دانەر ئەسڵان
لە هەرێمی كوردستاندا هەمیشە سیاسەت دۆخی هەموو شتەكانی تێك داوە و كێشەكانی گەورەتر كردووە نەك كەمیان بكاتەوە و چارەسەریان بكات.
بەڕێز هەردە ڕەئووف بارام دەگێڕێتەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو كاتێك ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو وەرزشكارانی شاری سلێمانی سەردانێكیان بۆ لای ڕێكخستووە بە مەبەستی سازدانی گفتوگۆ لە بارەی دۆخی وەرزشی كوردستانەوە تەنانەت دروست كردنی ژووری وەرزشیش لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە كە لەو كاتەدا ژووری هەموو شتێكیان هەبوو، بەڵام ژووری لێكۆڵینەوە و ڕێكخستنی وەرزشیان نەبوو.
كاك هەردە لەو بارەیەوە بۆی گێڕامەوە وتی: (هەموو دانیشتین و ڕەوانشادیش وەك لای هەموان ڕوون و ئاشكرا بوو دانیشت بوو گوێی بۆ سەرجەممان گرت بێگومان ئەوانەی لەوێ بووین یەكێتی و گۆڕانیشمان تیادا بوو خەڵكی سەر بە حیزبەكانی تریش لەگەڵمان بوو بۆیە ناكرێت دیدارەكە بە دیدارێكی حیزبی ناوزەند بكەین دیدارەكە لەگەڵ كەسێك بوو كە شۆڕشگێرێكی دێرین بوو هەموانیش بە گفتوگۆ لەگەڵی و قسەكانی خۆشحاڵ دەبووین …
هەموان قسەی خۆمانمان كرد ماوەی نیو سەعاتێك بۆ 45 خولەك سەرجەم قسەكانمان كرد ئیدی بێ دەنگ بووین و چاوەڕێی قسەكانی كاك نەوشیروان بووین ئیتر تەماشایەكی كردین و وتی: “وەرزش لە سیاسییەكان دوور بخەنەوە كێشەتان نامێنێت، چونكە وەرزش دونیایەكی پاكی بێ خەوشە سیاسەتیش دونیایەكی پڕ لە فێڵ و تەڵەكەبازی و كێشمە كێشە“) ئیتر هەموان بێ دەنگ تێيڕاماین ئاخۆ ئەو پیاوە بۆچی وا بە چەند ڕستەیەكی كورت كۆتایی بە دیدارەكە هێنا.
بەڵێ منیش لەگەڵ بۆچوونەكەی كاكە نەوەی ڕەحمەتیم ڕاستە تەنها و تەنها وەرزش و سیاسەت لە یەكدی جوودا بكرێنەوە ئیتر ئەوەی دەگوزەرێت ڕوو نادات ئەوەتا ماوەی زیاتر لە مانگێكە كێشەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە نێوان ئەندامانی زۆنی زەرد و سەوز خەونی تەواوی گەنجانی وەرزشكار و هاندەرانی لە تەواوی هەرێمی كوردستان خستۆتە مەترسی لێك دابڕان و ڕاوەستانەوە، ئێستا پێویستە هەموان باوەڕ بەو قسەیە بكەین كە كاك هەردە چیرۆكەكەی دەگێڕێتەوە تەنها و تەنها وەرزش لە سیاسییەكان و سیاسەت دوور بخرێتەوە ئیدی هەموو شتێك باش دەبێتەوە، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر دۆخی وەرزش داڕوخاوە بە دەست سیاسەت و سیاسییەكانەوە كە خۆیان لە سەرەوە هاوڕێ و هاوبەشن لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ڕووتاندنەوەی میللەتی ڕەش و ڕووتدا لە خواریشەوە هەموانیان كردۆتە دوژمنی یەكتر ئەوەتا دۆخی وەرزشی كوردستانیشیان تێكدا و بەردێكی زەبەلاحیان بە نەزانی فڕێ دایە گۆمێكی قوڵەوە بە تەواوی زانایان و خەمخۆرانی وەرزشی كوردستان دەرنایەتەوە.