پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت “بەردەوامن لە کارکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم و لە ئایندەدا رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن، هیوادارین هاتنی 200 ملیار دینارەكەش لەلایەن بەغداوە بەردەوامی هەبێت”.
ئەمڕۆ چوار شەممە 28ی تەموزی 2021، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بە رێخستنەوەی زیاتری داهاتی ناوخۆ بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی كوردستان، ئەمە كاری لەپێشینەی حكومەتە”.
وتیشی “بڕیاردراوە هەردوو شارۆچكەی سۆران و زاخۆ بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، هاوكات وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەكان راسپێردران بۆ دابینكردنی نەوتی سپی ماڵان”.
وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆبونەوەكەدا وەزیری ناوخۆ داوایكرد هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت بنبڕ بكرێت و لەو چوارچێوەیدا لەكۆبونەوەی داهاتوودا تاوتوێی پرۆژە یاسایەك لەوبارەیەوە دەكەن.
لەبارەی دۆخی كۆرۆنا باسی لەوەكرد، ژمارەی توشبوون لەهەڵكشاندایە و پێویستە هەموو كارمەندانی گشتی و تایبەت پابەندبن بە بەستنی ماسك، وەك هەرێمیش ئێستا نزیكەی 400 هەزار ڤاكسینیان لەبەردەستە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە بۆ دابینكردنی ڤاكسین بۆ دانیشتوانی هەرێم.