پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەی پۆڵەتیك پرێس لەگەڵ بەڕێز دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ناوبراو تیشك دەخاتە سەر چەند تەوەرێكی هەستیار بەتایبەتی لە بارەی ناردنی 200 ملیاردینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم و ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و بابەتی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ئەمساڵدا لە عێراق.
دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پێی وایە تا ئێستا روون نیە هەڵبژاردن لە 10ی 10 ئەنجام دەدرێت یان نا، چونكە بەشێك لە هێزەسیاسییەكان بڕیاری بەشداری نەكردنییان داوە ئەگەر پەشیمان نەبنەوە، دەربارەی چارەنووسی عێراقیش دوای كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا پێی وایە ئەو هێزانە لە عێراق دەمێننەوە، بە ناوو ناونیشانی دیكەوە، هەروەها مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بە پێویست دەزانێت.
لەبارەی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە لە عێراقەوە بۆ هەرێم ، روونیدەكاتەوە ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە تا ئەو كاتەی یاسای بودجەی 2021 ی عێراق تایبەت بە پشكی هەرێم دەكەوێت بواری جێبەجێكردن پێویستە حكومەتی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە عێراق بڕی ئەو 200 ملیارە لە 1/1/2021 ەوە بۆ هەرێم رەوانە بكات.
_ پۆڵەتیك پرێس: ناردنی 200 ملیار دینار مانگانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم وەكو پێشینەیەك تا چەندە گرەنتی كراوە؟
دكتۆر بەشیر حەداد: هەرێمی كوردستان، ترلیۆنێك و 400 ملیار دیناری لای حكومەتی عێراق ماوە
+ دكتۆر بەشیر حەداد: تا ئەو كاتەی یاسای بودجەی 2021 ی عێراق جێبەجێدەبێت ، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە مانگی 200 ملیار دینار خەرج بكەن بۆ هەرێمی كوردستان تا ئەوكاتەی وردبینی نێوان بەغدا و هەولێر كۆتایی دێت، یاسای بودجەی 2021 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە پێویستە ئێستا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق لە 1/1/2021 ەوە مانگی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، ئێستا ئێمە لە مانگی هەشتی 2021 ین، تا ئێستا لە هەشت مانگی رابردوو 200 ملیار دینار هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان، ترلیۆنێك و 400 ملیار دیناري لای حكومەتی عێراق ماوە، كە دەبێت بینێرێت وە دوای ئەوەش مانگانە بەردەوام بێت لە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان، تا ئەوكاتەی یاسای بودجەی 2021 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوكاتەی دیاربوو پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجەی چەندە، ئەو 200 ملیار دینارە رادەوەستێت، پشكە راستەقینەكەی هەرێمی كوردستان سەرف دەكرێت، ئەگەر پشكی هەرێم لە 200 ملیار دینار زیاتر بوو ئەوە پێویستە بەشە زیادەكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە سەرف بكرێت، ئەگەر پشكی هەرێمیش كەمتر بوو لەو 200 ملیاردینارە ئەوە لە پشكی مانگەكانی داهاتوو بۆ ناوەند دەگەڕێنرێتەوە، بۆیە ئێستا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێویستە عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە، بەڵام بەداخەوە فشاری سیاسی هەندێك لایەن لە بەغدا، كاریگەری هەیە لەسەر بڕیارەكانی حكومەتی عێراقەوە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی كە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، بۆیە هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت رێگری بكەن لەوەی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ئەم 200 ملیار دینارە بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی ئەوبابەتە بووەتە بابەتێكی سیاسی، بەتایبەتی ئێستا كە عێراق لەسەرووبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە، هەر لایەنێك دەیەوێت جەماوەری خۆی بەوە رازی بكات كە دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
_ پۆڵەتیك پرێس: تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی 10/10/2021 هەندێك بۆچوون و گریمانە هەیە لەسەر ئەنجامدانی لەو وادەیەی دیاریكراوە، دەتوانیت پێمان بڵێیت هەڵبژاردن لە 10 ی تشرینی یەكەم ئەنجام دەدرێت؟
دکتۆر بەشیر حەداد: پرۆسەی سیاسی چەقی بەستووە بۆیە پێویستە گۆڕانكارییەك ئەنجام بدرێت
+ دكتۆر بەشیر حەداد: هیچ گرەنتییەك نیە، كەس ناتوانێت بڵێت دەكرێت یان ناكرێت، بەڵام زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان هەوڵبدرێت ئەنجام بدرێت لەبەرئەوەی هەموو لایەنەكان گلەییان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری ئێستای عێراق هەیە، وە هەموویان گلەییان لە ئەدای حكومەت و پرۆسەی سیاسی هەیە، هەموو داوای گۆڕانكاری دەكەن لە پرۆسەی سیاسی و لە حكومەت، ئەنجامدانی ئەم گۆڕانكارییانە پێویستی بە پرۆسەیەكی دیموكراتی هەیە، پێویستی بە هەڵبژاردن هەیە، گۆڕانكاری دەبێت لە رێگای سندوقەكانی هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی هەرلایەنێك بڕوای بەوە هەیە كە عێراق پێویستی بە گۆڕانكاری و چاكسازی هەیە، پێویستە پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10ی تشرینی یەكەم بكات، بەڵام بەداخەوە دەبینین كوتلەیەكی گەورە وەكو رەوتی سەدر وە نزیكەی 26 لایەن و قەوارەی سیاسی بڕیاری كشانەوەیانداوە لە هەڵبژاردن، كە لەوانەیە هۆكاری خۆیان هەبێت، لەوانەیە هۆكارەكەی ئەوەبێت ئەوان هەندێك ئامانجیان هەبووە لەو هەڵبژاردنە كە دەنگێكی باش بەدەست بهێنن بەڵام دوایی بۆیان روون بووەتەوە كە ناتوانن ئەو دەنگە بەدەست بهێنن، لە سایەی ئەو سیستمەی هەڵبژاردن كە بازنەكانی بچوككردووەتەوە بۆیە ئێستا دەیانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و كشاونەتەوە، یان رەنگە ئەمە تاكتیكێكی خۆیان بێت، ئەمەش بڕیاری كۆتایی نییە، ئەو لایەنانەی كە ئێستا كشاونەتەوە، پێدەچێت لە ماوەیەكی نزیكدا بگەڕێنەوە، من وای بۆدەچم تا 5ی تشرینی یەكەم هەندێك لایەن یان دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یان لایەنی زیاتر دەكشێنەوە واتە تا ئەو بەروارە ئاراستەكە بەدیار دەكەوێت كە ئایا بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، یان بەرەو ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنە، بەڕای من هەڵبژاردن پێویستە لەبەر دوو هۆكار، یەكەم لەبەرئەوەی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە داواكاری جەماوەری عێراقیی و خۆپیشاندەرانی تشرینە، دووەم لەبەرئەوەی كە هەموولایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق لەبارنیە و پرۆسەی سیاسی چەقی بەستووە بۆیە پێویستە گۆڕانكارییەك ئەنجام بدرێت، پێویستی بە شڵەقانێك هەیە، ئەمەش لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەكرێت.
_ پۆڵەتیك پرێس: بایەتێك هەیە كە زۆر گرنگە ئەویش بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێش هەڵبژاردن، ئەگەر هاتوو پەرلەمانی عێراق هەڵوەشایەوە و لە 10ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنەكە نەكرا، ئەو كاتە چۆن چارەسەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكرێت؟
+ دكتۆر بەشیر حەداد: لە بارودۆخی ئێستای عێراقدا هەموو ئەگەرەكان كراوەن، بەڵام ئێمە لە پەرلەمان كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان دا بەستمانەوە بە مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە 7/10/2021 پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە بە مەرجێك لە 10ی مانگ هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، چونكە تا 7ی 10 بۆمان روون دەبێتەوە كە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت یاخود نا، چونكە لە 8 ی 10 هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجام دەدرێت، ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو ئەوە ئاراستەكە بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بۆیە پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەنجام نەدرا ئەوە پەرلەمان خۆی هەڵناوەشێنێتەوە.
_ پۆڵەتیك پرێس: تایبەت بە بڕیاری كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا، هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق چۆن ئەم بابەتەتان هەڵسەنگاندووە و تاوتوێی پێشهات و ئەگەرەكانتان كردووە؟
+ دكتۆر بەشیر حەداد: ئێمە پێمان وایە عێراق پێویستی بە بوونی هێزی هاوپەیمانان هەیە، بەڵام مەرج نییە بەناوی هێزی شەڕكەرەوەبێت، واتە ناوەكەی دەگۆڕێت لە هێزی شەڕكەرەوە بۆ هێزی راوێژكاری، یان هێزی راهێنان یان هێزی پاڵپشتی هەواڵگری، دیارە عێراق پێویستی بەوە هەیە سنور و سەروەری خۆی بپارێزێت لە پێناو پاراستنی سنور و سەروەری عێراقدا، پێویست بەوە دەكات ناوی هێزی شەڕكەر نەمێنێت، ئێمە ناڵێین بوونی هاوپەیمانان نەمێنێت، چونكە ئێستا بارودۆخی عێراق لەبارنییە بۆ دەرچوونی هێزەكانی هاوپەیمانان، بۆیە مانەوەیان لە بەرژەوەندی عێراقدایە، لەدوای ئەنجامدانی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریكا، رێككەوتنكرا كە پەیوەندی عێراق و ئەمریكا رێكبخرێتەوە لە چاورچێوەی بەرژەوەندی هاوبەش، پەیوەندییەكان مەرج نییە تەنها سەربازی بێت، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ دەبێت لە بواری ئابوری و وەبەرهێنان و كشتوكاڵ و بواری زانستی.
_ پۆڵەتیك پرێس: لەدوای كەوتنی حكومەتی ئەفغانستان و هاتنەوەی تالیبان، لێرەش هەندێك پێیان وایە هەمان چارەنووسی ئەفغانستان چاوەڕێی عێراقە ، رای ئێوە لەسەر ئەم تێڕوانینە چییە؟
دكتۆر بەشیر حەداد: پێم وانییە ئەمریكا هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە لە عێراق وەكو ئەوەی لە ئەفغانستان كردی
+ دكتۆر بەشیر حەداد: ئێمە پێمان وایە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان زۆر جیاوازە لە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ عێراق، مانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان سودێكی ئەوتۆی بۆ ئەمریكا نەبوو، لەرووی ستراتیجی و سەربازی و ئابوری، جگە لەوەی پارەیەكی زۆری تێدا سەف دەكرد، بەڵام بوونی ئەمریكا لە عێراقدا لە زۆر لایەنەوە سودی بۆ ئەمریكا هەیە، لەلایەنی ئابوری ناوچەكە ناوچەیەكی نەوتییە، لە بواری ئەمنییەوە ناوچەكە ناوچەیەكی ستراتیجی جیۆسیاسییە، عێراق ئێستا چەقی ململانێكانی ئەمریكا و ئێرانە، بۆیە پێم وانییە ئەمریكا هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە لە عێراق وەكو ئەوەی لە ئەفغانستان كردی لانی كەم لە كاتێكی نزیكدا، بەڵام نابێت هەرگیز بڵێن ئەمریكا بەجێمان ناهێڵێت، پێویستە عێراق ئەو ئەگەرە لەبەرچاوی خۆی دابنێت، كە راستە ئەمریكا بەرژەوەندی لە عێراق هەیە، بەڵام هەركاتێك لە هەرشوێنێك بەرژەوەندییەكی دیكە بۆ ئەمریكا پەیدابوو، ئەوكاتە قوربانی بەو بەرژەوەندییەی ئێرەی دەدات، لەپێناو بەرژەوەندییەكی دیكە، بۆیە پێویستە عێراق ئەو ئەگەرە لەبەرچاوبگرێت لە هەركاتێكدا بۆی هەیە ئەمریكا بكشێتەوە، بۆئەوەی تووشی هەمان چارەنووسی ئەفغانستان نەبێت، عێراق پێویستە سوپاكەی خۆی بەهێزبكات، بۆئەوەی خۆڕاگربێت بەرامبەر بە گروپە چەكدارەكان، بەرامبەر بە گروپە تیرۆرستییەكان و تەماعی وڵاتانی ئیقلیمی، بۆیە دەبینین لە ئەفغانستان لە دوای 20 ساڵ ئەمریكا خزمەتی ئەو وڵاتەدەكات و سوپایەكی زەبەلاحی بۆ دروستكردن لە 300 هەزار چەكدار و پارەیەكی زۆری لەو وڵاتە سەرفكرد، بەڵام ئەم 300 هەزار چەكدارەی سوپای ئەفغانستان جگە لە 30 بۆ 40 هەزار كەس نەبێت ئەوانی دیكە هەمووی گەندەڵ بوون و بندیواربوون، ئەمریكا تا سەر بۆكەس نامێنێت، بۆیە عێراقیش پێویستە ئەو گەندەڵییەی ئێستا لە ناو سوپا و هێزە ئەمنییەكاندا هەیەتی، بە زووترین كات چارەسەری بكات، هێز و سوپای عێراق بكاتە سوپایەكی یەكگرتوو، ئەو هەموو جۆرە هێزەی كەهەیە نەمێنێت لەلایەك سوپایە، لەلایەك دژە تیرۆرە، حەشدی شەعبییە، یان حەشدی عەشائیرییە، دەبێت هەموویان تێكەڵ بكات لە چوارچێوەی سوپایەكی نیشتمانی خاوەن بیر و باوەڕێكی نیشتمانی پتەو پڕچەكیان بكات بۆئەوەی بتوانن لە ئەگەری روودانی حاڵەتێكی وەكو ئەوەی ئەفغانستان، عێراق بپارێزن.