نامەیەكی هەڕەشەئامێز لە ئیبراهیم رەئیسییەوە بۆ هەرێمی كوردستان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە دوای بەشداریكردنی شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران، جیاواز لە پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە تاران، كە ئەو ڕووداوە دڵخۆشییەكی كاتی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و دواتر ئێران كۆتایی بە دڵخۆشییەكە هێنا، ئەمجارە ئێران نامەیەكی هەڕەشە ئامێزی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كردوە.

ئێران نامەیەكی هەڕەشە ئامێزی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كردوە

ئێستا پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، گەرمترین بابەتی ڕۆژە، هەندێك دەڵێن ئەمریكا لە تەواوی خاكی عێراق دەكشێتەوە، هەندێكی دیكەش دەڵێن ئەمریكا سەربازەكانی لە عێراق دەهێڵێتەوە.. لەم نێوەندەشدا هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەمریكا لە هەرێم بمێنێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئەلعەرەب، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران لە ڕێگەی فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی نامەیەكی هەڕەشە ئامێزی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان كردووە و ناوەڕۆكی نامەكەش ئەوەیە: هەرێمی كوردستان لە كێشە و ململانێكانی ئەمریكا و ئێران پشتی واشنتۆن نەگرێت و هەوڵ نەدات دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ سوپای ئەمریكا بكاتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا پەیامێكی ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كردووە و داوایكردووە، هەرێم بە مەرجێك بە كشانەوەی ئەمریكا لە خاكەكەی ڕازیدەبێت، ئەگەر گەرەنتی بدرێت لەوەی میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران هەولێر بێزار ناكەن…

ڕۆژی چوارشەممە 11ـی ئابی 2021 مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كرد، لە دیدارەكەدا وەك ئەوەی بارەگای بارزانی بڵاویكردووەتەوە، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و هەروەها هەڕەشە و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەپێناو پاراستنی ئاساییش و سەقامگیرییدا جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كرایەوە.

ئێران جگە لە هەڕەشەكردن چەند ئۆفەرێكی بە هەرێمی كوردستان داوە

ئێران جگە لە هەڕەشەكردن، ئۆفەرێكی بە فالح فەیازدا بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و وتویەتی، ئەگەر لەم كاتەدا هەرێم نەچێتە پاڵ ئەمریكا، ئەوا تاران هاوكار دەبێت بۆ هێوركردنەوەی دۆخی نێوان هەولێر و میلیشیا شیعەكان، هەروەها تاران هاوكار دەبێت بۆئەوەی فشار لە بەغدا بكات پشكی هەرێم لە بودجە بنێرێت…

چاوەڕێدەكرێت هەرێمی كوردستان بیر لە ئۆفەرەكانی ئێران بكاتەوە، بەوپێیەی نایەوێت هەمان چارەنووسی ساڵی ٢٠١٧ی ڕووبەڕوو ببێتەوە كاتێك ئەمریكا دوای ڕیفراندۆم پشتی لە هەرێم كرد… لەپاڵ بێدەنگی ئەمریكاشدا هەریەكە لە تاران، بەغدا و ئەنقەرە دژی هەرێمی كوردستان یەكیانگرت و سنورەكانیان بەڕووی هەرێمدا داخست…

پەیامی تاران بۆ هەرێم: دوركەونەوە لە واشنتۆن… تاران نزیكترە

ئێستا ئێران و هاوپەیمانەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق چاویان لەوەیە، جارێكی دیكە گەرموگوڕیی نەكەوێتەوە پەیوەندییەكانی هەولێر و واشنتۆن، هەربۆیە پەیامی تاران بۆ هەولێر ئەوەبووە :”دوركەونەوە لە واشنتۆن… تاران نزیكترە”….

لە هەرێمی كوردستان ئەمریكا چوار بنكەی سەربازیی هەیە، دوانیان لەنێو هەولێرە كە یەكەمیان لە فڕۆكەخانە و دووەمیان لە هەریر، سێیەم بنكە لە زاخۆیە و چوارەم بنكەی سەربازی ئەمریكاش لە پارێزگای هەڵەبجەیە، هەرچەندە بنكەكان سنوردارن، بەڵام بواری ئەوە هەیە فراوان بكرێن…

لەماوەی ڕابردوودا پەیامەكانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە بۆ زمانی كردار وەرگێڕدراوە و بۆردوومانی شاری هەولێریان كردووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە بەغدا تەواو بێ دەسەڵات ماونەتەوە و هەوڵیانداوە لەڕێگەی بۆردوومانكردنی هەرێمی كوردستاوە، فشار لەسەر هەرێمی كوردستان دروستبكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەمریكا جگە لە ئیدانەكردن، هیچ هەڵوێستێكی كرداریی دژی بۆردومانەكانی سەر هەرێم نییە..

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک