بەهۆی تورکیاوە عێراق کەوتووەتە بەردەم مەترسی تینوێتی

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هێشتا قەیرانی ئاو لە عێراق لە شوێنی خۆیەتی ئەگەر لە نێوەندی دانوستانە بێ بەرهەمەکانی تورکیا و عێراق بەرەو خراپتر نەچێت.

هاوکات، تورکیا بەردەوامە لە دروستکردنی بەنداو و کۆگای ئاو لەپێناو گلدانەوە و گرتنەوەی زۆرترین ئاو لە عێراق و سوریا.

لە نوێترین پێشهاتی ئەم دۆسیەیەدا مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق باسی لەوە کرد، ئەو سەرچاوە ئاوییانەی لە تورکیاوە لەڕێی رووبارەکانی دیجلە و فورات دێن، بەڕێژەی %50 کەمیان کردووە.

ئەو دەڵێت: سەرچاوەی جۆگە ئاوییەکانی بەنداوی دەربەندیخان رێژەکەی بووەتە %0 و سەرچاوەی زێی بچووکیش بەڕێژەی %70 کەمیکردووە.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان ئەوەشی خستەڕوو، دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە پلان بۆداڕێژراوە و وتی: ئەوەی لە ئێستادا پێویستمانە ئاوی خواردنەوەیە کە ئەویش هەڕەشەی لەسەرە.

لەو کاتەدا کە عێراق سەرقاڵی بنیادنانی ئابووری وڵاتەکەیە، دڵەڕاوکێکان لەبارەی کەمبوونەوەی ئاو لە زیادبووندان

لەدوای زنجیرەیەک دیداری نێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا، کە تا ئێستا چارەسەری کۆتایی بۆ ئەم قەیرانە نەدۆزراوەتەوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان رایگەیاند، شاندێک بە سەرکردایەتی مەهدی رەشید حەمدانی دەچێتەوە تورکیا و گفتوگۆ لەسەر پشکی ئاو و چۆنیەتی دابەشکردنی لەنێوان عێراق و تورکیا دەکەن و بڕیارە لەو سەردانەدا رێککەوتنێکی نوێ بکرێت.

وەزارەت رایگەیاند، دانوستانی سەردانی ئەمجارە لەبارەی دابەشکردنی ئاو دەبێت لەنێوان عێراق و تورکیا و ئەو بڕە ئاوەی ئێستا هەیە.

حەمدانی باس لەوە دەکات، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا جەختی لە پێویستی دابەشکردنی ئاو کردووەتەوە و وتی: پێشتر دەستەواژەی “دابەشکردنی ئاو” لە تورکیا قەدەغە بوو، بەڵام ئێستا بەردەستە.

بەپێی قسەی ئەو وەزیرە، شاندێکی تورکیاش دێتە عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی پرۆتۆکۆڵی پەیوەست بە رووباری دیجلە.

حەمدانی دەڵێت: لەم ماوەیەدا وەزارەت چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر و توانراوە زیاتر لە جارێک لەسەر بابەتی هونەری لەگەڵ تورکیا و سوریا کۆببینەوە، بەڵام هێشتا چاوەڕێی ئێرانین کە تا ئێستا ئامادە نەبووە لەسەر گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی ئاو، دیداری لەگەڵ سازبکەین.

ئاشکراشی کرد، لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا هەیە و بەمنزیکانە شاندیان دێتە عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی پرۆتۆکۆڵی پەیوەست بە رووباری دیجلە، بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەو بڕە ئاوەی مافی عێراقە لە رووباری دیجلە.

هاوکات، بڕیارە ناوەندێکی توێژینەوەی هاوبەش بنیادبنرێت تا بتوانرێت هەموو وڵاتان بانگهێشت بکرێن، چ لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، یاخود رێکخراوەکان بەتایبەتی لە سوریا و ئێران.

رووباری دیجلە و فورات بە شادەماری ژیانی عێراق دادەنرێن، بەڵام پڕۆژە ئاوییەکانی تورکیا بووەتەهۆی پاشەکشەی پشکی عێراق لە هەردوو رووبارەکە

ساڵانی رابردوو، عێراق پێشوازی لە 40 بۆ 50 ملیار مەتری چوارگۆشە ئاوی رووباری دیجلە دەکرد، بەڵام ئێستا پێشوازی لە نزیکەی 15 بۆ 20 ملیار دەکات.

لەبارەی رووباری فوراتیشەوە کە ئێستا زیانێکی زۆری بەردەکەوێت، پێشتر عێراق پێشوازی لە 30 بۆ 35 ملیار مەتری چوارگۆشە لە ئاوی رووباری فورات دەکرد، بەڵام لە ئێستادا پێشوازی لە کەمتر لە 15 ملیار مەتر چوارگۆشە دەکات.

قەیرانی ئاو لە عێراق هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی رێژەی دانیشتووانەکەی، ساڵی 2020 وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، دانیشتوانی عێراق 40 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی باشوری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە ناسراوە بە گاپ و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە کارکردن تیایدا بەردەوامە، تورکیا پێنج بەنداوی گەورەی لەسەر رووباری دیجلە هەیە و لە ئێستاشدا کار لەسەر دوو بەنداوی دیکە دەکات.

لەنێو ئەم بەنداوانەدا بەنداوی ئەلیسۆ هەیە کە هۆکاری سەرەکییە بۆ کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق.

لایخۆیەوە راوێژکاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان باس لەوە دەکات، دۆسیەی ئاو تەنیا بەرپرسیارێتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقیشە، وتیشی: ئەمە تاکە دۆسیەیە کە عێراق بە گرنگییەکی زۆرەوە لێی دەڕوانێت.

 

سەرچاوە: پێگەی ئەحوال

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا