پارتی خۆی لەقەرەی بەستنی كۆنگرەی نوێ‌ نادات

پۆڵەتیك پرێس:
بۆ جاری دووەم لەمساڵدا پارتی دیموكرات ئەو وادەیەی دواخست بۆ بەستنی كۆنگرەی چواردەیەمی دیاریكردبوو، كە هۆكاری دواخستنەكەشی پەیوەندی بەململانێ‌ ناوخۆییەكانی پارتەكەوە هەیە، نەك ئەو بیانووانەی بەرپرسانی پارتی بۆ دواخستنەكە دەیهێننەوە.

پێشتر عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەبارەی دواخستنی وادەی كۆنگرەی پارەكەی رایگەیاندبوو، ھۆكاری دواكەوتنی ئەنجامدانی كۆنگرەی پارتی دیموكرات، كە بڕیار بوو لەمانگی نۆی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە بووە.

عارف روشدی راشیگەیاندبوو، ھەموو ئامادەكارییەك كراوە و چاوەڕێ دەكرێت ھەندێك دۆخی تەندروستی ھەرێم باشتر بێت، ئەوكات رۆژێك لە ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە دیاریبكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتریش ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەكۆبوونەوەیەكی لەمانگی یەكی رابردوو مانگی شەشی 2020ی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، بەڵام بەبیانووی پەتای كۆرۆنا كۆنگرەكە بۆ مانگی 9 دواخراو ئێستاش ئەو وادەیە جارێكی تر دواخرایەوە.

هەرچەندە بەرپرسانی پارتی ھۆكاری دواكەوتنی كۆنگرە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێنەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەزیاتر لەسەرچاوەیەكی ناو پارتی دیموكرات دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس” هۆكاری دواكەوتنەكە بۆ ململانێ‌ ناوخۆییەكانی حیزبەكە دەگەڕێتەوە.

 

پێشتریش ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەكۆبوونەوەیەكی لەمانگی یەكی رابردوو مانگی شەشی 2020ی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، بەڵام بەبیانووی پەتای كۆرۆنا كۆنگرەكە بۆ مانگی 9 دواخراو ئێستاش ئەو وادەیە جارێكی تر دواخرایەوە

 

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكان، ململانێ ناوخۆییەكانی پارتی دیموكرات، پەیوەندی بەنێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتەكەو مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسییەوە هەیە، كە هەردووكیان چاویان لەوەیە لەم كۆنگرەیە پێگەی خۆیان لەناو پارتی زیاتر بەهێز بكەن‌و ئەو ململانێی لەنێوانیان هەیە یەكلایبكەنەوە.

ئێستا هێڵی جیاوازو ململانێكان‌و ئاراستە جیاوازەكانی ناو پارتی بەروونی دیارە، بەشێوەیەك ئاراستەی مەسرور بارزانی بەتوندی دژایەتی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و ململانێكانیان رۆژ بەرۆژ توندتریش دەبێت، كە ئەو ململانێیانە وایكردووە، چەند جارێك وادەی كۆنگرەی چواردەمی پارتی دوابخرێت.

لەو بارەوە سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: ململانێكانی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی گەیشتووەتە ئاستێك، ناتوانرێت كۆنگرەی پارتی ببەسرێت.

سەرچاوەكە وتیشی: ئەگەر كۆنگرەی چواردەیەم ببەسرێت، دەبێتە كۆنگرەیەكی یەكلاكەرەوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، كە رەنگە ئەنجامەكانی كۆنگرە كۆتایی بەژیانی سیاسی یەكێكیان لەناو پارتی بهێنێت.

 

ئەگەر كۆنگرەی چواردەیەم ببەسرێت، دەبێتە كۆنگرەیەكی یەكلاكەرەوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، كە رەنگە ئەنجامەكانی كۆنگرە كۆتایی بەژیانی سیاسی یەكێكیان لەناو پارتی بهێنێت

 

لەرووكەشدا وا دەردەكەوێت، ململانێكانی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی لەسەر دەسەڵاتی حكومڕانییە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە، كە ئەوان لەئێستاوە شەڕی پۆستی سەرۆكی پارتی دەكەن، ئەوەش زیاتر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی نیگەران كردووە، كە رەنگە دوای دووركەوتنەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆكی پارتی، ململانێكان بەئاراستەی تردا بڕۆن.

دواین كۆنگرەی پارتی، كە كۆنگرەی سیانزە بوو، لەساڵی 2010 لەهەولێر ئەنجامدراو هەر لەكۆنگرە، كەسێك هەستایەوەو وتی: “پێشڕەوی كورد پارتییە، سەرۆكمان بارزانییە”، بەوەش بە چەپڵەرێزان‌و بەبێ دەنگدان مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی هەڵبژێرایەوەو دواتر ئەویش نێچیرڤان بارزانی بەجێگری دیاریكرد.

ئێستا زۆر نزیكەو ئەگەرێكی بەهێزە هەمان سیناریۆ لەكۆنگرەی چواردەی پارتی دووبارە بێتەوە، بەو پێیەی زۆربەی ئاراستەكانی پارتی لەگەڵ ئەوەن مەسعود بارزانی لەو پۆستە بمێنێتەوە، لەكاتێكیشدا برازاو كوڕ چاویان لەو پۆستەیەو بەتوندیش ململانێی لەسەر دەكەن.

سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی نەیشاردەوە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی بەسەرۆكی پارتی زۆر بەهێزە، بەهۆی ئەوەی ئەگەر ئەو سیناریۆ روو نەدات، چارەنووسی پارتی بكەوێتە مەترسییەوەو نەتوانرێت سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ حیزبەكە هەڵبژێرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە تائێستا ١٣ كۆنگرەی بەستووەو لەساڵی ١٩٤٦بۆ ١٩٧٩مەلا مستەفا سەرۆكی حیزب بووەو لەساڵی ١٩٧٩وە تائێستا مەسعود بارزانی سەرۆكە.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، كە لەساڵی 1979وە سەرۆكی پارتەكەیەتی، وەك “سەمانی ئەمان” سەیردەكرێت‌و بەدووركەوتنەوەی ئەو ناوەندییەی ئێستا لەناو پارتی نامێنێت‌و ململانێی ئامۆزاكان توندتر دەبێت، بۆیە خودی بارزانی‌و بەشێكی زۆر لەئەنجامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی دەیانەوێت لەپۆستەكەی بمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، كە پۆستی جێگری سەرۆكی پارتی هەیە، سەرۆكایەتی ئاراستەیەكی بەهێزی ناو پارتی دەكات، ئەو ئێستا ترسێكی زۆری هەیە دوای مەسعود بارزانی پۆستی سەرۆكی پارتی بكەوێتە دەست مەسرور بارزانی، بۆیە ئێستا ململانێیەكی توند دەكات، یان بارزانی لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، یان ئەو پۆستە بۆ خۆی یەكلابكاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی ترسی ئەوەشی هەیە، بەهاتنە سەر دەسەڵاتی مەسرور بارزانی ئیتر كۆتایی بەدەسەڵات‌و هەژموونی لەناو پارتی بێت، بۆیە تا رادەیەك بۆ ئەم قۆناغە خواستی مانەوەی مەسعود بارزانی هەیەو پشتگیری مانەوەشی بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتی دەكات.

 

نێچیرڤان بارزانی ترسی ئەوەشی هەیە، بەهاتنە سەر دەسەڵاتی مەسرور بارزانی ئیتر كۆتایی بەدەسەڵات‌و هەژموونی لەناو پارتی بێت، بۆیە تا رادەیەك بۆ ئەم قۆناغە خواستی مانەوەی مەسعود بارزانی هەیەو پشتگیری مانەوەشی بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتی دەكات

 

ئەمە لەكاتێكدایە ئەوە بەروونی دیارە مەسرور بارزانی خواستێكی زۆری هەیە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی پارتی‌و جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی باوكی، بەڵام هێشتا پێویستی بە پاڵپشتییەكی زۆرتر هەیە، تا ئەوەی لەكاتی وەرگرتنی دەسەڵات بتوانێت رووبەڕووی ركابەرە بەهێزەكەی‌و كێشەكان بە باشی ببێتەوە.

مەسرور بارزانی ئێستا دەیەوێت لەرێگەی پۆستی سەرۆكی حكومەت ئەو پاڵپشتییەی دەیەوێت بۆ خۆی دروستی بكات، هەروەها لەو رێگەیەشەوە ئەوە پیشانی پارتییەكان‌و تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بدات، كە دەتوانێت لەدەسەڵات گۆڕانكاری بكات، بەڵام بۆ ئەمە پێویستی بەكاتی زیاترە.

مەسرور بارزانی بۆ ئەمەیە لەم قۆناغە نایەوێت مەسعود بارزانی لەم كۆنگرەیە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت، تا چوار ساڵی دەسەڵاتداری لەهەرێم تێدەپەڕێنێت‌و دواتر كار بۆ ئەوە بكات سەرۆكایەتی پارتی وەربگرێت.

هەرچی ئاراستەی سێیەمی ناو پارتی دیموكراتیشە، كە لەچەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پێكهاتوون، نیگەرانن لەو دۆخ‌و ململانێی بەم دوایانە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی هەیە، بەڵام لەو نێوەندەش هیچ رۆڵێكیان نییە جگە لەتەماشاكردن نەبێت.

ئاراستەی سێیەمی پارتی ئێستا هیچ دەسەڵاتێكی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت هەموو هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی باوەڕ بەبارزانی بهێنن، دەستبەرداری بیرۆكەیەكی لەو جۆرە ببێت، كە نەیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی هەڵبژێرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش نەبنە سووتووی ئەو ئاگرە رەنگە لەململانێی دوو ئامۆزاكە بكەوێتەوە.

پێشتر لەچەند بۆنەیەكی ناوخۆیی‌و كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی پارتی، مەسعود بارزانی ئەو خواستەی راگەیاندبوو، دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت، بەڵام رەنگە بەهۆی فشارەكانی سەری‌و چڕبوونەوەی زیاتری ململانێكان، جارێكی تر وەرگرتنەوەی پۆستەكەی قبووڵ بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا