جەلال شێخ كەریم: یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گرنگە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێسدا جەلال شێخ كەریم، بریكاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ، تیشك دەخاتە سەر تەوەرێكی گرنگ و سەرەنجی خۆی لەبارەیانەوە دەخاتەڕوو، لەوانەش یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و ئامادەكارییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

_ پۆڵەتیك پرێس: لەدوای خانەنشین بوونتان لە پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا مامۆستا جەلال بە چییەوە سەرقاڵە رۆژانە؟

+جەلال شێخ كەریم: ئینسان خانەنشین بوو دەستی بەتاڵە، من خۆم خەڵكی ناوچەی سەنگاوم لەوێ‌ فەلاحەتم هەیە، لە قۆپییەكانی قەرەداغ موڵك و ماڵمان هەیە و ئەچم گەڕان ئەكەم و كتێبە ئەخوێنمەوە و موتابەعەی هەواڵەكان دەكەم لە رێگەی ئینتەرنێت و میدیاكان بە گشتی، خەریكی ئەوانەم ئێستا بەڵام كات بەسەربردنیش كە ئینسان دەستی بەتاڵ بوو پێویستی بەوەهەیە بڕوات سەردانی ئەملاولابكات، سەردانی برادەران بكات و بگەڕێت بەسەر خەڵكی شوێنە دوورەكان و برادەرەكانی لەلادێكان ئەوانەی كاتی خۆی لە پێشمەرگایەتیا پەیوەندیمان هەبووە لەگەڵیاندا، خزمەتیانكردووین و ئەركمان هەبووە بە سەریانەوە، سەردانی ئەوانیش دەكەم جارجار.

_ پۆڵەتیك پرێس: مامۆستا پێم خۆشە بچینەوە بۆ سەردەمی گەنجی، چۆن بڕیارتدا لە پیشەی مامۆستایەتییەوە بچنە شاخ و چەك هەڵبگرن و ئەم بڕیارە چۆن دراو وە پەیوەندیتان بە كێوەكرد سەرەتا؟

+جەلال شێخ كەریم: (بەدەم چا خواردنەوە) من مامۆستابووم لە كۆتایی ساڵی 76 ەوە، ئەو كاتەی بوومە مامۆستا رێكخستنی كۆمەڵەبووم، ئیش و كاری رێكخستنەكانی ناوشارم دەكرد لە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، سەرەتا لە هەولێر بووم بە رێكخستن لەلایەن كاك كۆسرەتەوە تەنزیم كرام دوایی هاتمە كەركوك و لەوێ‌ خەریكی دروستكردنی شانەی رێكخستن و ئەڵقەی رۆشنبیری بووم تا كۆتایی هەشتاكان ئیتر كە شۆڕش بەهێزبوو و گەشەی كرد، بەهۆی ئەوەی شەهید حەمە رەشی برام لە ساڵی 1978 ەوە چووبووە دەرەوە، فشارێكی زۆر لەسەر خۆم و كەس و كارەكەم هەبوو، دایك و باوك و خوشك و براكانم جارێكیان گیران من خۆم لەوێ‌ نەبووم.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئەمە هیچ كاریگەری لەسەر تۆ دروست نەكرد لە شاخ بێیتەوە بۆ ناو شار و لەو بڕیارە پەشیمان بیتەوە، بەهۆی ئەو فشارەی كە لەسەر خزم و كەس و كارت هەبوو؟

+جەلال شێخ كەریم: من كە چوومە دەرەوە، هەموویان چوبوونەوە دەرەوە، چونكە نزیكەی ساڵێك گیران دوایی كە بەربوون هەموویان چوونە دەرەوە، تەنها خۆم و خێزانەكەم مابووینەوە، منیش بەهۆی ئەوەی كە ئەو فشارانەم لەسەربوو لە ناوچەی سەنگاو مامۆستابووم، گواستمەوە بۆ بازیان، ماوەیەك لەوێ‌ بووم هەر فشارم لەسەر بوو، چوومە چوارقوڕنە، لەوێش بەردەوام بووم لەسەر كاری رێكخستن، بەڵام دواجار وای لێهات، ناچار چوومە دەرەوە و لە ساڵی 1986 ەوە بەبێ‌ دابڕان پێشمەرگەم.

_ پۆڵەتیك پرێس: كاتێك كە باس لە راپەڕین دەكرێت یەكسەر ناوی مامۆستا جەلالیش دێت، پێم خۆشە بزانم ئێوە ئەوكاتە هەماهەنگیتان چۆن بوو وە پێش راپەڕین ئەم بڕیارە چۆن درا، ئێوە لە چ قۆڵێكەوە بڕیارتاندا بێنە ناوشارەوە، ئەو سەركردانە كێبوون كە لەو كاتەدا لەسەر هێڵ بوون، بۆ ئەنجامدانی راپەڕینەكە؟

+جەلال شێخ كەریم: پرۆسەی راپەڕین لە ساڵی 1990 لەدوای گرتنی كوێت لەلایەن عێراقەوە هاتە پێشەوە، یەكێتی نیشتمانیی لە شاخ خەریكی ئەوەبوو، كۆمەڵەی رەنجدەران و شۆڕشگێڕان یەكبگرنەوە و ببن بە یەك حزب، وەكو زەمینە سازی برادەران دابەش بوون بەسەر شار و شارۆچكەكانی مەرزەكان لە پاوە و لە مەریوان و لە بانە و لە نەغەدە و كاك كۆسرەت و كاك فەرەدوون هاتن بۆ دۆڵەناو لای مەریوان كۆبوونەوەیان بە ئێمەكرد، بۆ ئەو پرۆسەیە، دوای ئەوە كاك كۆسرەت سەرتیپەكانی بانگكرد، سەرتیپ بووم و لێپرسراوی بارەگاكانی بەتالیۆنی دووبووم، كاك جەمیل هەورامی لێپرسراوبوو، باسی دۆخەكەی بۆكردین وتی رەنگە ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق بدەن، ئێمە ئەبێت خۆمان ئامادەبكەین زەمینە سازی دروستبووە بۆ راپەڕین، ئەبێت هێزەكانمان ببەینەوە بۆ سەر مەرز و ئامادەكاری و پێداویستی خواردن ناردنی چەك بكەین بۆ سەر مەرزەكان، من ئەو كاتە لەگەڵ كاك ئاواتی شێخ جەناب پێكەوە دانیشتبووین، وتم ئەگەروابێت كۆمەڵێك كادر بۆچی نەچینەوە ناو شار و شارۆچكەكان و دەستبكەین بە رێكخستنی خەڵك و شانەی چەكدار دروست بكەین، كاك كۆسرەت پێی خۆش بوو وتی زۆرباشە، ئەچمەوە لە قاسمەخان لەگەڵ كاك نەوشیروان باسی دەكەم، ئەو رۆشتەوە و ئێمەش چاوەڕوانی وەڵاممان دەكرد، دوای دوو رۆژ كاك رۆستەم هات، لێم پرسی من قسەیەكی وام لەگەڵ كاك كۆسرەت كردووە بۆئەوەی بە كاك نەوشیروان بڵێت، وتی قسەی نەكردووە، وتی ئەڕۆمەوە پێی ئەڵێم، شەو بروسكەتان بۆ ئەكەم، ئەوەبوو رۆشتەوە شەو كاك نەوشیروان بروسكەی بۆكردین، وتی بەیانی وەرن بۆ قاسمە رەش لە سەعات 10 چونكە دوای سەعات 10 من ئەڕۆم ئیشم هەیە، شەو لەگەڵ كاك ئاوات رێككەوتین و چووین بینیمان وتی ئەمە پێشنیارێكی زۆرباشە، ئێمە لەم بابەتە پێویستە ئیش بكەین لە ناو شار و شارۆچكەكاندا، پێشمەرگەی كۆن، رێكخستنەكان، كەسایەتییەكانی ناو شارەكان، یان لە ناو لادێكان هەریەكە بە گوێرەی ئیشی خۆی و ناوچەی خۆی خەڵكی ناسیوە، پەیوەندییان پێوە بكەن، یەكەم تێیان بگەیەنن رەنگبێ‌ راپەڕین بكرێت هاوكاریمان بكەن، لەناوخۆیاندا شانەی چەكدار دروست بكەن، ئامادەسازیمان هەبێت بۆئەوەی هەركاتێك هاتە پێشەوە ئێمەش لە رێگەی رادیۆوە ئاگاداریان بكەینەوە راپەڕینە.

_ پۆڵەتیك پرێس: كە بڕیاری راپەڕین درا ئێوە لە چ قۆڵێكەوە بوون، ئێوە هاتنە ناوشار چ بەرهەڵستییەك هەبوو لە ناو شاردا؟

+جەلال شێخ كەریم: ئەوەبوو كاك نەوشیروان وتی پێداویستییەكانیان بۆ ئامادەبكەن بڕیاربوو من و كاك ئاوات بنێرن بۆ سلێمانی، ئەو دەلیلانەی خەڵكیان هێنا بۆ سلێمانی دوو كەس بوون یەكێكیان خوا لێی خۆش بێت عەبە رەق بوو، وتیان لە سلێمانییە رەنگبێ‌ 10 بۆ 15 رۆژی پێبچێت، ئێمەش مانگی 10 بوو وتمان تا ئەو دێتەوە لەوانەیە بەفر رێگەی شاخەكان بگرێت، شەهید حەمە رەشیش هێزێكی ئامادەكردبوو بیباتەوە بۆ گەرمیان ئەو پارتیزانبوو، هێزەكانی ئاڵوگۆڕ پێدەكرد، پێشنیارمان بۆ كردن لەگەڵ ئەواندا بڕۆینەوە، لەگەڵ كاك ئاوات چووین بۆ پاوە و لە بارەگای كاك مەحمود سەنگاوی فەرماندەی بەتالیۆنی یەك بوو ئەو كاتە، لەوێ‌ دوو سێ‌ رۆژێك ماینەوە و ئەوانیش هێزیان ئامادەكرد و لەسەر سنوری لای سەرپێڵی زەهاو هاتینە گەرمیان و دوای چەند رۆژێك هاتینەوە بۆ قەرەداغ ئێمە رەتڵی پارتیزانی قەرەداغمان كاك رەئیس لەوێ‌ بوو، چووینەلای ئەو، رەتڵێكی دیكەش دروستكرابوو، هی بازیان بوو، شەهید شێخ كەریم لێپرسراوی بوو، هەشت نۆ پێشمەرگە بووین، ئەو ماوەیە كە هاتینەوە تا راپەڕین ئیشمان ئەكرد و پەیوەندیمان بە خەڵكەوە ئەكرد و نامەمان بۆ خەڵك ئەنارد، یەكەمجار چووینە بازیان چوینە ماڵی شەهید شێخ سەعی، لەوێوە دەستمان پێكدر دوایی هاتینە سلێمانی و پەیوەندیمانكرد بە كۆمەڵێك لە تێكۆشەرە كۆنەكانی هاوڕێمان، شەهید حەمە حسێن و كاوە و ئیتر ئەوانەی كە لەناو شاردا دەمان ناسین، شانەی چەكداری باشمان دروستكرد و لەگەڵ موستەشارەكان پەیوەندیمانكرد زۆربەی زۆریان وەڵامدانەوەی باشیان هەبوو، چەكمان لێوەرگرتن دامان بە شانە چەكدارەكان، ئەم كەین و بەینە دوو سێ‌ مانگێكی پێچوو، نزیكی راپەڕین بووەوە، هەموو شتەكانمان بە جیهازێكی راكاڵ “لە شاخی سەگرمەبوو بە دیوی سەنگاودا لە پشتی زەردە لیكاو” هی شەهید حەمەرەش بوو لە رێگای ئەو بێتەلەوە هەرچییەكمان هەبووایەت ئەماندا بە كاك نەوشیروان و مەكتەبی سیاسی، لەوكاتەدا كە ئێمە هاتینەوە پێشمەرگە و كادری دیكەشیان ناردەوە بۆ ئەو مەبەستە، كاك سەلاحی كوێخا لەگەڵ ئێمەدا هاتەوە دوایی كاك حەمەی حەمە سەعی و فەلاحی حەمە بۆر كاك حەمە زیاد، خەلیل سەركانی، ئەو كاتە مەفرەزەی پارتیزان شەهید غەریب هەڵەدنی و ئەوانیش هەبوون، كاك سەركەوتی كوبەش لە شارباژێڕبوو، هەموو ئەمانە چڕكرانەوە و بەهێزكران و كادریان بۆ ناردن، لە ناو شاریشدا هەماهەنگیمان هەبوو لەگەڵ كۆمەڵەی رەنجدەران، كۆمیتەی سلێمانی.

_ پۆڵەتیك پرێس: جەنابت لە دوای راپەڕینەوە كۆمەڵێك پۆستی حزبی و حكومیت وەرگرتووە، یەكێك لەو پۆستانەش پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، یەكێك لەو گلەییانەی بەردەوام ئەكرا و جێگری سەرۆكی حكومەتیش باسی كرد ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەقەدەر سوپای وڵاتێكی چین پلەدار و سەربازمان هەیە، پێم خۆشە سەرەنجی جەنابت لەسەر ئەم رەخنەیە بزانم؟

+جەلال شێخ كەریم: بە حوكمی ئەوەی كە پێشمەرگە بووم پێشتریش رێكخستن بووم ئاشناییم هەیە لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی خۆماندا، لە شاخ پێشمەرگەبووم، دوای راپەڕین بووم بە نوێنەری یەكێتی لە بەرەی كوردستانی لە سلێمانی، دواتر بووم بە بەڕێوەبەری ئاسایش دواتر بە بەڕێوەبەری گشتی و دوای ئەوە بووم بە بریكاری وەزیر لە سلێمانی دواتریش لە 2009 ەوە لە حكومەتی یەكگرتوو، وردەكاری ئەم شتە بە باشی ئەزانم، كوردستان پێویستی بەو هەموو هێز و پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشە نییە لە راستیدا.

_ پۆڵەتیك پرێس: پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەم هەموو هێزە؟

+جەلال شێخ كەریم: دووسێ‌ هۆكارە، یەكەم لەسەرەتادا هێزی پێشمەرگەیان دابەشكرد، بۆسەر ئەو فەرمانگانەدا بۆئەوەی پێشمەرگە لەناو ئاسایشدابێت و دەسەڵاتی هەبێت، لێپرسراوەكان ببن بە لێپرسراوی ئاسایش و پۆلیس، لەسەرەتادا زۆر باشبوو، زۆر سەركەوتووبوو، دوای ئەوەی ململانێی حزبی دروست بوو بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان هەریەكە هەوڵی ئەدا زۆرترین كەس دابمەزرێنێت بۆئەوەی پێگەی خۆی بەهێزبكات، دەنگ زیاتر بهێنێت، سەردەمێكیش هەبووە شەڕی ناوخۆ هەبووە ئەمە وایكردووە هەرلایەك بۆخۆی پێشمەرگەی زۆرتری هەبێت بۆئەوەی بەكاری بهێنێت و بەرامبەرەكەی پێبشكێنێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئێستا یەكێك لەو پرسانەی كە باس دەكرێت یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیە پێم خۆشە سەرەنجی بەڕێزت لەسەر ئەم بایەتە بزانم تاچەندە گرنگە و ئەوەندەی ئاگاداربن پرۆسەكە لە كوێدایە؟

+جەلال شێخ كەریم: یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تەواو گرنگە، ئێمە ئەگەر حكومەتی هەرێم بین ئەبێت پێشمەرگەی هەرێمیش هەبێت نەك پێشمەرگەی حزب و ئەملا و ئەولا، ئەم و ئەو، نەك هێزەكانی پێشمەرگە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشیش هەڵسوكەوتیان جیاوازە لەگەڵ خەڵكدا، بۆ نمونە ئەفسەرێكی پارتی لێرە نییە، ئەفسەرێكی یەكێتی لەولانییە، ئەمانەش بەتەواوەتی یەكیان نەگرتووەتەوە، راستە سەر بە یەك وەزارەت و دەزگان و یەك مووچەیان هەیە و یەك رێنماییان بۆ دەردەچێت، بەڵام هەریەكە لە ناوچەیەك حزبەكەی خۆی كۆنترۆڵی كردووە و فەرمانی پێدەكات، بەڵام ئێمە ئەگەر یەك حكومەت بین و بەفعلی بمانەوێت ببین بە دەوڵەت ئەبێت ئەم هێزانە لە دەستی كەسێكی تێكۆشەر و دڵسۆزدابێت هەموویان بەیەكەوە بەیەك ئاراستە ببات بەڕێوە.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە چاوپێكەوتنێكی رابردووت دەڵێی پێم خۆشبوو كە لە كۆنگرە دەنگی پێویستم نەهێنا؟

+جەلال شێخ كەریم: وام نەوت نەخێر وام منەوت، وتم پێم ناخۆش بوو كە دەرنەچووم بەڵام كە سەركردایەتییەكەم بینی دواتر ئێستا پێم خۆشە، لەو سەركردایەتییەدا ئەندامی سەركردایەتی نیم.

_ پۆڵەتیك پرێس: بۆچی

+جەلال شێخ كەریم: لەبەرئەوەی ئەو سەركردایەتییە خەڵكی تیایە موستەحەق نین و پێگەی كۆمەڵایەتی و زانستی و تەمەنی و ئەزمونی و خەباتی هی ئەوەنییە ئەندامی سەركردایەتی بێت، زۆریان تیایە نەك لە ئاستی سەركردایەتی لە ئاستی ئەندام كۆمیتەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی نییە، هی پێش ساڵەكانی 2000 و نەوەدەكان، كەسایەتییەكی لاوازە ئیتر ئەو ململانێ‌ كە دروستبووە لە ناو یەكێتیدا و پێشتر هەبووە، هەریەكە بۆخۆی ویستوویەتی پێگەی خۆی و باڵی خۆی و دەوروبەرەكەی خۆی بەهێزبكات و بیانخاتە سەركردایەتییەوە، تا بتوانێت كۆنترۆڵی سەركردایەتی بكات، ئەوە وایكرد كۆمەڵێك خەڵكی تێكۆشەر و لێهاتوو بچێتە دەرەوە لە ناو كۆمیتەی سەركردایەتیدا خەڵكانێك بێن هەر جەماعەتی ئەشهەد و بیللابێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە م رووداوانەی رابردوو كە لەناو یەكێتی روویدا، بەتایبەتی لەنێوان هاوسەرۆكاندا جەنابت لەگەڵ شێخ نەهرۆ كەسنەزانی دەركەوتیت وەكو نێوەندگیرێك پێم خۆشە بزانم ئەو هەوڵانەی ئێوە بە كوێ‌ گەشت و چیتانكرد؟

+جەلال شێخ كەریم: سەردانی هەردوولامان كرد، من و شێخ نەهرۆ خزمایەتی نزیكمان هەیە، ئامۆزازاین، ئەشزانێت هەردوو هاوسەرۆك كاك بافڵ و كاك لاهور نزیكم لێیانەوە و خۆشم ئەوێن و برادەریانم و تێكەڵم، حەزی كرد پێكەوە بچین، وتی پێم ناخۆشە ئەم شتانە رووئەدات، ئەمە زیانی بۆ یەكێتی و كورد و ناوچەی سلێمانی هەیە، بۆئەوەی پەرەنەسێنێت و كارەساتی لێنەقەومێت بچم بۆ لایان، ئەوەبوو سەرەتا سەردانی كاك لاهورمانكرد ئەو وتی ئامادەم ئێوە چی بڵێن، دواتر چووینە لای كاك بافڵ ، كاك بافڵ هەندێك گلەییی هەبوو وتی هەندێك شت روویداوە ئەبێت چاكی بكەین ناكرێت ئەمانە هەبێت، لەگەڵ كاك شێخ لاهور دائەنیشین و تاوتوێی ئەكەین و چاكی ئەكەین، من بۆخۆم یەكێتی بە هی خۆم ئەزانم، ئەو سەركردایەتییەی كە ئێستا سەركردایەتی دەكات، رەنگە خۆشیان خاوەنی یەكێتی نەبن، چونكە یەكێتی ناوێكی گرنگە، خەبات و رابردووی هەیە، پێگەی سیاسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە، من جگە لە برام كۆمەڵێك كەسی نزیكم شەهیدن وەكو ئامۆزا و خزمی دیكەم، برادەرەكانم كە پێشمەرگەبوون و شەهیدبوون، خۆم بە خاوەنی ئەو یەكێتییە ئەزانم و ئەمەوێت بە هێزەوە بمێنێتەوە، پێگەی لە هەموو حزبەكانی دیكە بەهێزتربێت، ئیتر بەوەبێت كە ئەمان لە ناوخۆیاندا رێكبكەون، یان چاكسازی بكرێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئەوەی جەنابت بەدەستتهێنا لە كۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆكاندا، چیت بۆ دەركەوت و چی لێ‌ ئەخوێنیتەوە؟

+جەلال شێخ كەریم: قسەكانیان هەریەكە بە جۆرێك بوو، كاك بافڵ ئەڵێت، ئەبێت ئێمە چاكسازی بكەین چونكە ئیسغلالی پێگەی یەكێتی و هێزی یەكێتی و دەزگاكانی یەكێتی كراوە، بۆ مەبەستی كەسی، ئەمانەم قبوڵ نییە، كاك لاهوریش ئەڵێت، ئامادەم دانیشین هەمووی چارەسەربكەین، هێشتا پەیوەندییان هەیە و خەریكن.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە ماوەی داهاتوو دەچینە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە، یەكێتی چۆن خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادەكردووە؟

+جەلال شێخ كەریم: یەكێتی سەركردایەتی هەیە و لیژنەی تایبەتی هەیە بۆ هەڵبژاردن، لە هەرشارێك خەریكن و لە هەوڵدان، من ئاگام لێیانە بەوپێیەی كادری یەكێتیم و ئەیانبینم پێم وایە هەوڵی زۆرجدی بدەن، یەكێك لەوانە نزیك بوونەوە لەگۆڕان، كادرەكانیان خستووەتەكار و سەركردایەتییەكانیان دابەشكردووە لەسەر شار و شارۆچكەكان، ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمییە نازانی چۆن دەبێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئێستا پرسێكی گرنگ بریتیە لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ، وەكو بینیمان ئەمریكا لە ئەفغانستان كشایەوە، لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا نیوەی خاكی ئەو وڵاتە كەوتە دەستی تالیبان، پێم خۆشە سەرەنجی جەنابتان لەسەر ئەم پرسە بزانم؟

+جەلال شێخ كەریم: بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان بۆ دژایەتی و رووخانی تالیبان بوو، ئەو ماوەیەی كە لەوێ‌ بوون ئایا بۆی نەرووخا یان خۆی نەیڕووخان نازانم، یان دەوڵەتێكی بۆ دروست نەبوو بتوانێت كۆنترۆڵی وڵات بكات، من وای بۆدەچم رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی بێت و بارودۆخەكە وابخوازێت، پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكە ئەبێت وابێت، هەست ئەكەم خۆی وایكردبێت چونكە ئەفغانستان كێشەی تیابێت بۆ ئەمریكا باشترە چونكە لەلایەكەوە ئێرانە بۆئەوەی فشاردروستبكات لەسەری، لەولاوە كێشەی هەیە لەگەڵ توركیا، كاریگەری چین و رووسیای لەسەرە، ئەمریكا خۆی لە ململانێیەكی تەكنەلۆجی و پیشەسازی زۆردایە لەگەڵ چیندا، بەڵام بەراوردی كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان بكەیت بە كشانەوەی لە عێراق نا ئەمریكا ناكرێت لە ئەفغنستان بكشێتەوەو لێرەش بكشێتەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆڵ ئەبێت بۆ چین و رووسیا و ئێران، وای نابینم ئەمریكا 20 ساڵە پێگەی خۆی ئەپارێزێت بەناوی رووخانی سەددام و دژایەتیكردنی داعش و ئیرهاب بڕواناكەم.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە ئەفغنستانیش هەمان قسە و بیانوو هەبوو، وەكو كەسێكی سەربازی ئەگەر بكشێتەوە مەترسییەكان چی دەبن؟

+جەلال شێخ كەریم: بیانووی ئەفغانستان جیایە لە عێراق، بۆنمونە كاتیخۆی تالیبان و عاقیدە لە ئەفغانستان ئەمریكا دروستی كردن بۆ دژایەتیكردنی رووسیا، بەڵام لێرە جیاوازە، ئێرە تەنها عێراق نیە، سعودیەیە، قەتەرە، ئیماراتە، ئوردنە، سووریایە، ئەمانە هەموویان وابەستەن بە هەبوونی ئەمریكا لە عێراقدا.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئێستا لەشكركێشی سوپای توركیا هەیە بۆ ناوخاكی هەرێمی كوردستان بە بیانووی بوونی پەكەكە، پێم سەرەنجی جەنابتان لەسەر ئەم پرسە بزانم؟

+جەلال شێخ كەریم: بوونی پەكەكە لە كوردستان بیانووە بۆ توركیا، توركیا بیركردنەوەیەكی گەورەتری هەیە، ئەم خاكە بە خاكی خۆی ئەزانێت، زۆربەی كوردستان هەتا سلێمانی لە ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانیدابووە، لە رێكەوتننامەكانی دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانیدا، ئەم ناوچەیە دابەشكراوە و كراوە بە چەند دەوڵەتێك، ئەو ئێستاش خۆی بە خاوەنی دەوڵەتی عوسمانی ئەزانێت و ئەردۆگان ئەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی بە جۆرێكی دیكە زیندووبكاتەوە و ئەیەوێت بە هەر جۆرێك بووە بێتە ئەم سنوورە و پێگەی خۆی بەهێزبكات، ئیتر بەناوی پەكەكەوەیە یان بەناوی ویلایەتی موسڵی كۆنەوەیە.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئەو ترسەی لەناو هەرێمی كوردستاندا هەیە ئەوەیە كە پێكدادانی پێشمەرگە و پەكەكە رووبدات، پێتان وایە ئەمە روودەدات، ئەگەر رووبدات مەترسییەكانی چی دەبێت؟

+جەلال شێخ كەریم: بڕوام نیە شەڕی پێشمەرگە و پەكەكە رووبدات، پارتیش بڕیاری وای نیە لەپەكەكە بدات، چونكە ئەزانێت لەسەر ئاستی نەتەوەیی رەخنەی زۆری دێتەسەر، پەكەكە هێزێكی شۆڕشگێڕی ناسراوە لەسەر ئاستی كوردستان و پێگە و جەماوەری خۆی هەیە، پارتیش ناچێتە ئەو یارییەوە خۆی تووشی عەیبە بكات، بەڵام پەكەكەش فشارێكی زۆر ئەكات لەو ناوچانە بووەتە مایەی ئەوەی كە توركیا هێزبێنێتە سەر ئەو دێهات و شارانەی كە لەسەر سنوورن، بە بیانووی پەكەكەوە توركیا دێت كاولی دەكات و دەی رووخێنێت، بەڵام لە ئەسڵدا شەڕی توركیا لەگەڵ پەكەكە نییە، لەگەڵ كورد و كوردستاندایە ئەیەوێت داگیری بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا