داعش و پێکەوەژیان

حەسەن یاسین

٣ی ئەم مانگە یادی جینۆسایدکردنی ئێزدییە کوردەکانی شنگالبوو، لەسەر دەستی توندڕەوترین هێزی ئیسلامی، کە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)ە، کە تێیدا چەکدارانی داعش، بەدڕندانەترین شێوە کەوتنە وێزەی ئێزدییەکان و لەسەر کوردبوون نا، بەڵکو لەسەر ئێزدیبوون، قەژڵوعامیان کردن و هەموو ئەوانەش کە نەیانتوانیبوو هەڵبێن و ناوچەکە بەجێبهێڵن وەک دیلی جەنگ کەوتنە دەست چەکدارە دڕندەکانی داعش.

 

چەکدارانی داعش گوتیان بەپێی شەرع، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و ئەوەبوو مادام ئێزدییەکان رازی نەبوون بچنە سەر دینی ئیسلام، پیاوەکانیان دەستبەجێ هەر لەوێ کوشت و ژن و کچەکانیشیان کردن بە کەنیزەک. هەڵبەت هەموو ئەمانە، دوای ئەوە روویاندا، کە چەکدارە هاوخوێنەکانیان (کە ژمارەشیان لە چەکدارە هێرشبەرکانی داعش پتربوو)، کە تا ئەو ساتەوەختە فەرمانڕەوای ناوچەکەبوون، هەڵاتن و ئامادە نەبوون شەڕبکەن و بەرگری لە ناوچەکە و خەڵکەکەی بکەن، جگە لە هەندێ پێشمەرگەی قارەمانی (ی.ن ک )، کە فەرماندە قادر خۆرانی و دەستەکەی نمونەیەکی درەوشاوەیەو داستانی نەبەردییان تۆمار کرد!

 

هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان بووە هۆی جینۆسایدکردنی هەزاران کوردی ئێزدی و ئێستا لە ئەوروپا بەڕەسمی بەجینۆساید دانراوە، کەچی پەرلەمانی کوردستان تا هەنوکە نەیتوانیوە ئەمە بکات!

مەسەلەی بەکەنیزەککردن (سبی)ی کچ و ژنانی ئێزدی، بە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن (نادیەموراد)ەوە، کە یەکێکە لە قوربانییەکانی رەفتارە وەحشیگەرییەکانی داعش، گەیشتە چڵەپۆپەی ئیدانەکردنی کاروکردەوە نامرۆڤایەتییەکانی داعش بەگشتی و پەنابردنەبەر بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ یەکلاکردنەوەی جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و نەتەوەیی، بەتایبەت!

نادیە موراد، کە لەم خەڵات وەرگرتنەدا، نوێنەرایەتیی تایەفەی کوردی ئێزدیی کرد، هەموو تاوانەکەی، لە روانگەی داعشەوە، ئەوەبوو کە (ئەهلی کیتاب) نییە، ئەمەش بە پێی بۆچوونی ئەوان مافی قەتلوعامکردنی کوڕ و پیاوانی کوردی ئێزدی دەدا بە داعش و لە هەمان کاتیشدا مافی ئەوەشیان پێدەدا کچ و ژنەکانیان بکەن بە کەنیزەک. ئەوەبوو داعشەکان لە ئابی ٢٠١٤ بەدڕندەترین شێوە ئەو بۆچوونەی خۆیان بەسەر کوردانی ئێزدیدا پێڕەوکرد.

خەڵاتوەرگرتنەکەی نادیە موراد ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی عیراق لانکەی ئایینەکانەو هەر لە کۆنەوە تا پێش پەیدابوونی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، پێڕەوانی هەموو ئایینە جیاجیاکان لە عیراق، بە ئاشتی پێکەوە ژیاون، بۆ نمونە شاری موسڵ بەشێکی دانیشتوانەکەی ئێزدی بوون و هیچ رۆژێ لە رۆژان کێشەش نەکەوتۆتە نێوان موسڵمانان و ئێزدیییەکانەوە.

نادیە موراد بوو بە سیمبولێکی پێکەوەژیان و لە وتارەکەشیدا جەختی لەسەر پێکەوە ژیان و کولتوری لێبوردەیی کردەوە.
تا ئێستا فیلمسازانی کورد بەپێی پێویست ئاوڕیان لەم جینۆسایدەی ئێزدییەکان نەداوەتەوە و هەر هیچ نەبێ دەکرا لە بن کاریگەریی خەڵاتوەرگرتنەکەی نادیە مورادەوە کورتە فیلمێک دروست بکرابایە کە گوزارشت با لەوەی باشترین تۆڵەکردنەوە لە تیرۆریستان ئەوەیە کە ئێمە هەموومان، بە پێڕەوانی ئایینە جیا جیاکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکانەوە، بە ئاشتی پێکەوە بژین.

لەڕێگەی فیلمەوە دەتوانرا ئەوە بخرێتەڕوو کە دەبێ ئایین فەکتەرێکی ئیجابی بێ بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری پێکەوەژیان و لێبوردەیی، لەهەمان کاتیشدا جەخت لەسەر ئەوە کرابا کە ئایینی ئیسلام ئایینی ئاشتی و رێزگرتنە لە مرۆڤ، ئیسلام رێگە بە خوێنڕشتن و کوشتنی مرۆڤەکان نادات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا