پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر هۆكاری دروستبوونی قەیرانی بێئاوی لە شاری هەولێر دەگەڕێنێتەوە بۆ خەمساردی و بێ پلانی حكومەت و باسلەوەش دەكات رۆژی سێشەممە لەسەر ئەو بابەتە بانگهێشتی دووبەرپرسی پەیوەندیدار دەكەن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر.
غازی عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 17 ی ئابی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر تایبەتە بە كێشەی ئاو، تیایدا بەڕێوەبەری ئاوو ئاوەڕۆكانی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاوو ئاوەڕۆكانی دەوروبەری هەولێر، بانگهێشتی كۆبوونەوەكە كراون، بۆئەوەی بزانین لە رابردوو پلانیان چی بووە و چەندی جێبەجێكراوە، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیرانی بێ ئاوی چییە، هاوكات پلانییان بۆ داهاتوو چیەو چۆن دەتوانن ئەو قەیرانە چارەسەربكەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی: هۆكاری سەرەكی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ بێ پلانی حكومەت چونكە یەكێك لە پرۆژە ستراتیجییەكان كە پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوارە كە حكومەت ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە خستوویەتییە بەرنامە بۆ جێبەجێكردن تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ تەرخان نەكردووە، لەلایەكی دیكەوە حكومەت و شارەوانی هەولێر تا ئێستا هەوڵی بەكارهێنانەوە ئاوی قورسیان نەداوە بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی بۆ ئاودانی پارك و باخچەكان، لە بری ئەوە ئاوی پاك بۆ پارك و باخچە و سەوزاییەكان بە كاردەهێنن، زۆربوونی یەكەكانی نیشتەجێبوونیش هۆكارێكی دیكەی دروستبوونی قەیرانی بێئاوییە، چونكە لەگەڵ زیادبوونی ئەو یەكەی نیشتەجێبوونانە بێگومان ئاوی زۆرتریان پێویستە.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی قەیرانی نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە لە شاری هەولێر زنجیرەیەك خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، دوابەدوای ئەو خۆپیشاندانانەش پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: هەوڵدەدەن لە رێگای تەنكەرەوە ئاوی خواردنەوە بگەیەننە ماڵ بە ماڵی شاری هەولێر.