كۆنفرانسێك بۆ باشتر كردنی ڕەوشی وەرزش

پۆڵەتیك: سپۆڕت
ئەمڕۆ شەممە 8/29/ 2020 لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی هۆتێل مەم و زین لە سەر شاڕێی سەرچنار لە شاری سلێمانی كۆنفرانسێكی وەرزشی تایبەت بە دۆخی وەرزشی كوردستان و كێشەكانی ئەم دواییەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و خولی نایابی كوردستان تەوەری سەرەكی كۆنفرانسەكە ئەو دوو بەرەكی و كێشەیە بوو كە لە نێوان ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بوو سەبارەت بە بوون بە پاڵەوانی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی و دواتر هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و پەككەوتنی چالاكییە وەرزشییەكان لە كوردستاندا.

كۆنفرانسەكە لە سەر داوای هاوكار سالار داوەری نێو دەوڵەتی فۆتساڵ و مامۆستای سكوڵی وەرزش لە زانكۆی سلێمانی ڕێكخرا كە بەشی یەكەم ئەوەی ئەمڕۆ بوو لە شاری سلێمانی و بەشی دووەم لە شاری هەولێر دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو تیایدا ناوبراو تواناكانی خۆی دەخاتە خزمەت ئەم دۆخەی بە سەر وەرزشی كوردستاندا هاتووە.

سەرەتای كۆنفرانسەكە دانەر ئەسڵان پێشەكییەكی سەبارەت بە كۆنفرانسەكە و دكتۆر هاوكار سالار پێشكەش كرد پاشان بەڕێز كەمال نوری سەرۆكی ڕێكخراوی وەرزشكارە دێرینەكان باسێكی لە سەردەمی یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكانی سلێمانی و هەولێر كرد لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو هەروەك چەند خاڵێكی بۆ چارەسەر كردنی دۆخی ئێستای وەرزش پێشكەش كرد تیایدا داوای ئەوەی كرد بە زووترین كات هەڵبژاردنی نوێ‌ بۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بكرێت و دەستی حیزبەكانیش لە وەرزش دوور بخەنەوە.

پاشان حەمید خالید وەرزشكاری دێرینی شاری هەولێر و ئەندامی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەشداری كرد و بۆچوونی تایبەتی خۆی خستە ڕوو تیایدا وتی: (ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت دەرئەنجامی هەڵەكانی ڕابردووە بۆیە دەرئەنجامی هەڵە نەخوازراوەكانی پێشووی ئێستا وا باجەكەی دەدەین، چونكە ئێمە دروستكەری ئەم هەموو قەیران و دۆخە نەخوازراوانە نین بەڵكو سیاسییەكان وایان كردووە بگەین بەم كاتە بۆیە پێویستمان بە زانكۆیە بە كەسە زانستكارەكان و دكتۆرەكان توێژینەوەی زانستی و یاسایی بكەن و ڕێساكان جوانتر دابڕێژن و بگەڕێینەوە سەر ڕێچكەی ڕاستەقینەی خۆمان).


لە تەوەرێكی تری كۆنفرانسەكەدا پسپۆڕ و داوەری نێو دەوڵەتی مامۆستای دێرین بەكر مستەفا باسی لە كاریگەری وەرزش كرد لە هێور كردنەوەی دۆخی سیاسی نێوان وڵاتانی ئەمریكا و چین ئەمریكا و ڕوسیا ئەمریكا و ئێران ئەمریكا و ژاپۆن عێراق و ئێران و چەندان و چەندان نموونەی تر كە تیایدا سیاسییە درۆزانەكان بە وتەی ئەو نەیان توانیوە چارەسەری دۆخەكان بكەن هەر بۆیە هەمیشە لە دونیادا گەڕاونەتەوە لای وەرزشكاران، بەڵام بە داخەوە لە كوردستان سیاسییەكان ئەوەی باكیان نەبووە و گوێیان لێی نەگرتووە وەرزشكار بووە.
هەروەك مامۆستا بەكر باسی لە نەبوونی لیژنەی یاسایی و ئەنجامدانی كۆنگرەی هونەری و ڕاوێژ كردن كرد بۆیە دۆخمان بەم ڕۆژە گەیشت، چونكە كەس گوێی بۆ وەرزشكاران و ئەكادیمیان نەگرت.

كاكە حەمە بچكۆل یەكێك لە ئەفسانەكانی وەرزشی شاری سلێمانی و كوردستان یەكێكی تر بوو لە بەشداربووان كە بە كورتی چەند وتەیەكی پێشكەش كرد سەرەتا وتی: “بە هەموو سێكتەرەكانی تری كوردستان بە قەد وەرزشكاران شەهید و قوربانییان نەداوە بۆیە ئێمە قوربانیدەرترین كۆمەڵەین لە نێو كۆمەڵگای كوردیدا و مەغدورترین و بەش خوراوترینین”.

ئەو وەرزشكارە ناوازە ناو زێڕینە وتیشی: (وەرزش دەكرێت ناكرێت یەك بەرپرس باكی نییە ئەوە وەرزشكاران خۆیان بوون كە پێویست بوو لە سەریان بە هەر شێوەیەك بێت خولەكە بە ئاكام بگەیەنن نەك وەك ئێستای لێ‌ بكەن كە دواجار ناچار ببن بچنەوە بەردەم بەرپرسەكانیان).

دانەر ئەسڵان میدیاكاری وەرزشی بەیاننامەیەكی خوێندەوە كە بە ناوی خۆی و 12 ڕاهێنەری كوردستانەوە ئامادە كرا بوو ئاراستەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری كوردستان كرا دەقی نووسینەكە لە پێگەی پۆڵەتیك سپۆڕت دانراوە هەر بەڕێزێك ویستی بیخوێنێتەوە.

كاك هەردە سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عێراق و بەرپرسی پێشووی نوێنەرایەتی ئۆڵۆمپی سلێمانی بە ڕەخنە گرتنەوە بەشداری كرد و پرسی: (كوان بەرپرسانی ئۆڵۆمپی كوان ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێ‌ ئەم هەموو بەڕێزە و دكتۆر هاوكاری ئازیز لێرەین قسە دەكەین لە سەر شتێك كە تایبەتە بە ئەوان ئەی ئەوان كوان).
وتیشی: (سیاسییەكان تۆمەتبار نین وەرزشكاران خۆمان تاوانبارین كێشەكانمان دەبەینە بەردەم ئەوان نە پەیڕەوی ناوخۆ هەیە بۆ وەرزش نە هەڵبژاردن دەكرێت هەموو ئەمانە نەك دوو ئیدارەیی چەندان ئیدارەیی دروست دەكات بۆیە ئێمە ئەمڕۆ دەبێت ڕێگیری لەو شتانە هەمووی بكەین بە تایبەت دوو ئیدارەیی و گەورەتر كردنی پەیكەرەكانی دیكتاتۆر لە نێوەندی وەرزشی دا).

شێخ سەلام ڕاهێنەری پێشووی فۆتساڵی كوڕانی یانەی ئاشتی ڕایگەیاند: (هەموو شتێكی تۆپی پێی كوردستان باتیلە، چونكە دوو حیزب بۆ خۆیانیان دروست كردووە كەواتە بەرگری كردن لە مانەوەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانیش بەرگری كردنە لە باتیڵ، چونكە ئەم یەكێتییە هەرێمییە وەك دارێكی بێ‌ بەرە هیچ سوودێكی نییە تەنانەت زیانی بە یاریزانی كورد گەیاندووە لە نێوەندی وەرزشی عێراقدا بۆیە نەمانی باشترە تا یاریزانانی كورد چانسی بەشداری كردنیان لە وەرزشی عێراقدا زیاتر بێت).
عەباس عەلی یاریزان و داوەر و سەرپەرشتیاری ناسراوی كوردستان كە بە نوێنەرایەتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق – سلێمانی ئامادەی كۆنفرانسەكە بوو لای خۆیەوە داوای كرد لیژنەی ئۆڵۆمپی خۆی ڕێك بخاتەوە و كاروبارەكانی بە یاسا بكات و یاسای یەكێتییە وەرزشییەكان دابنێت دەنا هەموو شتێكمان لە دەست دەچێت و ئۆڵۆمپیش لە ناو دەچێت.

میدیاكار و پێشكەشكاری ناسراوی كوردستان هیوا مەلا محەمەد بەشداربوویەكی تری كۆنفرانسەكە بوو ئەویش لە بارەی چەند پرسێكەوە دووا لەوانە كاتی خۆی پارتی و یەكێتی لە سەر ناوی لیژنەی ئۆڵۆمپی ڕێك نەكەوتوون ئیتر ئێستا چۆن ڕێك دەكەون ئەمەش وای كرد قوڕ بكرێت بە سەر وەرزشی هەرێمی كوردستاندا هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە یاسا وەك شەقامێك وایە كە دروست كرا بێت ئۆتۆمۆبێلی وەرزشی كوردستانی بە سەردا بڕوات ئەگەر شەقامەكە نەبوو ئۆتۆمۆبێلەكەش سەرگەردان دەبێت وەك ئەو دۆخەی ئێستا وەرزشی تێكەوتووە.
لە كۆتاییشدا ئەو میدیاكارە وتی: (خولی كوردستان نەبوونی باشترە).

حەمەی كەریم ئەستێرەیەك لە ئەستێرە ناوازەكانی مێژووی تۆپی پێ‌ لە شاری سلێمانی بە كۆمێنتێك و وتەیەكی كورت بەشداری كرد و ئاشكرای كرد: (ئێمە لێرەین قسە دەكەین لە سەر ئەوەی كۆمەڵێك كەسی نابەرپرس بە سەر دۆخی وەرزشی كوردستانیان هێنا لە كاتێكدا خۆیان كەسیان لێرە نین كەواتە خۆمان بۆ ئەوان هیلاك دەكەین بە بێ‌ ئەوەی ئەوان خۆیان ئامادەییان تیادا بێت تەنانەت لە هۆڵەكەش ئامادە بن).

لە كۆتاییدا دكتۆر هاوكار سالار وێڕای سوپاس كردنی هەموان و ئامادە بوونیان و بە دەنگەوە هاتنی داواكەی ئەو وتیشی: (لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕووە و هەولێری پایتەخت دەڕۆین و لەوێش بەشی دووەمی كۆنفرانسەكە ساز دەكەین دەبێت دانیشین بەر لە دوو پارچە بوونەوە بگرین و دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخە بەرژەوەندی گشتی لە سەرو بەرژەوەندی تاكە كەسییەوەیە لە هەموو دونیا لێرە ناكرێت ئەوەندە بوار بدەین بە هەلپەرستان بەرژەوەندی تاكی خۆیان بە سەر بەرژەوەندی گشتی دا سەربخەن هیچ كارێك بە كەلە ڕەقی نەچۆتە سەر بۆیە هیواداریشم كەلە ڕەقی لەمەدا نەكرێت و هەموان پێكەوە نامەی ئاشتەوایی و برایەتی و دڵسۆزی و پێكەوە بوون بنووسینەوە و دوور بكەوینەوە لە شارچێتی و ناوچەگەرایی و هەموو كوردستانی بین).

 

ئامادە كردن/ دانەر ئەسڵان
فۆتۆ: هۆزار دانەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا