پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەسەر دزین و ساختەكردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی باندێكی دزینی پرسارە ئەزموونیەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆكەوە دەستگیركران.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پۆڵەتیك پرێس كەتووە باندەكە ژمارەیان حەوت كەسەو پێكهاتوون لە پارێزەرێك و مامۆستایەك و تەكنیكارێك و خاوەنی نوسینگەیەكی ئامیرە ئەلیكترۆنییەكان و سێ كەسی دیكە و لەئێستادا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت لەسەر چۆنێتی و شێوازی ئەنجامدانی ئەو كارەو چۆنێتی دزینی پرسیارەكان و ساختەكردنی.
پەروین مەجید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەدوواداچوونی وردمان بۆ بابەتی دزینی پرسیارەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی كردووە و ئەو بابەتە بەگەرمی بوونی هەیەو راستەو پرسیارەكان دزەیان پێكراوە.
وتیشی: لەئێستادا دۆسیەی ئەو كەسانەی بەتۆمەتی دزینی پرسیارەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستگیراون لەلای هێزە ئەمنییەكانن و لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت و دواتر ئەنجامەكەشی بڵاودەكرێتەوە .
بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە، ساڵانە ئەو كێشەیە دوبارە دەبێتەوەو لەماوەی رابردوشدا چەندین خوێندكار ئامێری بلوتوسیان لەكاتی تاقیكردنەوەكان بەكارهێناوە.
هاوكات عومهر عهلی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆك رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو بابەتە نین و ئەوبابەتە لەئەستۆی پەروەردەدانییە بەڵام بەشی ئەزمونەكانیان لەو كێشەیە ئاگاداركردووەتەوە لەبەر ئەوەی بابەتەكە لەئەستۆی بەشی ئەزمونەكاندایە.
هەر بەپێی زانیارییەكان ئەو خوێندكارانەی پرسیاریان لەو باندە وەرگرتبێت ئەمساڵیان بەدەرنەچوو بۆ ئەژماردەكرێت و رێكاری یاسایش بەرامبەريان دەگیرێتەبەر.