ئەمڕۆ یەكەم گەشتی عومرەكارانی دەرەوەی سعودیە لەعێراقەوە ئەنجامدەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 

بڕیارە ئەمڕۆ 14ی ئاب یەكەم گەشتی ئاسمانی عومرەكاران لە فڕۆكەخانەی بەغداوە بگاتە سعودیە كە ژمارەیان 50 عومرەكارە بەوەش گەشتی عومرەكانی عێراق یەكەم كاروانی عومرەی دەرەكی دەبێت بەرەو عەرەبستانی سعودیە لەدوای دەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە بەپێی سیستمێكی نوێی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

عەبدولفەتاح مشات، جێگری وەزیری حەج و عومرەی سعودیە بەمیدیاكانی سعودیەی راگەیاندووە، تا ئێستا 25 ملیۆن كەس لە رێگەی ئەپڵیكەیشنی تایبەت بەخۆتۆماركردن بۆ عومرە ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ بەجێهێنانی عومرە، لەو ژمارەیەش رۆژانە 60 هەزار كەس دەتوانن گەشتی عومرە ئەنجام بدەن ئەوانیش دابەشكراون بەسەر هەشت گروپدا بۆیەك رۆژ.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی ئەو ئامارەی لەئەپڵیكەیشنەكەوە وەریانگرتووە، مانگی دوو ملیۆن هاوڵاتی دەتوانن عەمرە بەجێبهێنن و ئەو هەنگاوەش سعودیە جێبەجێی دەكات بۆ ڕێگەگرتنە لە گردبوونەوەی زۆری خەڵك لە گۆڕەپانەكانی حەرەمە پیرۆزەكان و لەپێناو خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

هاوكات نەبەز ئیسماعیل ، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەكەمین گەشتی عومرەكارانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لەهەرێمی كوردستانیش ئامادەكاری تەواویانكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە لەلایەن عومرە كارانەوە بۆ وڵاتی سعودیە.

وتیشی، ئەگەر كێشەی هونەریی نەبێتە رێگر رۆژی 20ی ئاب یەكەم گەشتی عومرە لەهەولێرەوە بەتەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی دەست پێدەكاتەوە و بۆ رۆژی 21ی ئابیش دووەم گەشت ئەنجامدەدرێت.

سعودیە بەمەرج رەزامەندی داوە لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتی عومرە بۆ وڵاتەكەی مەرجەكان بریتین لەوەی ئەو كەسەی گەشتی عەمرە دەكات دەبێت دوجارڤاكسینی دژە كۆرۆنای وەرگرتبێت و عەمرەكاریش دەبێت تەمەنی لەسەرو 18 ساڵ بێت و ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە ناتوانن گەشتی عەمرە بكەن.

ساڵانە یەك مانگ پێش جەژنی قوربان بەهۆی بەڕێوەچوونی فەریزەی حەجەوە گەشتی عەمرە بۆ سعودییە رادەوەستێت و بەگشتی دوای 15 رۆژ لە جەژنی قوربان دەست پێدەكاتەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پەتای كۆرۆنا گرفتی بۆ زۆرینەی سێكتەرەكان دروستكردووە و ماوەی دوو ساڵە حەجكردن وەستاوە و تەنها هاوڵاتیانی سعوودیە حەجیان ئەنجام داوە، ئەنجامدانی عومرەش تا ئێستە بۆ هەندێك لە وڵاتان راگیراوە و دەستی پێنەكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا