ڕۆژانێك توركیا عەفرینی دەسوتاند ئێستا خۆی دەسوتێت

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

خێزانەكانی عەفرین ڕۆژانێك بە دڵخۆشییەوە لە وەرزی كۆكردنەوەی زەیتوندا، ڕەنجی ماندووبونی چەند ساڵیان كۆدەكردەوە و دوای ئەوەی لە بازاڕدا زەیتوونەكەیان دەفرۆشت، پارەكەیان بۆ ژیانی ڕۆژانەی ماڵ و منداڵیان بەكاردەهێنا.

بەڵام دوای ئەوەی توركیا شاری عەفرینی داگیركرد و خەڵكەكەی ئاوارە بوون، ئەوان ئێستا دوور لە دارزەیتوونەكانیان ژیان بەسەردەبەن، ئەوەی ئازاری ئەوانی گەیاندە ئاستی ئازاری مردن، دزینی زەیتونەكان و بڕینەوەی دار زەیتونەكانی عەفرین بوو لەلایەن توركیا و مورتەزەقەكانی ئەو وڵاتەوە.

لە دوای داگیركردنی عەفرین لەساڵی 2018ەوە چەكدارەكانی سەر بە ‌توركیا لە ناوچە و گوندەكانی عەفرین دەستیان بەسەر دار زەیتونەكاندا گرت و 280 هەزار دار زەیتونیان بڕییەوە و زیاتر لە 20 هەزار دار زەیتونی تریشیان سوتاند.

ڕۆژانێك زەیتونی عەفرین وەك مۆركێكی كوردی دەچووە بازاڕەوە، بەڵام توركیا دوای دزینی زەیتونەكان و لەدوای بڕینەوەی دارەكان، ئەو زەیتونەی وەك “بەرهەمی توركیا” دەناردە بازاڕەكانی جیهان، كە لە بنەڕەتدا ئەو زەیتونە بە عارەقی ناوچەوانی كوردانی عەفرین هاتبووە بەرهەم.

توركیا دەسوتێت…

ئەمڕۆ پێنج ڕۆژە لەسەر یەك سوتانی دارستانەكانی توركیا بەردەوامە، كە بەپێی داتا فەرمییەكان تائێستا چوار كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە هاوكات ئاگرەكان لە 17 هەرێمی ئەو وڵاتە كەوتونەتەوە كە دەكەونە كەناراوەكانی دەریای ئیجە و دەریای سپی ناوەڕاست، وەك ئەنتالیا، ئەدەنە، قەیسەری، كۆتاهیا، میرسین، مۆغلاو عوسمانییە، تائێستاش هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نازانرێت، بەڵام چالاكانی تورك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن دەستێك لەپشت ئاگركەوتنەوەكەوەیە.

ئاگرەكەی توركیا، لە هەرێمی كوردستان دوو ئاڕاستەی جیاوازی بیركردنەوەی دروستكردووە، ئاڕاستەیەكیان دڵخۆشە بەو ئاگرەی لە توركیا كەوتووەتەوە و پێیوایە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات باجی كردەوەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە لە ڕۆژئاوا و هەرێمی كوردستان.. بەڵام ئاڕاستەیەكی دیكەیان پێیوایە هەرچەندە دیواری دوژمنایەتی دەسەڵاتدارانی توركیا بەرامبەر كورد ئەستوور بێت، خەڵكیی نابێت هەستی مرۆڤایەتی لە دەستبدەن، چونكە ئەوەی دەسوتێت سروشت و مرۆڤ و ئاژەڵە بێتاوانەكانی توركیان.

ئێستا كە توركیا دەسوتێت، بەڵام هێشتا بۆردوومانەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان بە پاساوی لێدان لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەردەوامە، ئەو وڵاتە لەناوخۆی خۆیدا دارستانەكانی دەسوتێت، بەڵام ڕۆژی پێنج شەممە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا لە بناری قەندین سەدان پارچە زەوی سوتان.

ڕۆژنامەی “سۆزجو”ی توركی ڕەخنەی توندی لە حكومەتی توركیا گرتووە و نوسیویەتی، ئەو سێ فڕۆكەیەی وەزیری كشتوكاڵی توركیا باسی دەكات كە بۆ كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكان بەكاردەهێنرێت، بۆ ماوەی 153 ڕۆژ لە ڕوسیا بە بەهای 203 ملیۆن لیرەی توركی بە كرێگیراون.

ڕۆژی هەینی توركیا و هەرێمی كوردستان بە ڕووداوێكی دڵتەزێن ڕاچڵەكین، ئەویش ڕووداوی كوشتنی حەوت ئەندامی خێزانێكی كورد لە ناوچەی مەرامی شاری كۆنیا لە توركیا بوو بە دەستڕێژی گولـلە.. ئەو ڕووداوەش وایكرد ڕقی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر توركیا لە پرسی سوتانی دارستانەكانی ئەو وڵاتە زیاتر ببێت.

توركیا لەناوخۆی خۆیدا دەسوتێت، بەڵام جارێ سەرقاڵی سوتاندنی هەرێمی كوردستانە، ئەوەتا ڕۆژی هەینی بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا بۆسەر قەزای زاخۆ، ئاگرێكی گەورە لە ناوچەكە كەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان هێكتار زەوی كشتووكاڵی هاووڵاتیان سوتا.

توركیا جگە لە سوتاندنی ئەو ناوچانە ڕێگریدەكرد لەوەی خەڵكی ناوچەكە بچەنەوە سەر زەوییەكانیان و هەڕەشەی ئەوەیكردووە، هەركەسێك بچێتەوە ئەو ناوچانە تەقەی لێدەكات…

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا