پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێس لەگەڵ بەڕێز دكتۆر رێبوار كەریم مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تیشك دەخاتە سەر تەوەرێكی تایبەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئاییندەی سیاسی هەرێم و عێراق و شیكردنەوەی ئەو گریمانانەی دەكرێت بۆ ئەنجام دان یان ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و یاسای بودجە و هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی ئەو بڕگە و ماددانەی یاساكە تا ئێستا كە پەیوەستن بە كوردەوە.
ئامانجی سەرەكی ئەم هەڵبژاردنە، بۆ سەقامگیرییە
_ پۆڵەتیك پرێس: وەك دەبینین رۆژ بە رۆژ باڵانسی ئەو ئەگەرانە بەرزتردەبێتەوە كە باس لەوەدەكەن هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا ئەنجام نادرێت، بە بڕوای بەڕێزتان بڕیارەكەی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ویست و بڕیاری ئەو حزبانەی لەگەڵ هەڵبژاردن نین سەردەكەوێت؟
رێبوار كەریم مەحمود: پێویست دەكات تۆزێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی ساڵی 2019 رایەك دروست بوو لە ناوعێراقدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، وە كاتێك حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەست بەكاربوو یەكەم خاڵی بەرنامەی كارەكەی ، بریتی بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 6/5/2021، ئەوەبوو حكومەت و كۆمسیۆن و بارودۆخە سیاسییەكەش لەبارنەبوو بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وادەیەدا ئەنجام بدرێت، بڕیاردرا هەڵبژاردنەكە دوابخرێت بۆ 10/10/2021، بەڵام ئەم پرۆسەیە دوو قۆناغ بڕیاری لەسەر دەدات، قۆناغێكیان پێش بایكۆتی رەوتی سەدرە، ئەو هێزانەی دژی رەوتی سەدربوون لە ناو ماڵی شیعەدا، بە دیاریكراوی فەتح و دەوڵەتی یاسا ئەمانە پێیان وابوو نابێت هەڵبژاردن لە 10/10/2021 بكرێت، چونكە مەترسییان هەبوو رەوتی سەدر نزیكەی 100 كورسی بەدەست بهێنێت و گرفت بۆ ئەوان دروست بكات، بەڵام دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بڕیاریدا رەوتەكەی بەشداری هەڵبژاردنی 10/10/2021 ناكات و كەسیش بۆی نییە بەناوی رەوتی سەدرەوە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات، ئەمە گرفتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دروست كرد و لایەنی بەرامبەر كە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوون راكەیان پێچەوانەبوویەوە و ئێستا فەتح و دەوڵەتی یاسا لە هەموو لایەك زیاتر سوورن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی كە ساحەكەیان بۆ تەخت بووە و ركابەرە سەرەكییەكەیان بەشداری ناكات، بەڵام بۆچوونێك هەیە پێی وایە هەڵبژاردنیش بكرێت رەنگە پشێوی لێبكەوێتەوە و پەرلەمانی داهاتوو رەنگە تەمەنی زۆركورت بێت، ئەمەش ببێتە هۆی دروست بوونی پشێوی زیاتر لە عێراقدا ، لە كاتێكدا ئامانجی سەرەكی ئەم هەڵبژاردنە، بۆ سەقامگیرییە، بۆیە قسەكە لەسەر بڕیاری كۆمسیۆن نییە چونكە كۆمسیۆن دەزگایەكی جێبەجێكارە، بڕیاری حكومەت و پەرلەمان جێبەجێدەكات، قسە لەسەر ئەوەیە ئایا ئەمجارە پەرلەمان وادەی هەڵبژاردن لە 10/10/2021 دوادەخات وە ئایا توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەو دواخستنەی دەبێت ، یان كێ لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكەدایە، ئەمانەش لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەردەكەوێت چونكە ئێستە پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە، تا 3ی ئەیلول دوای ئەوبەروارە دەردەكەوێت پەرلەمان ئامادەیە گۆڕانكاری لە وادەی هەڵبژاردنەكە بكات یان نا.
_ پۆڵەتیك پرێس: ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت بارودۆخی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات؟ وە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت تاچەندە بارودۆخی سیاسی عێراق بەرەوسەقامگیری دەڕوات؟
رێبوار كەریم مەحمود: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە بێ بوونی رەوتێكی سیاسی گەورە و كاریگەری وەكو رەوتی سەدر قورسە، هەموو ئەگەرێك بە ئەگەری پشێوییەوە دەهێنێتە كایەوە، چونكە رەوتی سەدر بەهێزترین رەوتی جەماوەرییە لەناو شیعەدا، ئەمە تەنانەت هێزە ركابەرەكانی رەوتی سەدر دان بەم راستییەدا دەنێن، بۆ ئەنجام دان یان ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و خوێندنەوەی بارودۆخەكە بۆ هەر ئەگەرێكیان كۆمەڵێك پێوەر هەیە پێویستە لێكی بدەینەوە، یەكێك لەو پێوەرانە لە ئاستی ناوخۆییدا، پێویستمان بەوەهەیە لێك تێگەشتن هەبێت لەسەر پرسی هەڵبژاردن، ئایا ئەمە هەڵبژاردنە لە پێناو هەڵبژاردن، یان هەڵبژاردنە لە پێناو گۆڕینی واقعێكی سیاسی و ئابوری خەڵك، لەلایەكی دیكە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەكی گرنگ نەهێنێتە كایەوە كێشە نیە لەوادەی ئاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت كە 18/7/2021 دەكات، بۆئەوەی رووبەڕووی گێرەشوێنی و نا ئارامی نەبینەوە پێویستمان بەوەهەیە هێزی سیاسی گەورە بایكۆتی هەڵبژاردن نەكات كە ئێستا كردوویەتی، كە رەوتی سەدرە.
هەرێم لە بابەتی نەوت و گومرگ و بابەتە فیدراڵییەكان پابەندی دەستوور نەبووە
_ پۆڵەتیك پرێس: هەڵبژاردن بۆ كورد چ گرنگییەكی هەیە ئەگەر ئەنجام بدرێت، وە ئەگەر ئەنجام نەدرێت چ كاریگەرییەكی هەیە؟
رێبوار كەریم مەحمود: هاوكێشەی كاریگەری بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لای شیعەیە، نە لای سوننەیە نە لای كوردیشە، وە ژمارەی ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق نەگۆڕە، ئێستا 59 یە، چونكە كورسییەكان بەپێی بازنەكان دیاری كراون و بازنەكانیش روونن چەند كورسین، ئەوەی پێگەی كورد دیاری دەكات بریتیە لە دوو خاڵ، یەكەم تۆ بۆچی ئەچیت بۆ بەغدا، بەپێی ئەو ئەزمونەی كە من هەمە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا كە ساڵ و نیوێكیان كۆرۆناش بووە، بۆم دەركەوتووە بابەتی پابەندبوونی هەرێم بە دەستوورەوە زۆر بابەتێكی هەستیارە لای هێزە عێراقییەكانی دیكە، هەمیشە كە قسەیان لەگەڵ دەكەین دەڵێن ئێوە تا چەندە ئامادەن پابەندی دەستوور ببن، لەبەرئەوەی گرفتیان هەیە لە پابەندبوونی هەرێم بە دەستووری عێراقەوە، ئەوەش راستییەكە هەرێم لە بابەتی نەوت و گومرگ و بابەتە فیدراڵییەكان پابەندی دەستوور نەبووە، خاڵی دووەمیش كە پێگەی كورد دیاری دەكات لە بەغدا ئەوەیە كە تۆ داوای چی لەوان دەكەیت، ئایا داوای دەستكەوتی حزبی دەكەیت، یان داوای دەستكەوتی جەماوەری دەكەیت، كە هێزە عێراقییەكان زانییان تۆ بۆ داوای میللەتەكەت هاتوویت زۆر رێزی زیاترت لێدەگرن.
_ پۆڵەتیك پرێس: ئەو بڕگەو ماددانەی لە یاسای بودجەدا تایبەتن بە كورد تا ئێستا جێبەجێنەكراون، تەنها بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەیە كە مانگانە بڕی 200 ملیار دینار وەكو پێشینە رەوانەی هەرێم بكرێت، بۆچی نەتوانراوە ئەم بڕیارە بڕیارێكی دڵنیا كەرەوەبێت وە مانگانە ئەو بڕە پارەیە بە بێ كێشە بێت بۆ هەرێم تا ئەو كاتەی یاسای بودجە جێبەجێدەكرێت؟
رێبوار كەریم مەحمود: ئێمە لە یاسای بودجەدا كۆمەڵێك ماددەی زۆر باشمان بۆ كورد جێگیركردووە، بەڵام ئەو ماددانە بەستراوەتەوە بە كۆمەڵێك داواكاری لە هەرێمی كوردستان، زۆربەی داواكارییەكانیش تەكنیكین لەوانە ، لەوانە لیستی مووچە خۆران كە لە ساڵی 2011 ەوە تازە نەكراوەتەوە، لە بەغدا 682 و بیست و یەك كەس، وەك مووچە خۆر تۆمارن، هەرێمیش دەڵێت من مووچەی ملیۆنێك و 249 هەزاركەس دەدەم، بەغدا داوای ئەو لیستە نوێیە دەكات، تا ئێستا هەرێم ئەو لیستەی رادەست نەكردووە، لەلایەكی دیكە بەغدا داوای لیستی فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكانی كردووە كە زیاترە لەوەی بەغدا بۆی دیاری كردوون، بەغدامان رازیكرد بە زیادەكەش قایل بێت، تا ئێستاش هەرێم لیستەكەی نەناردووە، كە ئەبوایە 30/ 6/ 2021 وەكو دوا وادە بۆ ناردنی ئەو لیستە دیاری كرابوو بیناردایەت، بەپێی خودی یاسای بودجە كە هەرێم رایگەیاند یاسایەكی زۆرباشە، دەبوو هەرێم داتای فرۆشتنی نەوت رادەستی بەغدابكات، لەگەڵ ئەوەی رازی بوو تا ئێستا نەیناردووە، هەرێم دەبوو داتای گومرگەكان بدات بە بەغدا و رێگەش بە بەغدا ببات ئامادەیی هەبێت لەناو خاڵە گومرگییەكاندا بەڵام تا ئێستا هەرێم ئەمەی نەكردووە، بۆیە ئەو 200 ملیارەی بەغدا دەی نێرێت وەكو هاوكارییەك دەی نێرێت.
_ پۆڵەتیك پرێس: ئەم 200 ملیارەش كە بەغدا دەینێرێت، دڵنیا كەرەوە نیە واتە مەترسی لەسەر ناردنی هەیە؟
رێبوار كەریم مەحمود: نەخێر دڵنیا كەرەوە نییە.. من دڵنیاییتان دەدەمێ ئەگەر ئەو 200 ملیارە ئەم مانگەش بێت، تا كاتی هەڵبژاردن دێت ” ئەگەر ئێستا بكرێت یان دوا بخرێت” ئەوە حكومەتی عێراق كردوویەتی بۆئەوەی پاڵپشتی نوێنەرانی كورد بە دەست بهێنێت تا بەردەوام بێت لە قۆناغی داهاتوودا، لەمە زیاتر نییە.
_ پۆڵەتیك پرێس: بابەتێكی دیكەی گرنگ بریتیە لە پرسی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەبڕوای ئێوە هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا دەكشێنەوە یان تەنها گۆڕانكاری لە ناونیشانیاندا دەكرێت؟
رێبوار كەریم مەحمود: من ئێستا ئەندامی لیژنەی دەستپاكیم بەڵام پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەبووم، پێش ساڵ و نیوێك بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی عێراقمان كرد بۆ لیژنەكە، ئەم پرسیارەمان لێكرد كە ئایا هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراقدا هەیە وتی نەخێر، كە هێزی شەڕكەر بوونی نییە، چی ئەكشێتەوە؟ئەوەی كە هەیە لە ساڵی 2014 ەوە لەسەر داوای حكومەتی عێراق هێزێكن هاتوون بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عێراق، لەبەرئەوە شتێك نییە بەناوی هێزی شەڕكەرەوە تا بكشێتەوە، بەشێكی رێككەوتنەكەی ئەمریكا و عێراق تەنها بۆ رازی كردنی ئەو هێزانەیە كە داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن، بەڵام قسەیەكی تر هەیە، ئایا هێزە عێراقییەكان ئەم راهێنەرانەشیان ناوێت، یان ئەمریكا خۆی ئەم راهێنەرانە دەباتە دەرەوە، پێم وایە هەموو ئەگەرێك كراوەیە، بۆخۆم هەردوو ئەگەرەكەم لە ئەمریكیەكان بیستووە چ مانەوەیان چ نەمانەوەیان، پێیان وانییە دەستكەوتی گەورەیان هەبێت لە مانەوەدا، بەڵام ئایا لە نەمانییان لە عێراق ئەم وڵاتە تووشی گێرەشێوێنی دەكەن، چونكە روودانی گێرە شێوێنی ئەگەری هەیە.
_ پۆڵەتیك پرێس: مەترسییەكە لەسەر ئەوەیە كە هەمان چارەنووسی ئەفغانستان رووبەڕووی عێراق ببێتەوە؟ قسەی ئێوە لەمبارەوە چییە؟
رێبوار كەریم مەحمود: عێراق و ئەفغانستان خاڵی لێكچوو و خاڵی جیاوازیشیان هەیە، بەڵاًم لە عێراقدا هێزێكی هاوشێوەی تالیبان نیە تا ئەمریكا رێككەوتنی لەگەڵ بكات و عێراقی رادەست بكات، عێراقیش وڵاتێكی زەمینەكەی زۆر لەبارە بۆ دروست بوونی گێرەشێوێنی، پێم وانییە هاوشێوەی ئەفغانستان لە عێراق رووبدات، بەڵام ئەگەرێكی زەحمەتیش نییە، بە نیسبەت كوردەوە بەوپێیەی ئێمە نوێنەری كوردین، خۆشمان بە خەمخۆری ئەزمونی هەرێمی كوردستان ئەزانین، سەرەڕای هەموو تێبینییەكم لەسەر ئەو گەندەڵییەی لە هەرێم هەیە، حەزناكەم هەرێمەكەم بكەوێتە ژێر مەترسییەوە، بەڵام ئەم شێوازە لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەرگای ئەوە دەكاتەوە هەرێم بكەوێتە بەردەم مەترسی، لەبەرئەوەی بۆشاییەكی گەورە لە نێوان خەڵك و دەسەڵات دروستبووە.