پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەو کەسەی لەماوەی رابردوودا هەستا بە شێواندنی کامێراکانی چاودێری هاتوچۆی سلێمانی، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ڕێنمایی و فەرمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەبڕیاری دادوەر، دواى ئەوەی چەند کامێرایەکی چاودێری هاتوچۆی سلێمانى شێوێندرا، توانی تۆمەتبارى ئەو تاوانە دەستگیر بکات و ڕوبەڕوى یاسای بکاتەوە”.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دواى ئەوەى زانیاریمان پێگەشت کە لە ڕۆژى 4/8/2021 چەند کامێرایەکی جێگیرى چاودێری هاتوچۆى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی پارێزگاى سلێمانى لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود نزیک پردى کۆبانى بە بۆیاخ شێوێندراون، هێزەکانمان دەست بەجێ دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی زانیارى”.
ئاماژە بەوەشکرا، “توانرا لە ڕۆژى 7/8/2021 تۆمەتبار ( ڕ، ع، ع ) لەدایکبوى ساڵى 1997 پیشە شۆفێری تاکسی، دانیشتوی شاری سلێمانیە، لەناوچەى پیشەسازى سلێمانى دەستگیربکەن”.
ئەوەش هاتووە، “تۆمەتبار دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و هۆکارى ئەو کارەشى بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە چەندین جار سەرپێچى تیژڕەوى کردوە و وێنەی گیراوە، بەپێی ماددەی (240) لە یاساى سزادان بە تۆمەتى شێواندنى موڵک و ماڵى میری ڕاگیراوە”.