پارتی داوایەك لە لایەنە سیاسییەكان دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بڕیاری هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی بۆ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت و داواش لە سەرجەم لایەنەكان دەكات بەشداری پرۆسەكە بكەن.

بڕیارە لە 10ی تشرینی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرشێوەبچێت، تائێستاش ژمارەیەك لە حزب و كوتلە سیاسیەكان بایكۆتكردنی خۆیان لەو هەڵبژاردنە راگەیاندووە.

ئەمڕۆ شەممە 14ی ئابی 2021، مه‌حمود محه‌مه‌د، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی بایكۆتكردنی ئەو لایەنانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو.

لەراگەیەندراوەكەدا پارتی دوپاتیكردەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیھێنانی داواکاری خەڵکی عێراق و دواش دەكەن ئەو لایەنانە بەبڕیارەكانیاندا بچنەوە و بەشداری پرۆسەكە بكەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان:

لە ئەنجامی داواکاری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی عێراق، بابەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە داواکاری زۆرینەی جەماوەر بەلایەنە سیاسییەکانیشەوە، ئەم داواکاریەش لەڕوانگەی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی کە دووچاری پرۆسەی سیاسی عێراق ھاتبوون، لە ئاکامیشیاندا کۆمەڵێك کێشەی کەڵەکەبووی بواری ئابووری و خزمەتگوزاری بەبێ چارەسەر مابوونەوە، سەرچاوەی گرتووە.

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە و دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ گرفت و کێشەکانی ھاووڵاتیانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە فاکتەرێکی باش زانرا و، بڕیاڕی لەبارەوە درا. بەڵام ھەندێك لایەن، لە ئاکامی زیادبوونی کێشە و گرفتەکان و لێکدانەوەی ھەندێ لایەنی بەرچاو لە چۆنیەتی دروستبوونی کێشەکان، رایانگەیاند کە بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن. بەڕای پارتیمان ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیھێنانی داواکاری خەڵکی عێراق، ھەروەھا بۆ ھاوکاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.

بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، داوا دەکەین لە بەڕێزان لە تەیاری سەدری و ھەر 26 لایەنی دیکەی کە رایانگەیاندووە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەن، لەپێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی عێراق بەبڕیارەکەیاندا بچنەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن وەکو داخوازییەکی ھاووڵاتیان و پێویستییەکی ھەنوکەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و حکومڕانیەکی باش و تەندروست.

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا