چارەنووسی ئاوارە عێراقییەكان لەكامپی هۆڵ نادیارە

پۆڵەتیك پرێس:
ئیدارەی كەمپی هۆڵ لەڕۆژئاوای كوردستان دەیەوێت ئاوارە عێراقییەكان رەوانە بكاتەوەو بەرپرسانی بەغداش ئامادەنین ئەو دەستگیركراوانە وەربگرنەوە.

لەساڵی 2014وە كۆمەڵێك عێراقی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان بوون، كە بەشێكیان لەكەمپی مەدەنی هۆڵن لەرۆژئاوای كوردستان‌و تائێستاش حكومەتی عێراق نایەوێت وەریانبگرێتەوە، لەكاتێكدا ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە ناوچەكانی خۆیان.

لەو بارەوە هەمرین حەسەن بەرێوبەری كەمپی هۆڵ تایبەت بە “پۆڵەتیك پرێس”ی وت: ناوە ناوە ئاوارە عێراقییەكانی ناو كەمپی هۆڵ، ڕووبەڕووی كوشتن و هێرشی خێزانە داعشەكان دەبنەوە، هەر ئەوەش وایكردووە ژیانیان لە مەترسی و زەحمەتدا بێت.

هەمرین حەسەن وتیشی: ئەو ئاوارانە چەند ساڵێكە داوادەكەن بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، كە لە ٢٠١٤وە تێیدا نیشتەجێكراون.

ئەو بەرپرسەی كەمپەكە باسی لەوەش كرد، كە ئیدارەی خۆسەری باكوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە بەرانبەر داخوازی ئاوارەكاندا بەردەوام لەڕێگەی سەردانە دیپلۆماسییەكانی بۆ عێراق و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەوەزارەتی مافی مرۆڤ لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەكان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵیداوە ژمارەیەك گەشتی گەڕانەوەیان بۆ دابین بكات.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، بەڕێوەبەرایەتی و خۆبەڕێوەبردنی كامپەكە سەركەوتوو بوون و زیاتر لە چوار هەزار ئاوارە گەڕێنرانەوە عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و ئاوارەكان لە موسڵ و دەوروبەری، بەڵام دواتر حكومەتی عێراق گەشتەكانی گەڕانەوەی ڕاگرت بەبێ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە بۆچی هەنگاوێكی لەو جۆرەی ناوە.

ترسی ئاوارەكان لە ئێستادا زیاتر بووە بەتایبەت دوای ئەوەی سەدان هەزار خێزانی چەكدارانی داعش لەناو كەمپەكە جێگیركراون، كە بەقسەی هەمرین حەسەن ئیدارەی كامپی هۆڵ بە فەرمی داوای لە حكومەتی عێراق كردووە گواستنەوەی ئاوارەكان دەستپێبكاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان لەلایەنی عێراقییەوە پێنەگەشتووە، نە لە ڕەتكردنەوە و نە قبوڵكردن.

بۆ گەیاندنی ئەو داواكارییە “پۆڵەتیك پرێس” پەیوەندی بە عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و بەرێوبەری گشتی كارو باری بەشەكان كردو لەو بارەوە وتی: ئەو بابەتە بابەتێكی تەنیا ئیداری نییەو پەیوەندی بە وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران هەبێت، بەڵكو پرسێكی سیاسییەو دەبێت حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەبارەوە بكات.

كەمپی هۆڵ دەكەوێتە ٤٥ كم لەڕۆژهەڵاتی شاری حەسەكە، نزیكەی یەك كیلۆمەتر لەباشووری شارۆچكەی هۆڵەوە دوورە، لە ئێستاشدا زیاتر لە ٦٨ هەزار ئاوارە و پەنابەری شارە جیاجیاكانی سوریا و خێزانەكانی داعش و پەنابەرانی عێراقی تێدا نیشتەجێكراون، لەوانەش زیاتر لە ٣١ هەزار پەنابەری عێراقی، كە زۆربەیان پاش ئەوەی چەتەكانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ خاكی عێراقیان داگیركرد، بەرەو خاكی سوریا هەڵهاتن و لەو كەمپە نیشتەجێكران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا