پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، ستراتیژیەتی کۆتاییهێنان بە داعش دەستی پێکردووە و هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشدا هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعشدا.
سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق راگەیاند، دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی شانە نوستووەکانی داعش لە عیراق و بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگیی لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە.
لەماوەی رابردووشدا، بەمەبەستی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەناوچە جێناکۆکەکان کە ناوبەناو چەکدارانی داعش لەو رێگایەوە هێرشییان دەکردە سەر سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچەکە، هەریەکە لە سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری پێکهێنانی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشییان دەرکرد و دواتریش یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشییان ئەنجامدا.
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی هەماهەنگی بەهێزی نێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و دەزگای ئاسایشی سلێمانی توانراوە شانەیەکی نوستووی داعش بەناوی (قەعقاع) دەستگیر بکرێت”.
دەشڵێت، بەهۆی هەوڵەکانیانەوە، توانیویانە لە باشوری بەغدا و پارێزگای دیجلە و حەمرین و باشوری موسڵ و کەرکوک و چەند شارێکی دیکەی عێراق ژمارەیەک سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارییە دەستگیربکەن.
بەوتەی وتەبێژی دژەتیرۆری عێراق، لەماوەی رابردوودا و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی هەرێمدا، توانیوایە پێنج شانەی نوستوی داعش دەستگیربکەن و رێگری لەئەنجامدانی كردەوەی چەکداری و تیرۆریستی بکرێت.