وەزارەتی تەندروستی: بەم رێگایە ڤاكسین وەربگرن

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوا دەكات هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، پێشتر ناوی خۆتان لە سیستەمی ئەلیكترۆنی تۆمار بكەن، ئەوەش لەرێگەی پۆڕتاڵ و ئەپڵیكەیشنی( kurdvac).

وەزارەتەكە جەخت لەوەدەكاتەوە، هاوڵاتیان بەبێ تۆماركردنی زانیاری پێشوەختە و بێ گەڕانەوەی نامەی ڕۆژ و ڕێكەوت و شوێنی وەرگرتنی ڤاكسین، سەردانی ناوەندەكانی ڤاكسین نەكەن، تا ئەو كاتەی لەڕێگەی ژمارەی مۆبایل، نامەیان بۆ دەڕوات و ئاگاداردەكرێنەوە.

باس لەوەشدەكات، بەدەر لە سیستمی نۆرە، سەنتەرەكان بەرپرس نین لە وەرنەگرتنی ڤاكسین و دروستبوونی قەرەباڵغی لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم دڵنیایی دەدات لەوەی، هەموو سەنتەرەكانی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینیان ئاگاداركردوەتەوە، كە نابێت بەدەر لە ڕێنماییەكانی خۆتۆماركردنی پێشوەختە، نۆرەی ڤاكسین بدرێت بەهیچ كەسێك.

پێشتر هەرچەندە بەرپرسانی تەندروستی داوایان لە هاوڵاتیان دەكرد ڤاكسین وەربگرن، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان بەدەم ئەو داوایەوە نەدەچوون.

ئێستاو دوای هەڵكشانی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا داواكاری هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیادیكردووە، بەجۆرێك لە زۆربەی شارەكان بنكەكانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاكیسن قەرەباڵغییەكی زۆر دروستبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا