ڤایرۆسی كۆرۆنا خوێندن لەرۆژئاوای كوردستان دوادەخات

پۆڵەتیك پرێس:
دەستەی پەروەردەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لەئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، بۆ پاراستنی خوێندكار و مامۆستایان لەڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاردراوە بەوەی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی ئەمساڵ دوابخرێت.

لەو بارەیەوە كەوسەر دوكۆ هاوسەرۆكی دەستەی پەروەردە لەئیدارەی خۆسەر بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: ساڵانە لەیەكی ئەیلول وەرزی نوێی خوێندن دەستپێدەكات، لەگەڵ ئەوەی ئەم ساڵیش ئامادەباشی خۆمان بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن كردبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی تەندروستی‌و بەهەماهنگی لەگەڵ رێكخراوە مرۆییە جیانییەكاندا بڕیار درا خوێندن بۆ مانگێك دوابخرێت.

كەوسەر دوكۆ وتیشی: دەرفەت و ئیمكانیاتی تەندروستی لە رۆژئاوا زۆر كەمن ئەگەر منداڵان پەتای وەرزیش بگرن ئێمە ناتوانن دڵنیابین لەوەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، یان نا، بۆیە ئەو بڕیارە دراوە.

بەقسەی ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەر، لەمساڵدا بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رێكارە پێویستەكان بۆ خۆپارێزی نەتواندراوە منداڵانی نوێ لەقۆناغی سەرەتایی تۆمار بكرێن و لە ئێستادا ٧٨٩٢٢٥ هەزار خوێندكار لەرۆژئاوای كوردستان چاوەروانی دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی خوێندنن .

لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەم مانگەوە، ژمارەكانی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەرۆژئاوای كوردستان رووی لە زیادبوون كردووە و بەو هۆیەشەوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیاندرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا