سەرۆكی هەرێم و سەرۆككۆماری ئێران كۆبوونەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 

لە دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ تاران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری نوێی ئێران كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا كە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و شاندی یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییە‌كانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێران، ئارامی و سەقامگیری و بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش، تاوتوێكراون.

سەرۆككۆماری ئێران و سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە و جەختیان لەسەر پتەوكردنی بوارەكانی پەیوندیی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی كردووە‌ بەتایبەتی برەودان بە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سنوورەكان و ناوچەكە بەگشتی.

هەروەها بڕیارە شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆببێتەوە.

ئیبراهیم رەئیسی، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆكایەتی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی پێنج شەممە، 5 ی ئاب وەكو هەشتەمین سەرۆك سوێندی یاسایی لەبەردەمی پەرلەمانی ئێران خوارد.

پێشتر نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، بەشداریكردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری نوێی ئێران، گرنگی خۆی هەیە، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی شاندی وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ شاندی هەرێم كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا