ئیخوانی تونس، لە دروستبوونەوە تا لە دەسەڵاتخستن

حەسەن یاسین
لەکۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو، بۆ بەدەنگەوەهاتنی شەقامی تونس، سەرکۆماری وڵات قەیس سەعید، بەداخستنی پەرلەمان رایگەیاند کە. ئیخوان لە تونس بەناوی حزبی نەهزە کاریان دەکرد، جگە لەوەی لە پەرلەمان زۆرینەبوون و سەرۆکی پەرلەمان راشد غەنوشی سەربەوان بوو، فەرمانڕەوای وڵاتیش بوون.

لەساڵی ١٩٦٩ هەریەک لە راشد غەنوشی و عەبدولفەتاح مۆرۆ و ئحمێدە نێفەر، بە مەبەستی دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی سیاسیی دینی، کە ئیسلام سەرچاوەی بێ و هەوڵبدا بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەواییەکی ئیسلامی لە تونس، یەکەمین کۆبوونەوەیان کرد. لەنیسانی ١٩٧٢ لە ماڵی شێخ عەبدولقادر سەلامە لە شاری مرناق کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئیسلامی (جەماعەتی ئیسلامی)ییان دروستکرد.

لەسەرەتای دروستکردنی کۆمەڵەی ئیسلامی، بە لاساییکردنەوەی حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین لە میسر کە دە ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆـەڵەکەی تەرخانکرد بۆ لایەنی عەقیدە و بانگەواز، راشد و هاوەڵەکانیشی بڕیاریاندا خۆیان لە کاری سیاسی بەدوور بگرن و لە مزگەوتەکاندا ئەڵقەی رۆشنبیریی عەقیدەیی ئیسلامی پێکبێنن. ئیدی چەندین کۆمەڵەی لەبەرکردنی قورئانیان پێکهێنا.

لەساڵی ١٩٧٢ شێخ عەبدولقادر سەلامە دەستی کرد بە دەرکردنی گۆڤاری (ئەلمەعریفە) وەک مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی کۆمەڵەکەیان. لە ٢٠ ی مارتی ١٩٧٢ لەمزگەوتی گەورەی سوسە چالاکییەکی گەورەی بانگەوازیان رێکخست و بەوهۆیەوە هەر یەک لە غەنوشی و مۆرۆ و زۆریتریش گیران و پاش ماوەیەک وەزیری داد محەمەد بن لونە لای سەرۆکی تونس بورقێبە واسیتەی بۆکردن و ئازادکران.

لەنێوان ساڵانی ١٩٧٧ و ١٩٧٩ گروپێک لەوانەی بە چەپی ئیسلامی ئاماژەیان بۆ دەکرێ لە کۆمەڵەی ئیسلامی جیابوونەوە، چونکە لەڕووی فیکر و عەقیدەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی کۆمەڵەکە نەدەگونجان. دیارتینی ئەوانەی جیابوونەوە ئحمێدە نێفەر و سەلاحەدین جورشی بوون.

لەنێوان ١١ و ١٣ی ئابی ١٩٧٩، بەنهێنی، لەشاری مەنوبە و بە ئامادەبوونی (٦٠) ئەندام، یەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی ئیسلامییان بەست و تێیدا دەستوری کۆمەڵەکەیان پەسەند کرد!

لە رۆژانی ٩ و ١٠ی ١٩٨١، بەنهێنی، کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵەکەیان بەست، کە هاوکاتبوو لەگەڵ راگەیاندنێکی سەرۆکی تونس حەبیب بورقێبە کە تێیدا جەختی لەوە کردبوەوە کە رێگر نییە لەوەی لەپاڵ حزبی فەرمانڕەوا، حزبیتریش دروستببن و بێنە ناو مەیدانی کاری سیاسییەوە، ئەوەبوو کۆمەڵەی ئیسلامی ناوی کۆمەڵەکەیان گۆڕی و کردیان بە حەرەکەی ئیتیجاهی ئیسلامی.

لەو گۆنگرەیەدا جەختیان لەسەر خۆبەدوورگرتن لە کاری توندوتیژی و دیاریکردنی رێبازی فیکریی بزووتنەوەکە و پەیکەری رێکخراوەیی کرد.

رۆژی ٦ی حوزەیرانی ١٩٨١ راشد غەنوشی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، دامەزراندنی بزووتنەوەکەی راگەیاند و لەهەمان کاتیشدا داوایەکیان بۆ وەرگرتن مۆڵەتی قانونی پێشکەش بە حکومەت کردو هیچ وەڵامێکیان لەحکومەتەوە پێنەگەیشت. ئیدی بزووتنەوەکە بەردەوامبوو لە کاری نهێنیی خۆی و لەو پێناوەدا گەلێ جار سەرکردەکانی گیراون. کە لە ٧ی نۆڤەمبەری ١٩٨٧ زەینەلعابدین بن عەلی کودەتای بەسەر سەرۆک بورقێبەدا کرد بزووتنەوەی ئیتیجاهی ئیسلامی پشتگیریی خۆی بۆ کودەتاکە دەربڕی و لەبەرانبەردا سەرۆکی نوێی وڵات هەموو زیندانییە ئیسلامییەکانی ئازادکرد، کە راشد غەنوشی یەکێکبوو لەوان. لە شوباتی ١٩٨٩دا بزووتنەوەکە ناوی خۆی کرد نە بزووتنەوەی نەهزە (رابوون) بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەستوری نوێی وڵات کە دامەزراندنی حزبی سیاسیی لەسەر بنچینەی دینی رەتکردبوەوە!

لە ١ی مارتی ٢٠١١دا، دوای شۆڕشی تونسییەکان بەسەر دکتاتۆری وڵات زەینەلعابدین، نەهزە مۆڵەتی قانونیی وەرگرت و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە کۆی ٢١٧ کورسی، ٨٩ کورسی، واتا ٤٢% یان مسۆگەر کرد و حکومەتێکی ئیئتیلافییان پێکهێنا و لەوکاتەوە تا کۆتایی مانگی رابردوو، ئیخوان موسلمینی تونس فەرمانڕەوای وڵات بوون و جگە لە سەرکۆمار، زۆربەی جومگەکانی دەوڵەتیان بەدەستەوەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک پێشتریش لەنووسینیتردا باسمکردووە ئیسلامییەکان (بەتایبەت ئیخوان)، جگە لەوەی ناتوانن فەرمانڕەواییەکی باشی وڵات بکەن، ناتوانن بەپاکی هاوبەشیی هیچ لایەکیش قبوڵ بکەن، بۆیە وڵاتی تونس لەسەردەستی حزبی نەهزە، بەرەو دواوە گەڕایەوە، گەندەڵی زیادیکرد، فەرمانڕەوایی وڵات خرایە خزمەت ئامانجەکانی ئیخوانی نێودەوڵەتی، هاوکاریی تورکیا کرا بۆ پەڕاندندنەوەی چەکداری تیرۆریست و چەک و تەقەمەنی بۆ لیبیا، خزمەتگوزاری رووی لە کزیبوو، دەوڵەت خرایە نێو هاوپەیمانێتیی تورکی قەتەری، دۆخی تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی رووی لە داڕمان بوو، هەموو ئەمانە خەڵکی هێنایە سەر جادە و سەرەنجام بۆ بەدەنگەوەهاتنی شەقام، سەرکۆمار قەیس سەعید کۆمەڵیک بڕیاری دەرکرد بۆ لەدەسەڵاتخستنی حزبی نەهزە، ئیدی ئیخوان لە تونسیش شکستیان خوارد و لەپەڕەیەکیتریان خستە سەر تۆماری شکستی ئیخوان لە فەرمانڕەوایی!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا