لە سلێمانی و چەمچەماڵ‌ دوو تۆڕی داعش دەستگیركران

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری دەستگیركردنی دوو تۆڕی داعشی لە سلێمانی و چەمچەماڵ راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری رایگەیاند، دوو تۆری مەترسیداری داعش لە سلێمانی و چەمچەماڵ دەستگیركران كە یەكێك لە گروپەكان بە نیازبوون تەقینەوە لە هەرێم ئەنجام بدەن.

دەقی راگەیەندراوەكە:

لەسەر فەرمان و راسپاردەی سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستان و، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەكان، لە رۆژانی ١٣ و ٢٣ و ٢٥ی مانگی ٧ی ساڵی ٢٠٢١، لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای سلێمانی، ناوشاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ، (٨) تیرۆریستی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر و راپێچی بەردەم یاسا كران.

دوای كۆكردنەوەی زانیاری وردی هەواڵگری و پاش بە دەستهێنانی بەڵگەی تەواو لەسەر تێوەگلانی ئەندامانی دوو تۆڕی داعش لە سلێمانی و چەمچەماڵ و لە كاتێكدا گروپێكیان شانەی نووستوو بوون و ئەوی تریان ئامادەكارییان دەكرد بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە هەرێمی كوردستان، بە فەرمانی بەڕێز دادوەر، ئەو تۆڕە تیرۆریستیانە دەستگیر كران.

تۆڕی یەكەم. گروپی ناو چەمچەماڵ. ناوی تیرۆریستان و زانیاری لەسەر ئەندامانی گروپەكە و كردەوە تاوانكارییەكانیان:

١. (علی محمد علی) ناسراو بە ئەبو ئەنەس. ئەمیری ئەمنیی داعش بووە لە ویلایەتی موصڵ و پاش رزگاركردنی پارێزگای نەینەوا، ناوبراو لە نێوان رەققەی سوریا، و فەلوجە و جزیرە و كەركوك جێ گۆڕكێی كردووە و بەردەوامیش بووە لە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی دژ بە خەڵكی سوریا و عێراق. ئەبو ئەنەس بە نیازبووە بە رێگەی تەقینەوە، كردەوەیەكی تیرۆریستی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.

٢. (محمد حسین محمد) كە لەناو تۆڕە تیرۆریستییەكەی دا ئەركی ئامادەكردنی بۆمبی چێندراوی بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی پێ سپێردراوە. ناوبراو شارەزایی تەواوی پەیدا كردووە لە ئامادەكردنی بۆمب و تەقاندنەوەی بە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكاندا و، پێشتر دەستی هەبووە لەبۆمبڕێژكردنی ئوتومبیل و تەقاندنەوەی دا.

٣. (جمعه جاسم محمد) یەكێكی ترە لە تیرۆریستە مەترسیدارەكانی داعش لەناو گروپەكەی چەمچەماڵ. ناوبراو سەر بە كەتیبەی (ئینغیماسی)ی داعش بووە و، پێكەوە لەگەڵ ئەبو ئەنەس و محمد حسین دا بەنیاز بوون كردەوەی تیرۆریستی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.

٤. (احمد عمر زیدان) ناسراو بە ئەبو حەمودی، بەرپرسی شەرعیی گروپەكەی چەمچەماڵ بووە و پێشتریش لە حەمدانییە لەسەردەمی دەسەڵاتی رێكخراوەكەدا، بەرپرسی شەرعی بووە‌.

٥. (عبدالكریم احمد عمر) چەكداری متمانەپێكراوی گروپەكە و شارەزای بەكارهێنانی چەكی قەناص بووە‌.

٦. (فراس عجاج) چەكداری متمانەپێكراوی گروپەكە بووە و بەشداربووە لە ئەنجامدانی چەندین تاوانی تیرۆریستی دژ بە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

شایانی باسە ئەم گروپە لە‌ كاتێكدا سەرقاڵی ئامادەكردنی ماددەی تەقینەوە بوون بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی، له ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری دا لە ٢٥ی ٧ی ٢٠٢١ دەستگیركران.

تۆڕی دووەم. شانەی نووستووی ناو سلێمانی. ناوی تیرۆریستان و زانیاری لەسەر ئەندامان‌ و كردەوە تاوانكارییەكان.

پاش بەدواداچوونی ورد و وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەر، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە رۆژانی ١٣ و ٢٣ی ٧ی ٢٠٢١، توانرا هەردوو ناوبراوی لای خوارەوە دەستگیر بكرێن و بخرێنە بەردەم یاسا:

١. (رعد سلیم احمد)، (ئەمیری سەربازی)ی داعش و پاشان‌ (ئەمیری دیوانی زەكات) بووە. لە دوای بەدواداچوونی تیمە تایبەتمەندەكان بۆ ئەم تاوانبارە، دەركەوتووە كە پێشتر دوو برای ناوبراو بە فەرمانی داعش خۆیان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا تەقاندۆتەوە.

٢. (عمر جاسم محمد)، ئەندامی شانەی نووستووی داعش بووە لە شاری سلێمانی و پێشتر لە چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەكانی تری عێراق بەشدار بووە.

ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری
٢٩-٧-٢٠٢١

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا