لەماڵی مالیكییەوە هۆشداری دەدرێتە كازمی

پۆڵەتیك پرێس:
سەرچاوەیەكی ئاگادار وردەكاری كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان كوتلەكانی فەتح و سائیرون و دەوڵەتی یاسا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراكرد.

بەپێی سەرچاوەكە، هەر سێ هێزە سیاسییە شیعییەكە بەهەڵوێستی یەكگرتووەوە سووربوون لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، كە ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كردووەو دەبێت لەماوەی دوو هەفتە جێبەجێی بكات.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی كۆبوونەوەیەكی سیاسی لەماڵی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالیكی سازكراوە، كە كوتلەكانی فەتح ‌و دەوڵەتی یاسا ‌و سائیرون بەئامادەبوونی مستەفا كازمی ئەنجامدراوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، لەكۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێك لەگەڵ سەرۆكی حكومەت تاوتوێكراوە و داوایانكردووە چوار تەوەری گرنگ و سەرەكی جێبەجێبكات.

هەروەها ئاشكرایكرد، داواكارییەكان لەچوار بابەتدا كورتكرابوونەوە، ئەوانیش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق ‌و جێبەجێكردنی داوای خۆپیشاندەران لە بەغدا و بەسرە و گۆڕەپانەكانی تر و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت‌ و پرسی چارەسەری كێشەكانی پارێزگاكانی باشوور خێراتر بكرێت و كار بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكانیان.

هەر لەكۆبوونەوەكە هێزە سیاسییە سەرەكییەكان هۆشدارییان داوە بەكازمی دوو بۆ چوار هەفتە داواكارییەكان جێبەجێبكات، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی تریان دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا