی تری ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتیان گرتە دەست بەڵام وەكو چاودێران باسی دەكەن سەركەوتوونەبوون، كە مەبەستمان لە میسر و تونسە، لە دوای ئەو دیمەنانەی كە لە تونس بینیمان لە ماوەی رابردوو، ئێمە دیمەنی هاتنەوەی تالیبانمان بینی بۆ ئەفغانستان، پێتان وایە قۆناغە وایە هێزی جیهادی بتوانن بێنەوە گۆڕەپانەكە و حوكمڕانی ئەو وڵاتانە بكەن ئەو هێزانەی تێدایە؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە هەموو موسڵمانێك بە خوشك و برای خۆمان ئەزانین، بەڵام ئەو مەدرەسەی كە وابزانێت تەنها بەهەڵبژاردن ئەتوانن حوكمداری بكەن ئەوە زۆر هەڵەن، وە لە زۆرێك لە شوێنەكانیشدا شكستی ئەوەمان بینی لەبەرئەوە ئەگەر هێزێك نەبێت بەرگری بكات لەو بەهاجوانانەی كە ئەتەوێ‌ بڵاویان بكەویتەوە ناتوانیت حوكم بكەیت، لەبەرئەوە ئەو مەدرەسەیەی تەنها بڕوای بە هەڵبژاردن بوو شكستی هێنا بە نمونە لە میسر كاتێك سیسی كودەتای كرد ئەو هەموو وڵاتانەی خۆیان بە دیموكراتی و مۆدێرن ئەزانن، یەكێكیانمان بینی ئیدانەی ئەو كودەتایە بكەن و بڵێن ئەو حكومەتی پێشتر بە سندوقی هەڵبژاردن هاتووەتە سەر حوكم، بەپێچەوانەوە هەموویان دەستخۆشییان لە سیسی كرد، چونكە هەموویان لە ناخیاندا دژایەتی موسڵمانانیانكرد، ئەگینا ئەوە دووربوو هەر لە خودی ئەو بەهاو پرەنسیپانەی خۆیان بانگەشەی بۆ ئەكەن، واتە وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا بانگەشەی بۆ ئەكەن، لەبەر ئەوە ئەبێت موسڵمان خۆی نەخڵەتێنێت، ئیسلام دینێكی تەواوە بە هیچ شێوە زوڵم لە كەس نەكات بۆیە ئەبێت هێزێك هەبێت ئەو بەها جوانانەی تۆ بپارێزێت، نەهێڵێت ناعەدالەتی و زوڵم بەرامبەر بە تۆی موسڵمان بكەن.

پۆڵەتیك پرێس: بەڵام دەوترێت گەڕانەوەی تالیبانیش بە رێككەوتن بوە لەگەڵ ئەمریكا، ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی تالیبانی نەكردایە نەیدەتوانی بگەڕێتەوە بۆسەر شانری سیاسی ئەفغانستان؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئەوە هەندێك خەڵكی ترسنۆكن ئەو قسانە ئەكەن، بڕۆ هەموو میدیای ئەمریكا تەماشابكە لەم هەفتەیەدا هەموویان دان بە شسكتی خۆیاندا ئەنێن، بەهیچ شێوەیەك ئەمریكا دەستی نەبووە لە گەڕانەی تالیباندا، ئەمریكا تەنها گفتوگۆی لەگەڵ كردوون، هەر لەسەردەمی ترامپەوە بڕوایان بەوە هێناوە كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن لە ئەفغانستان بمێننەوە و ئەو وڵاتە ئیسلامییانە داگیربكەن كە هێزیان بە دەستەوەیە، بۆیە ناچاربوون بكشێنەوە، تالیبان تەنها هێز و عەزیمەتی خۆیان وایكرد بگەڕێنەوە سەرحوكم.

_ پۆڵەتیك پرێس : ئەوەی بەدی دەكرێت و چاودێران هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەن هەڵسوكەوت و مامەڵەی تالیبان لەدوای گەڕانەوەی جیاوازە لە تالیبانی پێش 20 ساڵ، ئەمە ستراتیجی كاری نوێی تالیبانە یان تاكتیكی و مامەڵەیەكی كاتییە؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: تالیبان لە هیچ شتێكی بنەما نەگۆڕەكانی شەرع لاینەداوە، بەڵام كاتی خۆی كۆمەڵێكی تێدابووە، لەوانەیە زۆر توندڕەوبووبن و شەرعیان وەكو خۆی پیادە نەكردبێت، بەڵام ئێستا زۆرباشن و دەستە شەرعییەكانییان زۆر چاكترن، خۆیان ئەزمونی سیاسی و دیبلۆماسیان زیاتر بینیوە، بۆیە ئێستا هەڵسوكەوتێكی عاقڵانە و ئیسلامییانەی جوانتر ئەكەن، ئەوەتا برای سەرۆككۆمار رۆشت بەعەتیدا بە تالیبان، تەنانەت لێبودنیان دەركرد بە خودی ئەشرەف غەنی كە سەرۆككۆماربووە، وە بۆ بەرپرسە باڵاكانی دیكە و وەزیرەكانی حكومەت، ئەوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان و پارێزراودەبن، وە بەهیچ شێوەیەك بەرق و قین مامەڵە ناكەن لەگەڵ هیچ بەرپرس و نەتەوەیەكی ئەفغانستاندا.

_ پۆڵەتیك پرێس: تالیبان تا چەندە دەتوانێت ئیدارەی حوكمڕانی ئەفغانستان بكات، وە سەركەوتووبێت لە بەڕێوەبردنی ئەفغانستاندا؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: لەو بڕوایەدام ئەگەر وڵاتان بهێڵن سەركەوتوو دەبن چونكە ئەو هەنگاوانەی ناویانە هەنگاوێكی جوانە، هەموو ئەو پێكهاتانەی لەو وڵاتەدا هەن وەكو تاجیك و هەزارە و ئوزبەك، هەمووی پشتیوانی لێدەكات، ئەوەش هۆكاربوو بۆئەوەی ناوچەكان ئازادبكرێن.

پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، رای ئێوە لەمبارەیەوە چییە، خاڵی هاوبەش لە نێوان عێراق و ئەفغانستان چییە وە خاڵی جیاوازیان چییە؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: ئەگەر تەماشابكەین ئەمریكا هەردوو وڵاتەكەی داگیركرد، وە هەردوو وڵاتەكە، وەكو یەك گەندەڵی تیایە، چۆن بەرپرسانی ئەفغانستان سودیان لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا بینیبوو، سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان بۆخۆیان دەبرد، بە هەمان شێوە ئەمەش لە كوردستان و عێراقیش بوونی هەیە، وە ئەو بۆشاییەی لە نێوان دەسەڵات و خەڵكدا لە ئەفغانستان دروست بووبوو، بەهەمانشێوە لە عێراق و كوردستانیش بوونی هەیە، بۆنمونە لای خۆمان ئایا ژیانی بەرپرسان و پێشمەرگە ئاساییەكان وەكو یەك وایە، بایدن بڕیاریداوە لە عێراقیش بكشێتەوە، چونكە ئەوان گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەڵێن بۆچی بڕۆین سەربازی ئەمریكی بە كوشت بدەین، بۆیە ئەو سیناریۆەی ئەفغانستان لە عێراق نزیك بووەتەوە، وە بەرسان كارێكیان نەكردووە لە خەڵك نزیك ببنەوە، ئەو ستەم و ناداپەروەریەی هەیە كارێكی كردووە هەم لە عێراق و هەم لە كوردستانیش خەڵك خواخوای فریاد رەسێكیانە.

_ پۆڵەتیك پرێس : ئەگەر ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە دەگوترێت كارەسات ڕوودەدات، ئەی ئەگەر نەكشێتەوە چی ڕوودەدات؟ ئایا میلیشیا شیعەكان لێدەگەڕێن ئەمریكا ئاسوودەبێت؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر، لەم قۆناغەدا كە دێتە پێشەوە دۆخە زۆر دەگۆڕێت لەبەرئەوەی كاتی خۆی سیاسەتی ئەمریكا و ئێران هاوتەریب بوون لەگەڵ یەك چونكە دوژمنێكی هاوبەشیان هەبوو كە سەددام بوو، بۆیە ئەوانەی سەر بە سەربازگەی ئەمریكابوون و ئەوانەشی سەر بە سەربازگەی ئێران بوون، تا راددەیەك هەردوولایان لەیەك بەرەدابوون، لەم ساڵانەدا كە وردە وردە فشار لەسەر ئێران زیاد ئەكات، بۆیە ئەو هێزانەی لە عێراق و كوردستانن ئەوەیان بۆنەما قاچێكیان لای ئەمریكابێت و قاچێكیان لای ئێران بێت، ئیتر ئەبێت خۆیان یەلایی بكەنەوە بۆیەكێك لەو دوو بەرەیە، بۆیە ئەمریكاش بەو شێوەیە نامێنێتەوە و ئەگەر بتوانێت یارمەتیش بدات تەنها بە شێوەی ئاسمانی ئەتوانێت یارمەتی پێشكەش بكات، بۆیە دۆخەكە زۆر خراپترە لەوەی خەڵك چاوەڕوانی بكات، بۆیە كوردیش ئەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە ئەچێتە بەرەی ئێران یان ئەمریكا، هەربۆیە ئەو بۆردومانانەی دەكرایە سەر هەولێر بابەتێكی جدی نیە تەنها هۆشداریدانە بە هەرێم و ئەمریكاش بەوەی ئەگەر ئەمریكا بیەوێت لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراق پاشەشكە بكات، ئێمە لێرەش دەستمان پێیان دەگات، بۆیە سەرانی كورد ئیتر ئەبێت یەكلاببنەوە لەگەڵ ئێران بن یان لەگەڵ ئەمریكا ئەمەش قورسە بۆیان چونكە تا ئێستا لەگەڵ هەردوولادابوون.

_ پۆڵەتیك پرێس: داهاتووی هێزی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان چۆن دەبینیت؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: ئێمە شانازی بە هێزی ئیسلامی ئەكەین، كاتێك هێزی ئیسلامی یەك سەركردایەتی هەبوو ، عزەتی هەبوو وەرێزی لێئەگیرا، بەڵام بەداخەوە كە هاتە سەرئەوەی حزبی تر دروستبوو ، بە دەستی هێزی بێگانە و حزبی بەعس، بووبەهۆی ئەوەی موسڵمان هیچ عزەتێكی نەما لە كوردستاندا، ئێستاش بۆئەوەی عزەت بگەڕێتەوە بۆ هێزی ئیسلامی لە كوردستاندا ئەبێت هەموویان لەژێر یەك بەیداخدا كۆببنەوە ئا بەم شێوەی كە هەیە و هەركەس بۆخۆی كاردەكات ناتوانێت نە شكۆیان بۆ بگەڕێتەوە نە رێزیان بۆ بگەڕێتەوە.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە كۆتاییدا هیچ پرسیارێكمان نەماوە ئەگەر خۆت قسەیەكت هەبێت و ئێمە پرسیارمان لەبارەیەوە نەكردبێت؟

+ ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: پارتی بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حزب و لایەنەكانی دیكە دەكات وەكو ئەو خاوەن ماڵ بێت و ئەوانی دیكە كرێچی، ئەبێت ئەم عەقڵیەتە نەمێنێت و هەمووی خۆی بە خاوەنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان بزانێت، ئەبێت عەدالەت بەرپابكرێت بەداخەوە تا ئێستا ئەوە نییە، ئەگەر ئێستا درەنگیش نەبێت ئەبێت بەزوویی گۆڕانكاری لە حوكمڕانی هەرێمدا بكرێت، وە هەموو ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە پێش ئەوەی بلۆك بكرێن و بارودۆخەكە بتەقێتەوە بیهێننەوە بیدەنەوە بە خەڵكی هەژاری هەرێمی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا