مێژوی یەکێتی دوبارە دەبێتەوە ؟

نووسینی: سەمەد زەنگەنە

لەبریندارێکیان پرسی : ئایا مێژوو دوبارە دەبێتەوە ؟ لە وەڵامدا گوتی : ئەگەر لە لایەن ھەمان کەسەوە و بە ھەمان چەکی پێشو و لە ھەمان شوێنی برینە کۆنەکەم بداتەوە ، ئەو کاتە مێژوش دوبارە دەبێتەوە .

بەڵام بۆچی مێژوو دوبارە ببێتەوە ؟ئەدی کۆنگرەمان نەکرد ، ڕۆژگارو زەمانەو مرۆڤەکان و سەرکردایەتی نەگۆڕان ؟ ئەدی ئێمە قۆناغی قەیرانەکانی تەکەتول و باڵبادانمان تێنەپەڕاند؟ ئەی بۆ دوبارەش نەبێتەوە کە ھەمان ڕوداو ، کارەسات، تەکەتول ، جیابونەوەو…ھتد ڕوبەڕومان دەبێتەوە؟

ئایە دوبارەبونەوەی مێژوو پەیوەندی بە( فەلسەفە ، میتافیزیک ، سایکۆلۆژیای مێژوی گەلانەوە ھەیە ؟ یاخود سروشتی ھاوبەشی مرۆڤەکانە کە وایانلێدەکات ھەڵسوکەوتەکانیان لە یەکدیەوە نزیکبن و لە کاتی دوبارەبونەوەی ڕوداوەکاندا ھەمان ھەڵسوکەوت دوبارە بکەنەوە؟

ئەگەر مێژوو ببەستینەوە بە فەلسەفەوە ئەو کاتە دەبێتە زانستێکی عەقڵانی و ھەروەکو ( ئیبن خەلدون ) دەڵێت : دوو ڕوی جیاواز( ئاشکراو ، ناواخن و شاراوەی ھەیە )، ڕوە دەرکەوتوو ئاشکراکانی لە ھەواڵی گەلان و دەوڵەتان و پێشینەکان زیاتر نیە کە سەدەکانیان بەسەرچوە. ناواخنی مێژوش : ڕوانین و توێژینەوەیەکی قوڵ و وردی ڕوداو و مرۆڤەکانە . لەوێشەوە دەمانخاتە بەردەم دوو بەش ، یان دوو لق لە +مێژوو ( زانستی مێژوو ، فەلسەفەی مێژوو ) یەکەمیان باس لەو واقیع و ڕوداوانە دەکات کە ڕویانداوەو جێپەنجەو کاریگەرییان لەسەر لایەنەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ھەتا سەربازیش بە جێھێشتوە . بەڵام فەلسەفەی مێژوو جەخت دەکاتەوە سەر توانای ھزریی لە شیتەڵکاری و خوێندنەوەی پێکھاتەی ڕوداوەکان و پاڵنەرەکانی، بۆ تێگەیشتنێکی پێشوەخت لە دواڕۆژو ڕەھەندەکانی ، مێژوو دەبێتە ڕێپیشاندەری عەقڵ بۆ ھەلێنجانی دەرەنجامەکان و وەرگرتنی پەندو ئامۆژگارییەکان ،بۆ خۆلادان لە لە دەستدانی دواڕۆژ . لە ڕوانگەی زانستی مێژوەوە ( مێژوو خۆی دوبارە ناکاتەوە ) ، چونکە ڕوداوەکان پەیوەستن بە ڕۆژگارو شوێنە دیاریکراوەکانەوە ، بەو کەسە پەیوەندیدارانەی ڕۆژگارو تەمەن وسات و ساڵەکانیان بەسەرچوەو ، بیرچونەوە لە گۆشە تاریکەکانی خۆیدا دایپۆشیون . بەڵام بە ھەمان ڕێژەو حەتمیەتەوە فەلسەفەی مێژوو و پاڵنەرە بزوێنەرەکانی بە شێوەیەکی جێگیرو نیمچە خولاو خۆی دوبارە دەکاتەوە بەڵام بە گۆڕینی تەواوی سەروچاوەکان و پاڵەوانی شانۆگەریەکان و شوێنەکان و گۆڕانکاریەکی ڕێژەیی و سادەو ساکار لە شێوازەکاندا . بەو شێوەیە بزوێنەرە جێگیرو چەسپاوەکان مێژوو دەگێڕنەوەو دوبارەی دەکەنەوە .

ئایا یەکێتی لە قەیراندایەو ئەو قەیرانەش ڕوەو دوبارەکردنەوەی مێژووی دەبات؟

من نامەوێت ، ڕەنگە نەشتوانم لەسەر سەرجەم تەنگژەو قەیرانەکانی یەکێتی بدوێم و بنوسم ، چونکە ھەریەک لەوانە کتێبێکی تایبەت و قەبارە گەورەی پێویستە ، بۆیە ناچاردەبین بە شێوەیەکی گشتگیر و تیۆری باسی بکەین و خوێنەری بەڕێزو کادری وریاو سەرکردەی ڕوناکبیر خۆی دەتوانێت خاڵ بخاتە سەر پیتەکان و قەیرانەکان بدۆزێتەوە .

بەڵگە نەویستە لە توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ڕوداوە سیاسیەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا ، دوو چەمک ، یان دەستەواژە بەردی بناغەو میحوەری ھەنگاوەکانە ، کە مەخابن ئێمە لە کاری سیاسیماندا نەک گرنگیمان پێنەداون بەڵکو بیریشمان لێنەکردۆتەوە ، ئەوانیش :

١- ئامادەباشی پێشوەخت لە پێناو ڕونەدانی تەنگژەو قەیرانەکان :

ئایا یەکێتی لە ھیچ قۆناغ و سەردەمێکدا بەرچاوڕونی و پێشبینی ھەبوە بۆ ڕودانی قەیرانەکانی ؟ بۆ نمونە : ئەگەر ئێمە، گۆڕان و جیابونەوەکەی لە مێژوی یەکێتیدا بە تەنگژەو قەیران لە قەڵەم بدەین و خاڵی یەکەمی بەسەردا جێبەجێ بکەین ، دەتوانین بڵێین و ئەو گوتنەش گەردی لەسەر نیە کە ئێمە ھیچ ئامادەباشیەکی پێشوەختمان نەبوە لە پێناو ڕونەدانی ئەو جیابونەوەیەدا ، ئەگینا کورد گوتەنی ھیچ ئاگرێک بێ دوکەڵ نیەو ڕوناکی مانگیش ھەر لە نیوەڕۆوە دیار بوو ، ھەڵوێستەکانی دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٦ ، یاداشتەکەی مەکتەبی سیاسی بۆ سکرتێری گشتی ، کە لە دێڕ بە دێڕیدا ھەستت بە بومەلەرزەیەکی پێش تسۆنامی جیابونەوە دەکرد ، گوتارو کۆڕو کۆبونەوەو موحازەرەکانی کاک نەوشیروان مستەفا ، جوڵەو ھەڵچون و توڕەیی و تۆرانی لە ناکاوو کوتوپڕی کادرو شانە نوستو و ئامادەکراوەکان ، ئیستیقالەی ناوبەناوی مەکتەبی سیاسی و سەرکردەو کادیرە پێشکەوتوو ناوەندەکان و جارجارەش خوارەوە . ئەدی خێر بوو یەکێکمان پێشبینی جیابونەوەی گۆڕانمان نەکرد ؟ ئەدی بۆچی لە لایەن ئەو سەدان پسپۆڕ و شارەزاو بیریار و فەیلەسوفانەمانەوە کە ھەموو شەوێک شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان داگیر دەکرد ، بۆچی لە لایەن ئەو دەیان مەکتەب و ناوەندی ڕوناکبیری و سەنتەرەکانی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەو ….ھتد بابەتێکی ئەگەر یەک لاپەڕەیش بێت لەسەر پێشبینی جیابونەوەکەو پێشنیارو چارەسەری نەنوسرا ؟ ئەگەر ئێمە پێشبینیەکمان ھەبایە بۆ جیابونەوەکەو چارەسەرێکی زانستی و بنەڕەتی و ھێمنانەو لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی ھاوسەنگەوە ئەنجام بدرابایە ، من لەو باوەڕەدام دەگەیشتینە چارەسەرێک . باشترین بەڵگەش بۆ نەبونی پێشبینی، خودی خۆمان پارەو گردیشمان دانێ .

ئاماژەکانی جیابونەوەی د. بەرھەم و ھاوپەیمانیی ،ھەروەکو مانگ لە ئێوارەوە دیار بوو ، ناوەندی بڕیارو دەستلەکارکێشانەوەکەی ، تەسریحات و کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکانی …. ھتد

٢- ئایا یەکێتی ھەڵسوکەوتی زانستی وعەقڵانی لەگەڵ ئەو تەنگژەو قەیرانانەی کە ڕوویانداوەو ڕودەدەن کردوە ، یان لەمەو دوا دەیکات ؟
تەنگژەو قەیران ڕۆڵێکی کاریگەریان گێڕاوە لە مێژوی پارتە سیاسیەکاندا ، جا ئەگەر ڕۆڵێکی نەرێنی بوبێت لە تێکشکاندن و لەناوبردن و ھەرەسھێنانی ئەو پارتە سیاسیە، یاخود بە پێچەوانەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی بوبێت لە بنیاتنان و گەشەو دروستکردنەوەیدا .

دیسانەوە لە خوێندنەوەی دوبارەبونەوەی مێژوی مرۆڤایەتیدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئەو پارتە سیاسیەی لە ھەرەمی سەرکردایەتیدا بە تیم و دەستەی سەرکردەی بە تواناو لێھاتو و شارەزا کاریکردبێت لە تەنگژەو قەیرانەکانیشدا توانیویانە خۆڕاگرتر بن و تەمەنی حزبەکەشیان درێژتر بوە ، بە پێچەوانەی ئەو پارتە سیاسیانەی کە شێوازەکانی بەرەنگاربونەوەی جۆراوجۆریان بەکارھێناوە و بەرنامەو نەخشەو پیلانیان نەبوە بۆ ھەڵسوکەوت لەگەڵ تەنگژەو قەیرانەکاندا . ئەو پارتانە بەردەوام کانگاو کورەی ململانێ و ھەڵچون و داچون و ڕاڕایی و دودڵی و جیابونەوەو لێکترازان بوون ، لە ئەنجامیشدا وردە وردە لاواز بون و ڕوبەڕوی ھەرەس و لەناوچون بونەتەوە ، یان بچوک و بچوکتر بونەتەوە، ( ھەروەکو یەکێتی ) .

تەنگژەو قەیران وەنەبێت تەنھا ڕوبەڕوی( ی.ن.ک ) بوبێتەوە بەڵکو ھەموو پارتێکی سیاسی لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیان و کارکردنیدا ڕوبەڕوی قەیران دەبێتەوە، چونکە لە نێوان قۆناغێک و یەکێکی دیدا تەنگژەیەک ھەیە، ھزرەکان دەبزوێنێ و ململانێکان دەگەشێنێتەوە و لە زۆربەی جارەکاندا داھێنانەکان وەبەرھەمدەھێنرێن ، ئەویش ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ قۆناغێکی نوێی کارکردنی ژیانی حزبایەتی ، گرنگ ئەوەیە ھەموو قەیران و قۆناغێک لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی بۆ بکرێت و بە کەمترین زیان ئەو پارتە لێی دەرباز بێت .

ی.ن.ک بە درێژایی مێژوی کارکردنی خۆی و لەو تەنگژەو قەیرانانەی ڕوبەڕوی بونەتەوە ، توانیویەتی تێیانپەڕێنێ و بەسەریاندا زاڵبێت ،ئەدی بۆچی لەم دوو قۆناغەی دواییدا نەک ھەر نەیتوانیوە دەربازی بێت بەڵکوتەنگژەو قەیرانەکانی قوڵتر و قوڵتر دەبنەوە . ڕەنگە بپرسن ئەو دوو قۆناغ وقەیرانە چین ؟

یەکەم : قۆناغی دوای شەڕی نێوان پارتی ویەکێتی ، قەیرانی واژۆکردنی یەکەم ڕێکەوتننامەی ستراتیژی ، قۆناغی گۆڕینی دروشم وئامانجی حزبی زۆرینەو جەماوەری زۆرینەو کورسی زۆرینەو قەیرانی تەسلیمبون بە پرنسسیپی برا بچوکی و برا گەورەیی ، قۆناغی قەناعەتی وەکیەکی و چونیەکی خەباتی نەتەوەیی ونیشتیمانی ، قەیرانی ففتی ففتی و بەشکردنی دەستکەوتی دەسەڵاتی سیاسی ، قۆناغی نەبونی بەرنامەو نەخشەڕێگای ئامادەکاری ژیانی پەرلەمانی و ململانێی دیموکراسی ، قەیرانی بەردەوامی و درێژەدان بە عەقڵیەتی تەقلیدی سەرکردایەتی ، قۆناغی تێپەڕاندنی ژیانی شاخ و دەستپێوەگرتنی سەروەری ڕابردوو ، قەیرانی دابڕان لە خەباتی ھاوچەرخ و بە دامەزراوەیی کردنی حزب .

دووەم : قۆناغی تێنەپەڕاندنی جیابونەوەی گۆڕان و باوەڕنەھێنان بە واقیعی ئەو جیابونەوەیە .

من لەو باوەڕەدام ئەگەر بە قەناعەتێکی عەقڵانیەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ھەمەلایەنەی گشتگیر بۆ ئەو ڕوداوەو دیاردەیە ( جیابونەوە) ، بکرابایەو بەرنامەو نەخشەڕێگایەکی نوێی سەردەمیانەی کاری سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئەوە دابڕێژرابایە توشی ئەو قەیرانەی گۆڕان نەدەبووین و ھەتا ئێستەش لە گێژاوی قەیرانی نەبونی چارەسەرەدا نەدەخولاینەوە .

دەکرا ئێمە وازمان لە گۆڕان بھێنابایە و دەستبەرداری خەونی ھاتنەوەیان بوینایە ، دەکرا دەستبەرداری جرت و فرتی ھێنانەوەو ژێر بە ژێری تاکو تەرای کادرە ھەلپەرستەکانیان بوینایەو پارەیان بەسەردا نەبەخشینەوە ، دەکرا ڕاگەیاندنەکانمان قەرەوڵی لولەی کامێراکان و نوکی دادراوی قەڵەمەکانیان لە ڕوو ھەڵبگرتنایە و لەبری بە فیڕۆدانی ئەو ھەموو توانا بەشەری و داراییە بەرنامەیەکی نوێمان بۆکاری سیاسیمان دابڕێژایە، ئێمە ھەرچ کاتێک توانیمان قەناعەتی لە دەستدانی یەکجارەکی گۆڕانمان کرد بە ئەمری واقیع ،دەمانتوانی کاری نوێی ھەستانەوەو بوژانەوەمان دەستپێبکەین . ئێمە ھەرچکاتێک توانیمان لە ژێر ھەژمونی برا گەورەیی دەربازمانبێت و ھاوسەنگی ڕێکەوتنامەکان بگێڕینەوە دەتوانین جەماوەرەکەمان ئاشتکەینەوە .
ئەگەر ئێمە ئەو پەلەپڕوزێیەی کۆنگرەمان قبوڵنەکردایەو ، قایل نەبوینایە بەو ئالیەت و شێوازەی کۆنگرەی پێئەنجامدرا ، ئەگەر ئەو سوپا زۆرەی سەرکردایەتیە بێ مەعریفەو تەجروبەو نەشارەزایەمان کۆنەکردایەتەوە ، ئەگەر بڕگە بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆمان لە گۆنگرەدا ھەڵسەنگاندایەو دوامان نەخستایە بۆ دوای کۆنگرە و دەیان ئەگەری تر .ئەوا ڕوبەڕوی ئەم قەیرانە تاقەتپڕوکێنەی ئێستاش نەدەبوینەوە .

ئێمە چۆن بزانین یەکێتی لە قەیراندایە ؟

١- چی کەسێک لە ئێمەی یەکێتی ھەست ناکات لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە ڕوەو لاوازی ،ڕوەو فەنابون ، ڕوەو شەڕێکی دەستەو یەخەی تر ،ڕوەو جیابونەوەیەکی تر ، ڕوەو بچوکبونەوەیەکی ترو ئابڕوچونێکی تر . ئەگەر ئەو ھەستەمان ھەبوو درکمان بەو لاوازییە کردبێت ئەوا لە قەیرانداین !

٢- ھەرچکاتێک زۆرینەمان لەو باوەڕەدا بوین کە پێویستمان بە بڕیارێکی بە پەلە ھەیە بۆ چارەسەری بابەتێکی چارەنوسسازی یەکلاکەرەوەو ئەو بڕیارە لە لایەن سەرکردایەتیمانەوە نەدرا ، ئەوا لە قەیرانداین .

٣- ھەرچکاتێک ھەستمانکرد ھەڕەشەیەک لە ئارادایە بۆ سەر ئامانج و بەھا ھاوبەشەکانی نێوانمان و سەرچاوەی ئەو ھەڕەشەیە نەدۆزرایەوە، یان دۆزرایەوەو چارەسەر نەکرا ، ئەوا ئێمە لە قەیرانداین .

٤- ھەرچکاتێک ھەستمانکرد بابەتەکانی ئایدۆلۆژی و ستراتیژیمان تەمومژاوی و ناڕونەو پاڵنەرێک ھەیە بۆ ڕاڕایی و دودڵی و نیگەرانیمان و کاتەکانمان فشاری بۆ ھێناوین و چارەسەرەکان بەردەست نین، ئەو کاتە ئێمە لە قەیرانداین .

٥- ھەرچکاتێک بابەتێک کوتوپڕ ڕویداو زانیاری پێویستمان لە بارەوە نەبوو ، یاخود ئەو بابەتەی ڕویداوە ھێندە ئاڵۆزو تێکچڕاوە توشی واقوڕمان و حەپەساویماندەکات و چارەسەرمان بۆی نیە ، ئەو کاتە لە قەیرانداین .

کەواتە بە ویژدانەوە ھەمومان پێویستە دانی پێدابنێین کە ھەستمان بەو پێنج خاڵەی سەرەوە کردوەو لە قەیرانداین . ئەی بەچی شێوازێک یەکێتی ھەوڵیداوە قەیرانەکانی چارەسەر بکات ؟

ئەگەر ئەم شێوازانەی ھەڵبژاردبێت و کاری لەسەر کردبێت ئەوا بە شێوەیەکی تەقلیدی و دوور لە بنەما زانستیەکانی کاری سیاسی سەردەمی و مۆدێرن ھەنگاوی ناوە :

ا- نکوڵی لە بونی ھەموو جۆرە تەنگژەو قەیرانێک بکات کە ڕوبەڕوی بوەتەوە ؟ ڕاگەیاندنەکانیشی پەردەپۆشی قەیرانەکان بکەن و بەڵگەو بیانوی نەبونی قەیرانی بۆ بھێننەوەو ھەمیشە توندو تۆڵی و پتەوی ھەڵوێستەکان بخەنەڕوو ، ئەگەر یەکێتی ئەو ھەنگاوەی نابێت ئەوا پێبزانێ یا پێنەزانێ دەکەوێتە خانەی حزبە ناشەفافەکانەوە.

ب ـ ئایا یەکێتی توانیویەتی تەنگژەو قەیرانەکان کپبکاتەوە ؟ ئەویش لە ڕێگەی بەکارھێنانی توندوتیژی و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێڕەو وباڵە جۆراوجۆرەکانی تەنگژەکەدا ، گەر ئەوەشی کردبێت ئەوا ھیچ حیسابێکی بۆ سۆزو بەھا مرۆڤایەتیەکان و دیموکراسی نەکردووە.

چارەسەری قەیرانەکانی حزب لە قۆناغێکەوە بۆ یەکێکی دی جیاوازە ، شاراوە نیە چارەسەری قەیرانەکان لە سەردەمی شۆڕش و بەرەنگاربونەوەو بەکارھێنانی ھێزدا زۆر جیاواز ترە لە چارەسەری قەیران لە سەردەمی شارو حوکمڕانی شاردا . لە سەردەمی شاخدا چارەسەرەکانیش شۆڕشگێڕانەو ماوە کورت بون ، بەڕێز مەلا بەختیار ئاڵای شۆڕشی ڕاگەیاند ، ڕەنگە بۆ ئەو سەردەمە لادان لە یەکێتی کارێکی قورس و قبۆڵنەکراو بوبێت ، چونکە مەترسی لەسەر ئایدۆلۆژیاکەی ھەبوە ، ئەوە بوو چارەسەرەکەشی ھەروەکو کورد دەڵێت ( سەوری و فەوری بوو ) ، لە چەند ڕۆژێکدا و بە ماوەیەکی کورت مەلایان بەند کردو شوێنکەوتوانیشی یەکێتی بەدەر کران .

گۆڕان و کاک نەوشیروان و ھاوپەیمانی و د. بەرھەم قۆناغی شارو مەدەنییەت بوو ، ھەڵسوکەوتی مەدەنیانەیان لەگەڵدا کرا ، بەڵام قەیرانی نێوان ھەردوو ھاوسەرۆک زۆر جیاوازترە لە ھەموو قەیرانەکانی مێژوی یەکێتی .

ئەوەی ئێستا لەسەر ئایدۆلۆژی و ستراتیژی و دونیابینی جیاواز نیە ، لەسەر دەسەڵات و کۆکردنەوەی پارەی زۆرتر نیە ، تەنھاو تەنھا نەبونی چوارچێوەیەکی دەستوریی و یاسایی مەرکەزییەتە لە یەکێتیدا ، ئاخر لە کوێی ھەموو دونیادا ھەبوەو ھەیە دوو کەس ھەمان دەسەڵات و ھەمان بڕیارو ھەمان بیرکردنەوەیان ھەبێت ، ئەگەر شێوە میتافیزیکیەکەشی وەربگرین ، لەوەتەی مرۆڤ و فەلسەفە ھەبوە ، دوھێزی دژە یەک و پێچەوانە لە ئیرادەو ھێز و فەرمانڕەوایی بونیان ھەیە : ( خوداو ئیبلیس ، ئەھریمەن و ئاھورامەزدا ، خێرو شەڕ ، چاکەو خراپە ،…..ھتد ) ، خوا کۆنەکانی یۆنانیش ھەریەکەو دەسەڵاتێکی ھەبوەو ھەرگیز تەباو یەک بڕیار نەبوون .

دوو ھاوسەرۆکییش لە پەکەکەو پەیەدەو سەردەمی شۆڕشدا نەبێت لە ھیچ شوێنێکی دونیادا بونی نیە ، ئەی بۆچی یەکێتیتان کرد بە حەقلی تەجروبەی مێژوو فەلسەفەو ئیلاھیات .

ج ـ ئایا یەکێتی ھەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەری قەیرانەکانی داوە ؟

دانیناوە بەوەی کە لە تەنگژەو قەیراندایە ؟ بەڵام ئێستا لە ناخ و قەتاعەتی ھەموو سەرکردەیەکدا ھەستکردن بە بونی قەیران ھەیە ، بەڵام بە گرنگی لە قەڵەم نادەن و ئاگرە سورە لە خۆیان بە دورە ،ئەیانەوێت قودرەتێکی قادر ، ھێزێکی سەروی سروشت قەیرانەکەیان بۆ چارەسەر بکات .
د ـ ئایا یەکێتی ھەوڵی داوە تەنفیس ، یان نەفەسڕێژێک بۆ قەیران و تەنگژەکان بدۆزێتەوە؟ لێرەدا دەسەڵاتدارانی نێو حزب ھەوڵدەدەن نەفەسڕێژێک بۆ فشارەکانی ناخی بورکانی قەیرانەکان بدۆزنەوە کە لە ھەڵچون و توڕەیی دایە، بۆ خۆ بەدور گرتن لە تەقینەوە .

ە ـ ئایا یەکێتی ھەوڵیداوە بۆ بەتاڵکردنەوەی تەنگژەو قەیرانەکان ؟

لەم شێوازەدا چەندین ڕێگەو ڕێڕەوی جۆراوجۆر و جێگرەوە ( بدیل ) بدۆزرێتەوە لە بەرابەر ئەو ھێزو پاڵنەرە سەرەکی و لاوەکیانەی تەنگژەکەیان دروست کردووە .

ئایا یەکێتی ئەم شێوازو ڕێگەچارانەی خوارەوەی ھەڵبژاردوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەوا شێوازە سەردەمی و مۆدێرنەکانی پیادەکردوە :

ا ـ تیمی کارکردن : یان ھەرچ ناوێکی تری کارکردنی بە کۆمەڵی لێبنێین ، دەشتوانین پێی بڵێین سەرکردایەتی بە کۆمەڵ . ئەم شێوازە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرتر لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا بەکاردەھێنرێت ، تەواو پێچەوانەی لای خۆمان ! زیاتر لە شارەزایەک ، پسپۆڕێک ، بەرپرسێک لە ئۆرگانێکدا کار دەکەن ، بۆ ھەموو بوارێک کادری تایبەتمەند ھەیەو ئامادەباشی تێدایە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەرچ قەیران و تەنگژەیەک ، بەڵام لای خۆمان لە ھەموو ئۆرگانێکدا تەنھا یەک کەس ( بەرپرسە ، خودایە ، ئەمر بالێرفە ، بکوژو ببڕە) و چۆنی بوێ وادەکاو دادەمەزرێنێ و دەردەکاو ….ھتد

ب ـ شێوازی دەورەدان و لە قاڵبدان : لێرەدا تەنگژەو قەیرانەکە لە بازنەیەکی بەرتەسکدا لە قاڵبدەدرێت و زۆربەی جارەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێت .

ج ـ بەتاڵکردنەوەی قەیرانەکە لە ناوەڕۆکەکەی : ئەمەش لە سەرکەوتوترین شێوازەکانی چارەسەری قەیرانەکانە ، چونکە ھەموو قەیرانێک چەق و ناوەڕۆکێکی تایبەت و دیاریکراو بە خۆی ھەیە ، ئەگەر سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، ڕوناکبیری …ھتد بێت . کارو ئەرکی بەرپرس ، سەرکردە ، سکرتێری حزب ئەوەیە وا لەو قەیرانە بکات ناسنامەو ناواخن و ناوەڕۆکی خۆی لە دەستبدات ، گەر ئەوانەشی لە دەستدا ھێزی فشارەکانی نامێنن .

ئەوانەو چەندین شێوازی سەردەمیانەی تر ھەن بەڵام لێرەدا بواری باسکردنی ھەمویان نیە .

ھیوادارم ھەچ شتێک ڕودەدات ، ئەم قەیرانەی یەکێتی بە چی شێوازێک چارەسەر دەکرێت ، یەکێتیتان لە بیر نەچێت ، بگەڕێنەوە بۆ کاری بە کۆمەڵ ، سەرکردایەتی بە کۆمەڵ ، چەپکە گوڵەکە بپارێزن .

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک