وادەی لێدانی لۆگۆ و شریت بەتەكسییەكان درێژ دەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، ماوەی لێدانی لۆگۆ و پێدانی شریتى تاكسی كەسبەی 1/8/2021 كۆتایی دێت درێژ دەكرێتەوەو هیچ شوفێرێك بەهۆی لێنەدانی لەزگەكەوە سزا نادرێت.

فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەو شۆفێرانەی لۆگۆیان لە تەكسییەكانیان نەداوە، سزا نادرێن و ماوەكەش درێژ دەكرێتەوە.

هاوكات، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند، دوا مۆڵەت بۆ پێدانی لۆگۆ بە تاکسی نا شارەکان تا 1-8-2021، دیاری كرابوو كە بڕیار بوو هەر شۆفێرێک لە کاتی خۆیدا فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە سزای دارایی دەدرێت.

وتیشی، بەپێی ئەو پێشنیارانەی لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆدا گەڵاڵە كراوە سبەینێ یەكشەممە 1ی ئاب بڕیارو رێنمایی نوێ تایبەت بەشریت و لۆگۆی تەكسی دەردەچێت و بڕیارو رێنماییەكانیش لەبەرژەوەندی شۆفێران دەبێت لەبەر ئەوەی رەچاوی بارودۆخی كوردستان كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهەموو ئەگەرێكەوە وادەی پێدانی شریت و لۆگۆ بەتەكسییەكان درێژ دەكرێتەوە و هەموو تێبینییەكان و هەبوونی ماوەیەكی زۆری رۆژەكانی پشوو لەهەرێمی کوردستان لەبەرچاوگیراوە.

لە ساڵی 2019 بڕیاری جیاكردنەوەی تاكسیی شارەكان لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، هەر شارێك لۆگۆی تایبەت بەخۆی بۆدانرا بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  ئەو پرۆسە وەستا و لەچەند مانگی ڕابردوودا جارێكی دیكە دەستی پێكردەوە.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ، لۆگۆی تاكسییەكانی هەولێر سوور و سلێمانی شین و دهۆك رەش دەبێت، ئەو بڕیارە لە هەموو شارەكان كاری پێدەكرێت، هەر تاكسییەك بۆی هەیە لە شارەكەی خۆی كار بكات.

هاوكات بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستانیش هەر شوفێرێك پابەند نەبێت و لۆگۆی بۆ تەكسییەكەی وەرنەگرتبێت، بە بڕی 500 هەزار سزا دەدرێت‌، بەڵام بەوتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هیچ شوفێرێك بەهۆی لێنەدانی لەزگەكەوە سزا نادرێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر زیاتر لە 20 هەزار تاكسی ماوە شریت و لۆگۆی تەكسی وەربگرێت، لە سلێمانیش لە 27 هەزار تاكسی تا ئێستا سێ هەزار و 500 مامەڵەی وەرگرتنی شریت و لۆگۆی تەكسی كراوە، بەڵام كەمتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێلی تەكسی شریت لۆگیان وەرگرتووەو لەپارێزگای دهۆكیش زیاتر لە هەزارو221 تەكسی فۆڕمیان وەرگرتووە و نزیكەی زیاتر لە 800 فۆڕمیان تەواو بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا